وه‌زارتى پێشمه‌رگه‌
212 جار بینراوە 5/7/2019 08:59 AM

وەزارەتی پێشمەرگە وه‌ڵامى هاوپەیمانی نەسر ده‌داته‌وه‌



سنور ميديا 

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە وەڵامی هاوپەیمانی نەسر رایدەگەیەنێت، هێزەكانی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی جیاوازییان هەیە.


جەبار یاوەر مەندە ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت: "هێزەكانی پێشمەرگە بەپێی چوار یاسا و دوو ماددەی دەستووری و لەچوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم كاردەكەن".
جەبار یاوەر سەبارەت بە رێكخستنەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی و بەستنەوەیان بە سوپای عێراق و تێكەڵكردنییان لەگەڵ ئەم سوپایە و بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ رایگەیاندووە، "هێزەكانی حەشدی شەعبی و هێزەكانی پێشمەرگە جیاوازن، هێزەكانی حەشدی شەعبی لەساڵی 2014 و بەهۆی فەتوایەكی مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق بەڕێز عەلی سیستانی دروست بوو دوای ئەوەی داعش هێرشی بۆ سەر عێراق كرد و چەندین ناوچەی خستە ژێر ركێفی خۆی و هەڕەشەی گرتنی شوێنی دیكەشی دەكرد".


فەریق جەبار یاوەر لەدرێژەی قسەكانیدا وتیشی، "هێزی پێشمەرگەی كوردستان هێزێكە دەیان ساڵە دروست بووە، هێزێك نییە لە حاڵەتێكی لەناكاو دروست بووبێت، جگە لەوەی لەساڵی 1992ەوە هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتێكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە كە وەزارەتی پێشمەرگەیە، هاوكات بەپێی چوار یاسا كاردەكات، یاساكانی ژمارە 19، ژمارە 33، یاسای ژمارە 34، یاسای ژمارە 38، جگە لەوەش بەپێی دەستوور هێزی پێشمەرگە هێزێكی شەرعییەو لەساڵی 2005 كە دەستوور دەنگمان بۆدا لەدوو ماددەی یاسایی كە یەكێكیان ماددەی 117یە و دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی شەرعیین".


ئەوەشی خستەڕوو، "هەروەها لە ماددەی 121یش لە دەستووردا هەق بە هەرێمی كوردستان دەدات هێزێكی هەبێت و پاسەوانی لەهەرێم بكات كە هێزی پێشمەرگەی كوردستانە، بۆیە جیاوازیی هەیە لەنێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی حەشدی شەعبی، هێزی پێشمەرگە هێزێكی شەرعییە و لەچوارچێوەی وەزارەتێكی رەسمییە و هەروەها دەستوور رێگەی دروستبوونی پێداوە، بەڵام هێزی حەشدی شەعبی لە حزبە شیعییەكان دروست بوون لەكاتێكی لەناكاو بۆ شەڕی داعش، بۆیە دەبێت لە چوارچێوەی سیستەمی بەرگری بەپێی یاسا رێكبخرێنەوە".


پێشتر و لە پاش سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا مایك پۆمپیۆ بۆ بەغدا ئەوە بڵاوكرایەوە، كە ناوبراو لیستێكی بە ژمارەیەك هێزی چەكداری شیعەكان داوەتە دەست عەبدولمەهدی و نەهێشتنییانی بە پێویست زانیوە و ئەوەش بڵاوكرایەوە گوایە هەڕەشەی كردنە ئامانجیشییان لەلایەن هێزەكانی ئەمریكا دراوەتە گوێی سەرۆكوەزیرانی عێراق.


سەبارەت بەو بڕیارەی عادل عەبدولمەهدی، هاوپەیمانی نەسر كە سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق حەیدەر عەبادی سەرۆكایەتی دەكات باسی لەوەكرد پێویستە ئەو بڕیارەی سەرۆكوەزیران عادل عەبدولمەهدی هێزەكانی پێشمەرگەش بگرێتەوە و لەژێر دەسەڵاتەكانی ناوەنددا كاربكەن، ئەمەش لێدوانی جیای بەرپرسانی هەرێمی كوردستانی لێكەوتەوە.

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure