مه‌لا به‌ختيار
601 جار بینراوە 8/7/2019 07:47 AM

پاش يه‌كلاى كردنه‌وه‌ پاڵێوراوانى يه‌كێتى مه‌لا به‌ختيار هاته‌ ده‌نگ به‌توندى



سنور ميديا 

به‌رپرسی‌ ده‌سته‌ی‌ كارگێڕی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان رایگه‌یاند كه‌ دیاریكردنی‌ كاندیده‌كانی‌ حزبه‌كه‌ی‌ بۆ كابینه‌ی‌ نوێی‌ حكومه‌ت به‌وشێوه‌یه‌ی‌ ئێستا كێشه‌یه‌كی ئاڵۆزی تری‌ بۆ یه‌كێتی زیادكرد.

 

مه‌لا به‌ختیار به‌رپرسی‌ ده‌سته‌ی‌ كارگێڕی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان له‌ په‌یجی‌ تایبه‌تی‌ خۆی‌ له‌ تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ فه‌یسبووك له‌ نووسینێكدا به‌ناوی‌ "بۆ مێژوو..جیاوازی دانانی پشكه‌ كابینه‌ی ئێستا و رابردوو"، رایگه‌یاندووه‌ كه‌ "دوای (9) مانگ بگره‌ و به‌رده‌ی ته‌كه‌توله‌كان، ئاكام له‌ ناو خۆیاندا سازان، دونیایه‌ك قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌م سیناریۆی، ته‌كه‌تولبازیه‌ و خۆپه‌رستیه‌ و پۆست خوازیه‌ هه‌یه‌ بكرێ، با جارێ دوای بخه‌ین".

 

مه‌لا به‌ختیار ده‌ڵێت: "كاتی هاتووه‌ رونی بكه‌مه‌وه‌ كه‌ له‌ دیاریكردنی پشكه‌كانی یه‌كێتی، له‌ ترسی ته‌كه‌توله‌كان و پلانگێره‌كان، له‌ كابینه‌ی پێشوو، به‌نده‌، بنه‌مای هه‌ڵبژاردنی وه‌زیره‌كانم به‌ هه‌ندێك پێوه‌ر، رووبه‌ڕووی مه‌ڵبه‌ندی هه‌ر پێنج پارێزگاكانی كوردستان كرده‌وه‌".

 

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ "هه‌ر مه‌ڵبه‌ندێكیان، كاندیدی خۆیان هه‌ڵبژارد و هه‌موویانمان نارد بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و په‌سه‌ندكران، هه‌تا ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی دوایی، ته‌كه‌توله‌كان ده‌یانووت: مه‌لا به‌ختیار وه‌زیره‌كانی دیاری كردووه‌، كه‌ ئه‌مه‌ راست نه‌بووه‌".

 

ده‌شڵێت: "فه‌رموون، ئه‌وانه‌ی ئه‌و ره‌خنانه‌یان ده‌گرت، دوای (9) مانگ، دیقه‌ت بدرێ، چۆن كاندیده‌كانیان، دیاری كرد؟".



به‌رپرسی‌ ده‌سته‌ی‌ كارگێڕی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌ نووسیویه‌تی‌: "له‌ مێژووی دوای راپه‌ڕینه‌وه‌، هه‌رگیز به‌م شێوه‌یه‌ پشكه‌ كابینه‌ی یه‌كێتی دیاری نه‌كراوه‌".

 

ئه‌وه‌شی‌ خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ "دیاره‌ هه‌ڵبژاردنی پشكه‌كان، به‌ پێوه‌ره‌كانی ده‌سته‌گه‌ری، عاقیبه‌تی باش نابێ. كێشه‌یه‌كی ئاڵۆزی تر بۆ یه‌كێتی زیادكرا".

 

ئاشكراشیكردووه‌ كه‌ "له‌ كۆنگره‌شدا، چۆنیه‌تی هه‌ڵبژاردنی سه‌رجه‌م پۆسته‌كانی عیراق و كوردستان، ده‌بێته‌ به‌شێكی گرنگی باس و خواسی گه‌رمی چواره‌مین كۆنگره‌ (هه‌روه‌ها ئێستاش!). به‌ مه‌رجێ ئه‌گه‌ر كۆنگره‌ش، به‌ ده‌ردی پشك پشكێنه‌ی ته‌كه‌تول و پلانگێڕی نه‌برێ".


مه‌لا به‌ختیار راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ "ئێستا له‌ هه‌موو كاتێك باشتر ده‌ركه‌وت، چاره‌نوسی یه‌كێتی، كه‌وتۆته‌ ده‌ستی ئۆرگانه‌كانی خوار سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسی . به‌ چۆنیه‌تی به‌ستنی چواره‌مین كۆنگره‌شه‌وه‌!!".

 

دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ 7ی‌ ته‌مموزی‌ 2019 كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی جێگری سكرتێری گشتیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان لیستی ناوی‌ كاندیده‌كانی‌ یه‌كێتی‌ راده‌ستی مه‌سرور بارزانی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت كرد.

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure