سنور ميديا
280 جار بینراوە 5/7/2019 03:09 PM

پەكەكە وەڵامی قسەكانی وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێم دەداتەوە



سنور ميديا 

زاگرۆس هیوا وتەبێژی پەیوەندییەكانی كۆما جڤاكێن كوردستان كەجەكە لەڕێگای دەنگی ئەمریكاوە وەڵامی وتەكانی سەفین دزەیی وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەداتەوە، كە رایگەیاندبوو، جموجۆڵ و چالاكییەكانی پەكەكە بوونی ئەو جەكدارانە ڕێگا خۆشكەرن بۆ ئەوەی توركیا بۆردومانی خاكی هەرێمی كوردستان بكات.

 

زاگرۆس هیوا دەڵێت: دەمانەوێت پەیامێك بۆ ڕای گشتی بڵاوبكەینەوە، سەرەتا "دەمەوێت بڵێم لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا شەڕێكی جیهانی مەزن لەئارادایە، لەچوارچێوەی ئەم شەڕەدا دەوڵەتی توركیا هەوڵدەدات باشوور و ڕۆژئاوای كوردستان داگیر بكات، سنوورەكانی خۆی بباتەوە كاتی جەنگی یەكەمی جیهانی، بۆیە سەرەتا ویستی لەڕێگای داعشەوە ئەمە بكات تەنانەت كونسڵی خۆی لەموسڵ چۆڵ نەكرد، بەڵام كە داعش لەسەردەستی كورد و هاوپەیمانان شكستیهێنا ئەمجارە توركیا بۆ خۆی كەوتووەتە شاڵاوی داگیركردنی كوردستان، ئەمە چەواشەكارییەكی مەزنە ئامانجی توركیا ئەوەیە، كە هێزە كوردییەكان لەهەرچوارپارچەی كوردستان لەدژی یەك بەكاربهێنێت یەك بەیەك لەناوییان ببات، بۆیە پێویست دەكات حكومەتی هەرێمی كوردستان بەتایبەت وتەبێژەكەی (سەفین دزەیی) نەكەوێتە ناو ئەو پیلانە چەپەڵەوە لەسەر ناوی گەل و حكومەتی باشوری كوردستان هەمان قسەكانی ئەردۆغان و دەوڵەتی توركیا نەكات، توركیا بەر لە پەكەكە دژی كورد بووە، بۆیە پەكەكە هەم لەباكوور، هەم لەباشوور دژی توركیا دەوەستێتەوە."

 

لەبەشێكی تری قسەكانیدا سەفین دزەیی ئەوەی راگەیاندبوو، هەرێمی كوردستان پەرلەمانی هەڵبژێردراوی خۆی و حكومەتی خۆی هەیە ناكرێت و مەیدانی خەباتی پەكەكە یا هەر هێزێكی تر هەرێمی كوردستان نییە، بەڵكو شوێنی ترە ناكرێت هێزێك لەدەرەوە بێت، كە بۆ ئامڕازێك دروستكرابێت بێتە هەرێمی كوردستان موزایەدەی سیاسی بەسەر ئەو هێزە سیاسییە ڕەسەنانەی هەرێمدا بكات كە، حەفتا ساڵ، پەنجا-چل، سی، ساڵ خەباتیان هەیە، مەیدانی خەباتی پەكەكە هەرێمی كوردستان نیە شوێنی ترە.

 

لەوەڵامی ئەوەدا وتەبێژەكەی كەجەكە، كە باڵی سیاسی پەكەكەیە، دەڵێت: ئەو دوژمنكارییانەی توركیا دەیكات دژ بەكورد هی ئەوەنییە گرێدراوی بونی پەكەكە بێت، بەڵكو ئەوە پێش پەكەكەش هەبووە ئەوە وادەكات لەبەرانبەر ئەو سیاسەتی قڕكردنە ئێمە تێكۆشان بكەین."

 

وتەبێژی حكومەتی هەرێم لەقسەكانیدا باسی لەوەشكردبوو، پێویستە ڕای گشتی چ لەناوخۆ چ لەدەرەوەی كوردستان هەڵوێست وەربگرن، كردەوەكانی پەكەكە لە ڕێگری كردن لەخەڵك بۆ گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان هیچ جیاوازییەكی نیە لەگەڵ حكومەتەكانی ڕابردووی عیراق( بەعس).

 

بەڵام زاگرۆس هیوا ڕەتیدەكاتەوە و دەڵێت: ڕاپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكان و لێبوردنی نێودەوڵەتی دەیسەلمێنێت ئەو هێزەی ڕێگری دەكات لەئاوەدان نەكردنەوەی شنگال، پارتی دیموكراتی كوردستانە، "ئەمەی بۆ شنگال دەوترێت بەهەمان شێوە بۆ شوێنەكانی تریش هەیە پارتی دیموكراتی كوردستان و حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەرانبەر كوشتاری خەڵكی بێ تاوان لەڕێگای فڕۆكەكانی توركیاوە بێدەنگە تەنانەت شەرمنانەش لێدوانێك نادات، پەكەكە هیچ ڕێگرییەك ناكات كەخەڵك بێن گوندەكانیان ئاوەدان بكەنەوە بەڵام ئەو لێدوانانەیە كە پاكانە بۆ حكومەتی توركیا دەكات كە وەرن زۆرتر خەڵكی مەدەنی بكوژن زۆرتر."

 

لەوەڵامی ئەوەی كە سەفین دزەیی ڕایگەیاندبوو، هەرێمی كوردستان حكومەتێك و پەرلەمانێكی هەڵبژێردراوی هەیە بەسەدان قات دیموكراتی تر لە پەكەكە، كە بانگەشەی دیموكراسیەت دەكات، ئەسڵەن ئەوانەی واز لەپەكەكە دەهێنن سەرییان دەبڕن،جا باسی دیموكراسیەت بۆ كێ دەكەن؟ زاگرۆس هیوا دەڵێت: ئەوانە كۆمەڵێك تۆمەت و چەواشەكاری و ڕەشكردنن، كە بەهیچ جۆرێك نەسەلمێنراوە، بەزمانی دەوڵەتی توركیا قسەدەكەن، ئەوە دورە لەڕاستیەوە، هیوادارم پێكەوە هەمووان كێشەكان بە دیالۆگ و گفتوگۆ چارەسەر بكەین بەگیانی نەتەوەیی پێكەوە ڕوبەڕووی مەترسیەكان ببینەوە."

 

هەریەكە لە توركیا و ئەمریكا و یەكێتی ئەوروپا پەكەكە بە ڕێكخراوێكی تیرۆریستی لەقەڵەم دەدەن، پێشتریش كاربەدەستانی توركیا پاساوی بۆردومانەكانیان بەوە هێناوەتەوە بنكە و بارەگاكانی چەكدارانی پەكەكە لەو جێگایانەن و چالاكی سەربازی دژی توركیا ئەنجام دەدەن.

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure