ئه‌حمه‌دی‌ حاجی‌ ره‌شید
465 جار بینراوە 16/6/2019 12:30 AM

ئه‌حمه‌دی‌ حاجی‌ ره‌شید راگه‌یه‌ندراوێكی‌ ئاراسته‌ی‌ رای گشتی كوردستانیان كرد



سنور ميديا 

ئه‌حمه‌دی‌ حاجی‌ ره‌شید ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی و ئابووری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق رایگه‌یاند كه‌ به‌ دوو یاداشت سه‌رۆك كۆماری عیراق و سه‌رۆكی حكومه‌تی كاربه‌ڕێكه‌ری هه‌رێم و سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ نوێی‌ له‌و هه‌وڵانه‌ی كه‌ ده‌درێن دژ به‌به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵی كوردستان ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌، جه‌ختیش له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ "هه‌رچی روده‌دات له‌ئه‌ستۆی ئه‌و به‌رپرسانه‌یه‌ كه‌ گوێ ناگرن".

 

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ ئاراسته‌ی‌ رای گشتی كوردستانیانی‌ كردووه‌ ئه‌حمه‌دی‌ حاجی‌ ره‌شید ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی و ئابووری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق رایگه‌یاند كه‌ "دیاره‌ دڵسۆز بون بۆ گه‌ل و نیشتمان به‌قسه‌ی بریقه‌دارو و موزایه‌ده‌ی سیاسی بێمانا ناكرێت و له‌هه‌مانكاتدا په‌رده‌پۆشكردنی هه‌ندێ ڕاستی ده‌چێته‌ خانه‌ی خیانه‌ت له‌و ئه‌مانه‌ته‌ی كه‌ هاوڵاتیانی كورد به‌خشیویانه‌ به‌هێزه‌ سیاسیه‌كان".

 

ئه‌حمه‌دی‌ حاجی‌ ره‌شید نووسیویه‌تی‌: "نزیكه‌ی مانگێك پێش ئێستا هه‌ندێك هه‌واڵ هه‌بوو سه‌باره‌ت به‌ گرفت دروست كردن بۆ هه‌رێمی كوردستان پشكی بوجه‌ و بابه‌تی نه‌وت له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ و ئیقلیم، دوای كۆمه‌ڵێك مشوره‌ت له‌گه‌ڵ هاوڕێكانم له‌ لێژنه‌ی دارایی و سه‌ردانیكردنی سه‌رۆك كۆمار و موناقه‌شه‌ی بابه‌ته‌كان له‌ 2019/5/13 دو یاداشتم نوسی بۆ سه‌رۆك كۆماری عیراق و سه‌رۆكی حكومه‌تی كاربه‌ڕێكه‌ری هه‌رێم و راسته‌وخۆ سه‌رۆك كۆمارم ئاگادار كرده‌وه‌ له‌و هه‌وڵانه‌ی كه‌ ده‌درێن دژ به‌به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵی كوردستانن".

 

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌داوه‌ كه‌ "له‌ڕێگه‌ی راوێژكار هاوژین عومه‌ر یاداشتم راده‌ست سه‌رۆك كۆمار كرد و یاداشتی دوه‌م له‌ رێگه‌ی عه‌بدولستار مه‌جید سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵ ئاراسته‌ی‌ نێچیره‌ڤان بارزانی كرد و بۆ دڵنیابوونیشم وێنه‌یه‌كیم نارد بۆ دكتۆر ئامانج ره‌حیم سكرتێری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و وێنه‌ی سێهه‌مم نارد بۆ فارس سلێڤانی به‌رپرسی كاروباری فراكسیۆنی پارتی له‌ به‌غداد بۆ ئه‌وه‌ی بگات به‌ده‌ستی سه‌رۆكی حكومه‌تی نوێ".

 

ئه‌حمه‌دی‌ حاجی‌ ره‌شید ده‌ڵێت: "جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی كوردستان ئاگادار ده‌كه‌مه‌وه‌ هه‌رچی روده‌دات له‌ئه‌ستۆی ئه‌و به‌رپرسانه‌یه‌ كه‌ گوێ ناگرن بۆ دڵسۆزییه‌كانی ئێمه‌".

 

ئه‌وه‌شی‌ خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ "ئه‌و زانیاریانه‌ی ده‌ست ئێمه‌ ده‌كه‌وێت راسته‌وخۆ شوێنی تایبه‌تیان لێئاگادار ده‌كه‌مه‌وه‌ له‌خواش به‌زیاد بێت له‌نێو په‌رله‌مانی فیدراڵدا متمانه‌یه‌كمان هه‌یه‌ كه‌ گوێمان بۆ ده‌گیرێت له‌ زۆرێك له‌ فراكسیۆنه‌كان".

 

ئه‌و ئه‌ندامه‌ كورده‌ی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ "له‌ ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوودا له‌ كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی دارایی له‌گه‌ڵ وه‌زیری دارایی راپۆرتێك ئاماده‌كراوه‌ و ئه‌مڕۆش بڕیاری پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی فراوان درا كه‌ئه‌ندامانی (چوار) لیژنه‌ له‌ خۆ ده‌گرێت بۆ بابه‌تی ئه‌و سكاڵایه‌ی كه‌ عیراق تۆماری كردووه‌ له‌سه‌ر توركیا كه‌ من له‌ خاڵی یه‌كه‌می یاداشته‌كه‌م ئاماژه‌م پێداوه‌".

 

ئه‌حمه‌دی‌ حاجی‌ ره‌شید ئاشكراشیكردووه‌ كه‌ "له‌ماوه‌ی داهاتوودا به‌ به‌ڵگه‌ به‌ڵگه‌نامه‌كان ده‌خه‌مه‌رشوو كه‌ ئه‌و سكاڵایه‌ له‌چی پێكهاتووه‌ و چ گرفتیك دروست ده‌كات".

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure