سنور ميديا
115 جار بینراوە 23/6/2019 06:51 PM

هەڕەشە لەباوكی ئەو منداڵە دەكرێت كەدەستدرێژی كرایەسەر



سنور ميديا 

باوكی ئەو كچەی‌ لە ماوەی‌ رابردوودا لەهەولێر دەستدرێژیی كرابووە سەر رایگەیاند: ژیانی منداڵەكەی لە مەترسیدایەو تاوانبارەكان جارێكی دیكە هاتوونەتە سەرمان بۆ ئەوەی منداڵەكە بڕفێنن.

 

لوقمان ئیسماعیل باوكی ئەو كچە 8 ساڵانەیەی لە شاری هەولێر دەستدرێژی كرایەسەری لەلێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسان لەبەردەم ئەنجومەنی دادوەری لە هەولێر رایگەیاند: پۆلیسی گەڕەكی راستی وازمان لێناهێنن، چەندینجار هاتونەتە سەر ماڵمان كە سكاڵاكە بكێشینەوە، چەند بەرپرسێك لە پشت ئەو بابەتەوەن، عەقیدو عەمیدی پۆلیس لەناو بابەتەكەن و بەرپرسی پلە بەرزتریش لە پشت ئەوانن.

 

ئەوەشی ئاشكراكرد: بەتەلەفۆن پێیانوتم سكاڵا تۆمار نەكەیت، چونكە دەستگیریش بكرێن ئازاد دەكرێن و لەو بابەتە بكشێیتەوە باشترە، منیش وتم رۆحم لەسەری دابنێم ناكشێمەوە، كچەكەم ئەشكەنجەدراوە، تۆمەتبارەكانیش دانیان بە تاوانەكەدا ناوە، ئێستا چۆن دەبێت بەزۆر ئێمە بڵێین ئەوان ئەو تاوانەیان ئەنجام نەداوە، بۆیە داوا لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم و دەسەڵاتی دادوەری دەكەم بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ تۆمەتباراندا بكرێت.

 

باوكی كچەكە ئەوەشی خستەڕوو: بەڕێوەبەری قوتابخانەكە دەڵێت جگە لە كچەكەی تۆ، ئەو كەسانە دەستدرێژییان كردوەتەسەر چەند منداڵێكی دیكەو پۆلیسمان ئاگاداركردوەتەوە، بەڵام وەڵاممان نەدراوەتەوە.

 

هاوكات ئاسۆ هاشم، یاساناس كە لەگەڵ باوكی منداڵەكە ئامادەبوو، رایگەیاند: وەكو پارێزەران و چالاكوانان زۆر بەوردی چاومان لەسەر دۆسیەكەیە، بۆ ئەوەی وەكو خۆی جێبەجێبكرێت، ئەو ماددەیەی كە ئەو كەسانەی پێ تۆمەتباركراون، ماددەی 393ە لەیاسای سزادانی عیراقی و بەهیچ جۆرێك كەفالەت نایانگرێتەوە. وتیشی: خۆمان بەپارێزەری ئەو منداڵە دەزانین تا دۆسیەكەی یەكلادەبێتەوە چاودێری دۆسیەكەی دەكەین، لەڕووی یاساییەوە ئەو كەسانە تاوانەكەیان بە تاوانی گەورە دادەنرێت، تەنانەت سزای لەسێدارەدانیشی تێدایە، چونكە منداڵەكە تەمەنی 7 ساڵانە.

 

لای خۆشیەوە شەهرام میر حاج وتەبێژی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستان لە پرێس كۆنفرانسێكدا رایگەیاند: تۆمەتبارەكان دەستگیركراونەتەوەو لێكۆڵینەوەی زیاتر لەو بابەتە دەكرێت.

 

رۆژی 14-4-2019 سێ گەنج بە تۆمەتی ئەنجامدانی دەستدرێژیی سێكسی بۆ سەر منداڵێكی تەمەن حەوت ساڵ لە هەولێر دەستگیركران، ژنێكیش كە زڕدایكی كچەكە بوو، بەتۆمەتی هاوكاریكردنیان دەستگیركرابوو، بەڵام بە فەرمانی دادوەر لە رۆژی 17ـی 6ـی 2019 بە كەفالەتی 30 ملیۆن دینار لەزیندان هاتوونەتە دەرەوە.

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure