بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان
218 جار بینراوە 19/6/2019 04:27 PM

گۆڕان هەڵوێستی لەسەر هەناردەی نەوت لەلایەن هەرێمەوە ڕاگەیاند



سنور ميديا 

بزووتنەوەی گۆڕان دەربارەی چەند پرسێك ڕوونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، تا دەركردنی یاسای نەوت و غاز لە عیراق، هەرێمی كوردستان مافی خۆیەتی بەشێوەیەكی شەفاف نەوت دەربهێنێت.

 

بزووتنەوەی گۆڕان لە ڕوونكردنەوەكەدا ئاماژەی بەوەكردووە، بزوتنەوەی گۆڕان، وەك هێزێكی سیاسی مەدەنی رەخنەگر دروست بووە، و واشدەمێنێ و دەشڵێت: "هەر ڕەخنەیەكیش لەلایەن هەڵسوڕاوانی حیزبی و حكومەت و پەڕلەمانەوە بگیرێ بە ناڕەوا بۆ مەرام و بەرژەوەندی كەسێتی، بۆ خۆنواندن و خۆدەرخستن ڕەتی دەكەینەوە".

 

ئاماژەی بەوەشكردووە، سەبارەت بە كێشەو پرسی نەوت و غاز، مادەی (140)، بودجەی ساڵانە و پێشمەرگە، كە هەموویان پرسی نیشتیمانین، و نابێ بكرێ بە بابەتی موزایەدە لەنێوان لایەنەكانی هەرێم، دەبێ بە رێكاری دەستوری و یاسایی چارەسەر بكرێ لەنێوان هەرێم و بەغدا.

 

ڕاشیگەیاندووە، "تا دەركردنی یاسای نەوت و غاز لە عیراق مافی دەستوری هەرێمی كوردستانە نەوت و غاز بەرهەم بهێنێ و ئیدارەی سامانە سروشتیەكانی هەرێم بكات، بەڵام جەخت لەوە دەكەینەوە، كە دەبێ ئەو داهاتانە شەفاف بێت و لەژێر چاودێری پەڕلەمانی كوردستان و بە بڕیاری حكومەتی هەرێم بۆ بەرژەوەندی هاونیشتیمانیانی كوردستان سەرف بكرێ".

 

دەقی‌ ڕوونكردنەوەكە:


بزوتنەوەی گۆڕان، وەك هێزێكی سیاسی مەدەنی رەخنەگر دروست بووە، و واشدەمێنێ، هەر لەگەل دەسپێكی كاری سیاسی و راگەیاندنی ئەم بزوتنەوەیەدا، دروشمی (رەخنە بە زمانی گوڵ) ی هەڵگرت.

 

هەر لەبەر ئەوەیە، كە رەخنەگرتن بە زمانی گوڵ بابەتێكی حەیاتیە بۆ بزوتنەوەی گۆران، بۆ ئەوەی هەمیشە بە شێوازێكی شارستانی لە دژی كارە نا دەستوری و نایاساییەكان، و لە دژی هەموو شێوازەكانی گەندەڵی خەبات بكات و بوەستێتەوە.

 

بۆیە بزوتنەوەی گۆڕان بەهەموو توانای پشتگیری لە سەرجەم ئەو رەخنانە دەكات، كە لە پێناو بەرژەوەندی گشتی دەگیرێ، و بە زمانی گوڵ و بە شێوازی شارستانی ئاراستەی دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێم دەكرێت.

 

هەر رەخنەیەكیش لەلایەن هەڵسوڕاوانی حیزبی و حكومەت و پەرلەمانەوە بگیرێ بە ناڕەوا بۆ مەرام و بەرژەوەندی كەسێتی، بۆ خۆنواندن و خۆدەرخستن ، و بە زمانێكی ناشایستە و ناشارستانی ئاراستەی كەس و لایەن و دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێم بكرێ، گوزارشت لە سیاسەت و بەرنامەی بزوتنەوەی گۆڕان ناكات، بەڵكو رەتیشی دەكاتەوە.

 

سەبارەت بە كێشەو پرسی نەوت و غاز، مادەی (140)، بودجەی ساڵانە و پێشمەرگە، كە هەمویان پرسی نیشتیمانین، و نابێ بكرێ بە بابەتی موزایەدە لەنێوان لایەنەكانی هەرێم، دەبێ بە رێكاری دەستوری و یاسایی چارەسەر بكرێ لەنێوان هەرێم و بەغدا، بەبەشداری و هاوكاری و هەماهەنگی تەواوی لایەنەكانی كوردستان لە بەغدا.

 

بۆ بابەتی نەوت و غازو بودجەی هەرێمیش، بزوتنەوەی گۆڕان جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، كە دەبێ بەرێگای دەستوری یاسایی چارەسەر بكرێ، ئەویش بە دەركردنی یاسای نەوت و غاز و دەركردنی یاسای دەستەی گشتی چاودێریكردنی داهاتە تەرخانكراوەكانی فیدڕاڵی بەپێی (مادەی 106ی دەستوری هەمیشەیی عێراق) و دروستكردنی ئەو دەستەیە بە زوترین كات، كە چوار دەساڵە دەسەڵاتدارانی عێراق بەگشتی خۆیان لە دەركردنی ئەو یاسایانە ئەدزنەوە، كە دەركردنی ئەو یاسایانە و دروستكردنی ئەو دەستەیە تەنیا زامنە بۆ ئەوەی جارێكی تر بودجەی هەرێم و موچەی فەرمانبەران بدرێ، و نەوتیش بە گشتی بخرێتە خزمەتی هاوڵاتیان لە عێراق و هەرێم .

 

تا دەركردنی ئەم یاسایەش مافی دەستوری هەرێمی كوردستانە نەوت و غاز بەرهەم بهێنێ و ئیدارەی سامانە سروشتیەكانی هەرێم بكات، بەڵام جەخت لەوە دەكەینەوە كە دەبێ ئەو داهاتانە شەفاف بێت و لەژێر چاودێری پەرلەمانی كوردستان، و بە بڕیاری حكومەتی هەرێم بۆ بەرژەوەندی هاونیشتیمانیانی كوردستان سەرف بكرێ.

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure