جەلال جەوهەر،
239 جار بینراوە 30/6/2019 09:26 PM

جه‌لال جه‌وهه‌ر له‌سه‌ر دۆخى كه‌ركوك هاته‌ دنگ



سنور ميديا 

جەلال جەوهەر، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت؛ ئەگەر یەكێتی و پارتی لەسەر دانانی پارێزگارێكیش بۆ كەركوك رێكبكەون، ئیدارەدانی ئەو پارێزگایەیان بۆ ئاسان نابێت، چونكە باڵانسی هێز لەپارێزگاكە بەشێوەیەك گۆڕاوە وەك جیاوازی نێوان ژمارە سفر و ژمارە سەد وایە.

 

جەلال جەوهەر، لەوتوێژێكدا لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا، كە ئەمڕۆ یەكشەممە، بڵاوكراوەتەوە، پێیوایه‌ كه‌ركوك له‌ ئێستادا ناوچه‌یه‌كى سه‌ربازییه‌، پارێزگار ناتوانێت له‌سایه‌ى ئه‌و هه‌مو هێزه‌دا پارێزگاكه‌ به‌باشى به‌ڕێوه‌ببات.

 

ئەو ئەندامەی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان ئاماژه‌ی بەوە كردوە، ئەگه‌ر یه‌كێتى و پارتى له‌سه‌ر دانانى پارێزگارێك بۆ كه‌ركوك رێكبكه‌ون، ئیداره‌دانى ئه‌و پارێزگایه‌یان بۆ ئاسان نابێت، چونكه‌ باڵانسى هێز گۆڕاوه‌.

 

وتوشیەتی"باڵانسى هێز له‌كه‌ركوك به‌شێوه‌یه‌ك گۆڕاوه‌، وه‌كو جیاوازى نێوان ژماره‌ سفر و ژمارە سه‌د وایه‌، حكومه‌تى عێراق له‌به‌ر خاترى پارێزگارێكى كورد، باڵانسى هێز تێك نادات."

 

ئەوەشی خستۆتەڕو"له‌چوارچێوه‌ى ئه‌م دۆخه‌ ئه‌منیه‌، سه‌ربازیه‌دا، پارێزگار هیچى پێ ناكرێت و ره‌نگه‌ توشى عه‌یبداریش بێت."

 

له‌به‌شێكى ترى قسه‌كانیدا جه‌لال جه‌وهه‌ر بڕوای وایە، كه‌ركوك پێویستى به‌ هێوركردنه‌وه‌ى دۆخى ئه‌منى و بردنه‌ ده‌ره‌وه‌ى هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانى هه‌یه‌، به‌شێوه‌یه‌ك هێزه‌ چه‌كداره‌كانى خه‌ڵكى ناوچه‌كه‌ بن و ره‌زامه‌ندى هه‌رێم و به‌غدایان له‌سه‌ر بێت.

 

وتوشیەتی"به‌پێى ده‌ستور، هه‌رێم و به‌غدا له‌م قۆناغه‌دا، هه‌ردولایان مافى حوكمڕانێتى كه‌ركوكیان هه‌یه‌، بۆیه‌ ئیداره‌یه‌كى هاوبه‌ش چاره‌سه‌ره‌."

 

وتیشى"كه‌ركوك ده‌بێت به‌شه‌راكه‌تى ڕاسته‌قینه‌ له‌نێوان پێكهاته‌كاندا به‌ڕێوه‌ببرێت."

 

به‌رپرسه‌كه‌ى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان، پێیوایه‌ ململانێى نێوان یه‌كێتى و پارتى، نه‌ خزمه‌تى كورد و نه‌خزمه‌تى كه‌ركوكیشى كردوه‌، وتوشیەتی"ململانێى نێوان ئه‌و دو حیزبه‌ بوه‌ هۆى له‌ده‌ستدانى به‌شێكى زۆر له‌ وڵاته‌كه‌مان به‌كه‌ركوك و ناوچه‌ كێشه ‌له‌سه‌ره‌كانه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌م ململانێیه‌، خزمه‌تى هیچكام له‌و دو حیزبه‌كه‌ى نه‌كرد، به‌ زیانى كورد و ئه‌و ناوچانه‌ش شكایه‌وه‌."

 

جه‌لال جه‌وهه‌ر، بونى پرۆژه‌یه‌كى سیاسى نیشتیمانى به‌گرنگ زانیوە، به‌جۆرێك هه‌مو هێزه‌كان له‌ده‌ورى ئه‌و پرۆژه‌یه‌ چى له‌ناوخۆى هه‌رێم و چى له‌به‌غداش كۆببنه‌وه‌.

 

به‌رپرسه‌كه‌ى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ڕه‌خنه‌شى له‌حكومه‌تى عێراق گرتوە به‌وه‌ى ده‌مێكه‌ خۆى له‌سه‌رژمێرى و یاساى نه‌وت و گاز ده‌دزێته‌وه‌، وتى"به‌ڵگه‌م نییه‌، به‌ڵام وا تێده‌گه‌م خۆدزینه‌وه‌ى عێراق له‌ رابردودا له‌سه‌رژمێرى بۆ گۆڕینى دیموگرافیا بێت، ئیتر له‌سه‌ر ئاستى عێراق بێت یاخود بۆ گۆڕینى دیمۆگرافیاى كه‌ركوك و خانه‌قین و شه‌نگال بێت."

 

جه‌لال جه‌وهه‌ر جه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردۆته‌وه‌ كه‌ كه‌ركوك بوه‌ته‌ كێشه‌یه‌كى گه‌وره‌ چى له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا، چى له‌نێوان پێكهاته‌كانى شاره‌كه‌شداو وتوشیەتی"كه‌ركوك قوڵاییەكی ئیقلیمى و نێو ده‌وڵه‌تیشى وه‌رگرتوه‌، بۆیه‌ هه‌مو لایه‌ك له‌خه‌تن، هه‌مو لاكانیش به‌ توركیا و ئێران و وڵاتانى ئیسلامیشه‌وه‌ خۆیان به‌ خاوه‌نى ده‌زانن."

 

به‌پێى وته‌ى ئه‌ندامه‌كه‌ى خانه‌ى راپه‌ڕاندنى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان، ئیشكردن له‌سه‌ر كه‌ركوك بۆ وڵاتان ئاسانه‌، چونكه‌ باڵیۆزخانه‌ و كونسوڵخانه‌ و نوێنه‌رایه‌تیان له‌ عێراق هه‌یه‌.

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure