سنور ميديا
262 جار بینراوە 4/7/2019 08:47 AM

په‌رله‌مانتارێك زانیارى له‌سه‌ر رێككه‌وتنى نهێنى هه‌رێم و به‌غدا ئاشكرا ده‌كات



سنور ميديا 

ئه‌ندامێكى په‌رله‌مانى عێراق ئاشكرایده‌كات "ماوەیەکە لەنێوان هەرێم و بەغدا گفتوگۆیەکی هێمن و بێدەنگ بەڕێوەدەچێت، ده‌شڵێت: "ئامانج لێی رازیبوونی هەرێمە بە تەسلیمکردنی بڕێک نەوت بە بەغدا و هه‌نارده‌كردنى له‌ڕێگه‌ى كۆمپانیاى سۆمۆ-وە".

 

د. رێبوار كەریم، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له‌ هه‌ژمارى تایبه‌تى خۆى له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبوك ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه‌: لەماوەی ساڵانی رابوردوودا، هەرێم و بەغدا، بەهۆی سیاسەتی هەڵەی دوو لایەنەوە له‌سه‌ر پرسى نه‌وت رێكنه‌كه‌وتوون، به‌ڵام ماوەیەکە لەنێوان هەرێم و بەغدا گفتوگۆیەکی هێمن و بێدەنگ بەڕێوەدەچێت. ئامانج لێی رازیبوونی هەرێمە بە تەسلیمکردنی بڕێک نەوت بە بەغدا و فرۆشتنی لەڕێگه‌ی سۆمۆوە.

 

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ڕوو: هەرچەندە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی (۲٠۱۹) بڕی (۲٥٠٠٠٠) دووسەد و پەنجا هەزار بەرمیلی رۆژانەی دیاریکردووە كه‌ هه‌رێم ڕاده‌ستى به‌غداى بكات، بەڵام ئێستا هەرێم لەهەوڵدایە ئەو رێژەیە کەمبکاتەوە بۆ (۱٥٠٠٠٠) سەدوپەنجا هەزار بەرمیلی رۆژانە یان کەمتر.

 

ئاشكراشیكردووه‌: حكومه‌تى هه‌رێم ده‌یه‌وێت له‌دواى رێككه‌وتنى له‌گه‌ڵ به‌غدا ئینجا بڕە نەوتی دیاریکراو بنێرێت، چونكه‌ ئەمەیان ئاسانترە و فشاری کوتلە سیاسییەکانیش لەسەر حکومەتی عیراق کەمدەکاتەوە.

 

به‌وته‌ى ئه‌و ئه‌ندامه‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران: بژارده‌یه‌كى دیكه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم بۆ ڕێككه‌وتن ئه‌وه‌یه‌ کە لەساڵی تازەی (۲٠۲٠)، بەپێی رێککەوتنێکی نوێ بڕێك نەوت تەسلیمی بەغدا بکات. ئەمەیان لەسادەترین مانادا بریتیە لە بێبەشبوونی هەرێم لە بودجەی خۆی بۆ ساڵی (۲٠۱۹) جگە لە موچە".

 

د. رێبوار كەریم رونیشیكردووه‌ته‌وه‌: ئەگەر هەرێم لەگەڵ بەغدا لەسەر هەر یەكێک لەو رێگایانە بۆ چارەسەری دۆسیەی نەوت رێکبکەوێت، مافی ئەوەی نییە هیچ منەتێک بەسەر خەڵکی هەرێمدا بکات، چونکە لانیکەم دوو ئەوەندەی داهاتی ئەو بڕە نەوتەی دەیەوێت تەسلیمی بکات هێشتا بەدەستی هەرێمەوە دەمێنێت، لەگەڵ داهاتی گومرگەکان و ناوخۆ دەتوانێت داهاتێکی باشی پێ دابینبکات بۆ پڕۆژەی خزمەتگوزاری.

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure