گۆڕان
2902 جار بینراوە 15/6/2019 12:48 AM

پارتى ناوى ئه‌و به‌رپرسه‌ى گۆڕان ئاشكرا ده‌كات كه‌ هه‌وڵ بۆ تێكدانى گۆڕان و پارتى ده‌كات



سنور ميديا 

په‌رله‌مانتارێكی پارتی داوای دانبەخۆدا گرتنی ئەندامانی حزبەکەی دەکات لەبەرانبەر رەخنەی چەند پەرلەمانتارو سەرکردەیەکی گۆڕان و دەڵێت: "هەندێک لەوانە کار بۆ تێکدانی پەیوەندی نێوان گۆڕان و پارتی دەکەن، بەڵام پارتی حسابیان بۆ ناکات".

 

شوان كه‌ریم زراری، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ فراكسیۆنی پارتی، له‌ نووسینێكدا كه‌له‌ لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك، هۆشیار عه‌بدوڵا، په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی گۆڕان به‌ كاركردن بۆ تێكدانی په‌یوه‌ندی نێوان پارتی و گۆڕان تۆمه‌تبار ده‌كات و ده‌ڵێت: "هۆشیار عەبدوڵا و زۆرێك لەوانەی لەناو گۆڕاندا دژی رێككەوتنی پارتی و گۆڕان وەستاونەتەوە و هەوڵ بۆ تێكدانی پەیوەندی پارتی و گۆڕان دەدەن، بەهیچ شێوەیەك گۆڕان نین و پەیوەندی ژێر بە ژێریان لەگەڵ باڵێكی یەكێتیدا هەیەو لەلایەن ئەو باڵەوە ئاراستە دەكرێن بۆ تێكدانی پەیوەندی پارتی و گۆڕان و پەیوەندی هەرێم و بەغدا، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەم هەوڵەش سەرناگرێت و سەرەنجام ئەم كارتەش دەسوتێندرێت".

 

ده‌شڵێت: "ئێستا لەناو گۆڕاندا دوو خانە هەیە، خانەی یەكەم: خانەی راپەڕاندنە، ئەم خانەیە پێكهاتووە لەو كارەكتەرانەی كە رەسمی سیاسەتی فەرمی گۆڕان دەكەن و گوزارشت لە خواستی دەنگدەری گۆڕان دەكەن، پارتی مامەڵە لەگەڵ كارەكتەرەكانی ئەم خانەیەدا دەكات".

 

له‌ باره‌ی خانه‌ی دووەمەوە دەڵێت: "خانەی دووەم خانەی هەڵپەڕاندنە، ئەم خانەیە لەو كارەكتەرە سیخوڕانە پێكهاتووە كە لەناو گۆڕاندان و پەیوەندی ژێر بە ژێریان لەگەڵ باڵێكی یەكێتیدا هەیە، ئەم كارەكتەرانە لەناو گۆڕاندا ناخوێندرێنەوەو بەهیچ شێوەیەكیش گوزارشت لە خواستی دەنگدەری گۆڕان ناكەن و پارتیش هیچ حسابێكیان بۆ ناكات".

 

به‌بڕوای په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی پارتی، له‌و حاڵەتەدا پێویستە پارتییه‌كان ئارامیان زیاتر بێت و بە ئاگابن، نەكرێن بەبەشێك لەو هەوڵانەی كە بۆ تێكدانی پەیوەندی پارتی و گۆڕان دەدرێت، ده‌شڵێت: "ئیعتیباریش تەنها بۆ هەڵوێست و بڕیاری كارەكتەرەكانی ئەو خانەیە دابنێین، كە ئەركی چوار ساڵی داهاتووی گۆڕان لە پرۆسەی سیاسی و حكومڕانی كوردستاندا رادەپەڕێنن و پابەندن بە جێ بەجێكردنی رێككەوتنی پارتی و گۆڕانەوە".

 

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ دوێنێ‌ پێنجشه‌ممه‌ 13ی حوزه‌یرانی 2019، هۆشیار عه‌بدوڵا، ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌ فراكسیۆنی گۆڕان، له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ سه‌ركه‌وت شه‌مسه‌دین په‌رله‌مانتاری نه‌وه‌ی‌ نوێ‌ و ئه‌حمه‌د حاجی‌ ره‌شید، په‌رله‌مانتاری كۆمه‌ڵی ئیسلامی سه‌ردانی‌ دادگای‌ فیدڕاڵی عیراقیان كرد بۆ به‌دواداچوون له‌سه‌ر كه‌یسی‌ نه‌وت له‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا و پرسی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، ئه‌مه‌ش نیگه‌رانی پارتی دیموكراتی كوردستانی لێكه‌وته‌وه‌.

 

پێشتریش هۆشیار عه‌بدوڵا له‌ نووسینێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دابوو، كه‌ پێویسته‌ گۆڕان میدیاكه‌ی نه‌باته‌ ناو ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بمێنێته‌وه‌و به‌رده‌وام بێت له‌ ره‌خنه‌گرتنه‌كانی خۆی.

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure