سنور ميديا
1174 جار بینراوە 1/7/2019 01:42 PM

ئه‌نجامى كۆبوونه‌وه‌ى پارتى و يه‌كێتى ڕاگه‌يه‌نرا



سنور ميديا 

کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی لە سلێمانی کۆتاییهات و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، کە بیروبۆچوونەکانیان لەبارەی دانانی کەسێک بە پارێزگاری کەرکووک لەیەکەوە نزیکن.

 

دڵشاد شەهاب، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆماندا بە یەک تیم باسی پرسی پارێزگاری کەرکووک و هەماهەنگییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی و ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک و چەند بابەتێکی دیکە کران".

 

دڵشاد شەهاب وتی: "ئەوەی ئەمڕۆ کرا هەنگاونانی رژدی بوون و بیروبۆچوونەکانمان زۆر لەیەکەوە نزیکن و سەبارەت بە دانانی کەسێک بە پارێزگای کەرکووک. هەروەها لەبارەی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک لێکتێگەیشتنی روون هەن".

 

دڵشاد شەهاب وتیشی "دەبێت پارێزگاری کەرکووک کاندیدێکی هاوبەشی یەکێتی و پارتی و لیستی برایەتی و سەرجەم پێکهاتەکانی کەرکووک بێت، لەبەرئەوە هەر رێککەوتنێک لەنێوان یەکێتی و پارتی بکرێت دەبێت رێز لە پێکهاتەکانی دیکەش بگیرێت و بیروبۆچوونەکانیشمان زۆر لەیەوە نزیکن".

 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دڵشاد شەهاب ئاماژەی بەوەدا "هەڵسەنگاندمان بۆ دۆخی ئێستای کەرکووک کرد و ئومێدمان زۆرە کە دۆخی کەرکووک ئاسایی بکرێتەوە و گفتوگۆش لەسەر ناوهێنانی یەکێک لەو بەڕێزانەی کەسایەتی ئەو شارەن و خزمەتی کەرکووکیان کردووە و دەبێت پارێزگاری هەموو پێکهاتە و بیروبۆچوونەکان بێت".

 

هەروەها لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا تەئکیدی لە قسەکانی دڵشاد شەهاب کردەوە و رایگەیاند: "هەموومان دەبێت پەلەبکەین لە پێکهێنانی کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دڵسۆزی خۆمان وەک شەریکێکی هاوبەش دەربڕی بۆ بەشداریکردن لە کابینەی داهاتوودا و تەئکیدمان کردەوە کە دەبێت لە ماوەیەکی کورتدا کابینەی تازە پێکبهێندرێت".

 

وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد: " ئامادەکارییەکانمان لەبارەی پرسی کەرکووک دەستپێکردووە و دەبێت هەموو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانیش دڵنیابکەینەوە کە هەموو کێشەکان چارەسەر بکرێت".

 

ئەمڕۆ لە ئاستی باڵادا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتیی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە، شاندەکەی پارتی پێکهاتبوون لە: مەحموود محەممەد، دڵشاد شەهاب و فرسەت سۆفی و ئومێد سەباح. شاندەکەی یەکێتیش پێکهاتبوون لە: حاکم قادر حەمەجان، لەتیف شێخ عومەر، خالد شوانی و شاڵاو کۆسرەت رەسوول.

 

 

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure