گۆڕان
303 جار بینراوە 20/6/2019 01:19 AM

سێ په‌رله‌مانتارى گۆڕان دژى به‌يانه‌كه‌ى ئه‌مڕۆى گۆڕان ده‌وه‌ستنه‌وه‌



سنور ميديا 

سێ په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی گۆڕان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق دژی روونكردنه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی بزووتنه‌وه‌كه‌یان راگه‌یه‌ندراوێكیان بڵاوكرده‌وه‌و رایانگه‌یاند، بە بێ هیچ دودڵەیەک لەو هەوڵانەیان دژی سیاسه‌تی نه‌وتی هه‌رێم و نا شه‌فافیه‌ت بەردەوام دەبن.

له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كی هه‌رسێ په‌رله‌مانتار هۆشیار عه‌بدوڵا، كاوه‌ محه‌مه‌د، غالب محه‌مه‌د، ئه‌ندامانی فراكسیۆنی گۆڕان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق هاتووه‌: روونکردنەوەکەی ئەمڕۆی بزووتنەوەی گۆڕان، وەک ناوەرۆک و وەک نەفەس، رێک پێچەوانەی دید و دنیابینی بزووتنەوەی گۆڕان بوو"؟.

 

ده‌شڵێن: "ئەو دۆسێیانەیش کە قسەی لەسەر کردبوون، تەواو پەیوەستن بە ئێمەی پەرلەمانتارانی بەغدا کە بەردەوام و بەتایبەتیش لەم ماوانەی دواییدا کار و قسەی جدیمان لەسەر کردوون، پێشتر هاوڕێمان هۆشیار عەبدوڵا لەوبارەیەوە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە، بەڵام بەپێویستمانزانی لێرەوە بە تەواوی گۆڕانخوازان و رایگشتی رابگەیەنین کە ئەم روونکردنەوەیە تەعبیر لەرای هەرسێکمان (هۆشیار عەبدوڵا، د. غالب محەمەد و کاوە محەمەد) دەکات و هەموو لایەکیش لەبەردەوامبوونمان لەسەر ئەو رێگەیە دڵنیا دەکەینەوە".

 

ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ ئه‌وه‌شیان روونكردووه‌ته‌وه‌: بزوتنەوەی گۆڕان لە دامەزراندنیەوە دژی ناشەفافیەت و بەهەدەردانی سامانی هەرێمی کوردستان بوە و هەرگیز لە سیاسەتی نەوتی هەرێم کە پڕیەتی لە تاڵان و بڕۆ رازی نەبوە و بەردەوامیش داوای گۆڕینی ریشەیی تیاداکردوە.

 

وه‌ك ئاماژه‌یان پێداوه‌ كه‌ نه‌وت سامانێکی سروشتی و موڵکی خەڵکی کوردستانە، دەبێت داهاتەکەشی بۆ خەڵکی کوردستان بێت، "هەر داکۆکیەک لە سیاسەتی نەوتی هەرێمی کوردستان بەم شێوازەی ئێستای لە دیدی ئێمەدا تاوانێکی نیشیمانی گەورەیە"، ئه‌و سێ په‌رله‌مانتاره‌ وایان وت.

 

ئه‌وه‌شیان روونكردووه‌ته‌وه‌: "هەڵبەتە لە بەغدا ئێمە داکۆکی لە مافی دەستووری هەرێم دەکەین لە بواری نەوت و وزە و چۆنێتی دابەشکردنی داهات لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئیتیحادی بە شێوەیەک لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستاندا بێت، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نیە بێدەنگ بین لەوەی لە ناوخۆی هەرێمدا خراپ مامەڵەی پێوەبکرێت".

 

روونكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و سێ په‌رله‌مانتاره‌ له‌ وه‌ڵامی‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕاندا هات كه‌ رایگه‌یاندبوو "هه‌ر ره‌خنه‌یه‌ك له‌لایه‌ن هه‌ڵسوڕاوانی حزبی و حكومه‌ت و په‌رله‌مانه‌وه‌ بگیرێ به‌ ناڕه‌وا بۆ مه‌رام و به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سێتی، به‌ زمانێكی ناشایسته‌ و ناشارستانی ئاراسته‌ی كه‌س و لایه‌ن و ده‌سه‌ڵاتدارانی عیراق و هه‌رێم بكرێ، گوزارشت له‌ سیاسه‌ت و به‌رنامه‌ی بزوتنه‌وه‌كه‌ ناكات و ره‌تیده‌كاته‌وه‌ و تا ده‌ركردنی یاسای نه‌وت و غاز و ده‌ركردنی یاسای ده‌سته‌ی گشتی چاودێریكردنی داهاته‌ ته‌رخانكراوه‌كانی فیدڕاڵی، مافی ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستانه‌ نه‌وت و غاز به‌رهه‌م بهێنێ و ئیداره‌ی سامانه‌ سروشتیه‌كانی هه‌رێم بكات".

 

ده‌قی روونكردنه‌وه‌ی هه‌رسێ په‌رله‌مانتار هۆشیار عه‌بدوڵا، د. غالب محه‌مه‌د، كاوه‌ محه‌مه‌د:

رونکردنەوەیەکی پێویست

بزوتنەوەی گۆڕان لە دامەزراندنیەوە دژی ناشەفافیەت و بەهەدەردانی سامانی هەرێمی کوردستان بوە و هەرگیز لە سیاسەتی نەوتی هەرێم کە پڕیەتی لە تاڵان و بڕۆ رازی نەبوە و بەردەوامیش داوای گۆرینی ریشەیی تێداکردوە.

 

نەوت ؛ سامانێکی سروشتی و موڵکی خەڵکی کوردستانە. دەبێ داهاتەکەشی بۆ خەڵکی کوردستان بێت،هەر داکۆکیەک لە سیاسەتی نەوتی هەرێمی کوردستان بەم شیوازەی ئێستای لە دیدی ئێمەدا تاوانێکی نیشیمانیی گەورەیە.

 

هەڵبەتە لە بەغداد ، ئێمە داکۆکی لە مافی دەستوری هەرێم دەکەین لە بواری نەوت و وزە و چۆنێتی دابەشکردنی داهات لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئیتیحادی بە شیوەیەک لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستاندا بێت بەڵام ئەوە مانای ئەوە نیە بێدەنگ بین لەوەی لە ناوخۆی هەرێمدا خراپ مامەلەی پێوەبکرێت.

 

ئێمە جگە لەوەی کە داوامانکردوە کێشەی نەوت بە دەستور و یاسا چارەسەر بکرێ و دوربگیرێ لە رێکەوتنی سیاسیی ژێر بە ژێر شتێکی ترمان نەگوتوە ئیدی ئەم هەمو هاوئاوازیە لەگەڵ مافیاکانی نەوت بۆ ؟!

 

ئەوانەی دژی ئەجێندای مافیاکانی نەوت دەوەستنەوە خەریکی خۆنواندن و موزایەدە نین بەڵکو ملیان لە چەقۆ دەسون و موجازەفە بە ژیانی خۆیان و ماڵ و منداڵیانەوە دەکەن ئەوەش تەنها لە پێناوی گوتنی راستیەکاندا،چونکە لە ئێستادا و لەم سەردەمە تاریکەی هەرێمدا هیچ شتێک لەوە ئاسانتر نیە بێدەنگ بیت و دەست بەکڵاوەکەتەوە بگری با نەیبات، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان لەدایکبو بۆ ئەوەی کۆتایی بە بێدەنگی بهێنێت و دەبێ هەرواش بمێنیتەوە.

 

لێرەوە سەرلەبەری ئەو نەفەسە رەتدەکەینەوە کە رونکردنەوەکەی ئەمڕۆ(چوارشەممە)ی بزوتنەوەی گۆڕانی پێنوسراوە ، ئەم جۆرە لە پاکانەکردن بۆ سیاسەتی پڕ تاڵانی نەوتی هەرێم بزوتنەوەی گۆڕان بێبەریە لێی جا هەر کەسێک لە هەر ئاستێکی بزوتنەوەکەدا نوسیبێتی.

 

چاوەرێبوین و (بریاریش وابو)! کە گۆڕان بە رونکردنەوەیەک پشتیوانی هەوڵەکانمان بێت نەک بە کۆمەلێک قسەی لاستیکی داکۆکی لە سیاسەتی نەوتی هەرێم بکات و هیچ ئاماژه‌یەک بەو هەمو تاڵانی و تاوانە نەدات کە بە نەوت و داهاتەکەیەوە دژی خەڵکی کوردستان کراوە و دەکرێت.

 

هەرکەسێک بگەرێتەوە بۆ ئەرشیفی بزوتنەوەی گۆڕان، بەرنامە سیاسیەکەی، ئامانجەکانی، میدیاکەی دەزانێت کە ئەوەی ئێمە دەیکەین و دەیڵێن سیاسەتی راستەقینەی گۆڕانە، هەربۆیە بە بێ هیچ دودڵەیەک لەو هەوڵانەمان بەردەوام دەبین.

لەگەڵ رێزدا
کاوە محەمەد
د.غالب محەمەد
هۆشیار عەبدوڵا

19ی حوزەیرانی 2019

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure