په‌كه‌كه‌ و پارتى
361 جار بینراوە 12/6/2019 01:05 AM

په‌كه‌كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ پارتى ئه‌كات



سنور ميديا

دوڕان کاڵکان هۆشداریی دەدات بە یەکێتی و پارتی و دەشڵێت "ئامادەین پێکەوە لەگەڵتان دژی ئەم داگیرکاری سوپای تورکیا بجەنگین".

 

دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوبەری پەکەکە، ڕەخنەی لە بێدەنگی پارتی و یەکێتی لە بەرامبەر هێرشە داگیرکەرییەکانی سوپای تورکیا کرد و ڕایگەیاندوە "هۆشداری دەدەمە پارتی کە ئەگەر بیەوێت وەک ١٩٩٧ هەوڵبدات لە پشتەوە لە گەریلا بدات، شەڕ ڕوو دەدات".

 

دوران کاڵکان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوبەریی پەکەکە لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تەلەفیزیۆنی میدیا هەبەر رایگەیاندوە "فڕۆکەکانی تورکیا بۆردومانی هێزەکانی پێشمەرگەیان کردوە و لە میدیاکانی باشور و تورکیاش باسی ئەوە کراوە، بەڵامن دەپرسم ئەوە چۆن رویداوە؟، بەدڵنیاییەوە دیارە ڕێگەیان پێیدراوە، ئەگەر (پارتی و دەوڵەتی عێراق) ڕێگەیان نەدابا، دەوڵەتی تورکیا نەیدەتوانی یەک جاریش هێرش بکات، ساڵی ڕابردوو داوای کردبوو کە لە بەرزاییەکان بکەونە ناو باشوری کوردستان، بەڵام خەڵک لە هەندێک دەڤەر ڕێگەیان نەدا، نەیانتوانی بێن، لە هێرشەکانی ئەمجارەش هەروەها دەبێت، پێویستە ئەوە ببینرێت و رێگریان لێبکرێت.


دوڕان کاڵکان ئاماژەی بەوەداوە "هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بە ئامانجی داگیرکارییە و بۆ ئەوەیە لە هەڵبژاردنی ئەستەنوڵ دەنگی زیاتر بە دەست بێنێت و ئەو داگیرکاریی و کۆمەڵکوژیەش لەسەر کوردەکان بۆ راکێشانی دەنگی تورکە رەگەز پەرستەکانی ئیستەبوڵە، تورکیا ئەو مافەی نییە و لە دۆخێکی بێچارەیی دایە، گەنجی تورکیا دەخاتە ناو ئاگر، دەیەوێت کوردستان چۆڵ بکات و لەسەر هێڵێ کۆمەڵکوژیی کورد لە وڵاتی باپیری خۆی ببڕێت و کۆچبەریان بکات، وەک ساڵی ١٩٩٤ لە باکور هەموو گوندەکانی سووتاند و وێرای کردن لە باشوریش ئەوە دەکات".

 

دوران کاڵکان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیشدا وتی "لەبەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا دەنگێک لە حکومەتی باشورەوە نایەت و بەرپرسانی پارتی و یەکێتی هەڵوێستیان نییە، بۆیە هەم ئەو هێزانە هۆشیار دەکەینەوە و هەمیش بانگەوازییان لێدەکەین و هێرشێک و داگیرکارییەک هەیە، ئەوە لەدژی هەموو کوردانە، ئێمە ئامادەین پێکەوە لەدژی ئەو داگیرکارییە بەرخۆدان بکەین و بجەنگین".

 


کاڵکان لە بەردەوامییدا وتەکانیدا ڕەخنەی لە پارتی گرتووە و ڕایگەیاندوە "لەسەر ئەو بنەمایانە چەند قسەیەکمان بۆ پارتی هەیە، ئێمە دەڵێین پارتی لەگەڵ دەوڵەتی تورک لەناو ڕێککەوتنێک دایە و کاتێک دەوڵەتی تورک دەیەوێت چیا بەرزەکان بگرێت، پارتیش دەیەوێت گرد و چیای بەرامبەر ئەوانە لە باشور بگرێت، پارتی دەیەوێت هێڵی گۆشینە، گەوریا بەربزنان، کانی قڕێژ، گردە بڵندەکانی ژوورووی سیدەکان و دەڤەری برادۆست بە پێشمەرگەکانی خۆی بگرێت، ئەگەر دۆخەکە وەها بێت، ئاشکرا دەبێت کە بەو شێوەیە پارتی و دەوڵەتی تورک ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشیان لەدژی گەریلاکانی پەکەکە بەڕێوە دەبەن، ئەگەر قسەکان و ئەو شتانەی دەوترێت ڕاست بێت، ئەوە یارییەکی مەترسیدارە، ئێستا ئەگەر بەڕێوبەری پارتی کەوتبێتە ناو پیلانێک وەک ئەوەی ساڵی ١٩٩٧، با باش بزانێت کە خۆی بە کارێکی مەترسیدارەوە خەریک کردووە، ئەگەر هەوڵبدات ئەو شوێنانەی کە ناویان هات بیگرێت و بە ئامانجی ئەوەی بەرخۆدانی گەریلا و گەل لە بەرامبەر داگیرکاریی تورک لە باشور سنووردار بکات، هەوڵدان بکات، ئەوە بە واتای ئەوەیە کە دەکەوێتە ناو شەڕ، ئەنجامی ئەم هەوڵدانە شەڕ دەبێت، با هەموو کەسێک بزانێت".

 

ئەو ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوبەری پەکەکە وتوشیەتی "ئەگەر پارتی هەوڵبدات وەک ساڵی ٩٧ بکات، ڕێکبکەوێت لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا و لە پشتەوە لەگەریلا بدات، شەڕ دەقەومێت، ئێمە منداڵ نیین، ئەوە ١٢ ساڵە بە ڕێککەوتن لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا و ئەمریکا هەموو بارەگاکانی پەکەکە دەداتە بەر بۆردوومانەوە، بەو هۆیەوە ١٠٠ گەنجی کوردیان دا بەکوشت، تۆ دەڵێی جوگرافیای کوردستان و مرۆڤی کورد گوێنی خەسڵن دەوڵەتی تورک چێی دەوێت با بۆردوومانی بکات، شتێکی وەها چون دەبێت؟ بۆیە با رای گشتیی و بەتایبەت ڕای گشتی کوردستان بزانن، دوایی کەس ئێمە تۆمەتبار و تاوانبار نەکات، پارتی ئەگەر لە بارەگاکانی خۆی کە هەیەتی، بێتە دەرەوە و بەرەو مەیدانەکانی گەریلا و بەرەو هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بکەوێتە ناو جموجوڵ، ئەوە دەبێتە شەڕ لەدژی گەریلا، لە بەرامبەر ئەوشدا بێگومان وەڵامی گەریلا شەڕ دەبێت، ئێمە وەها تێدەگەین و وەهاش دەجۆڵێنەوە، جگە لەمە ڕێگەیەکمان نییە، نامانەوێت شتێک وەها ڕووبدات".

 

دوران کاڵکان ئەوەشی وت "وەرن با پێکەوە لەدژی داگیرکاریی شەر بکەین، ئێمە گوندەکان دەپارێزین، با گوندییەکان برادۆست لەسەرخاکی خۆیان بە ئازادیی بژین، بە سەربەستی کشتوکاڵی خۆیان بکەن، دەیانوت پەکەکە گوندییەکان لە گوندەکان دەردەکات، ئەمە ڕاست نییە، بە پێچەوانە دەیانپارێزین، گەریلا هێزێکی پاراستنە بۆ گوندییەکان، ئەگەر ببنە هاوبەشی دەوڵەتی تورک لە سووتاندنی و شێواندنی گوندەکان، دەبنە هاوبەشی تاوانەکانی دەوڵەتی تورک، پێویستە وەها نەبێت، بە ئاشکرا هۆشداریی دەدەینە پارتی، و بە ڕوونی دەڵێین کە نامانەوەێت وەها بێت، ئێمە بۆ تێکۆشانی هاوبەش ئامادەین، ئێمە بێگومان دژی شەڕی ناوخۆیی و شەڕی براکوژین، بەڵام ئەگەر وەکو جاشەکانی باکوری کوردستان بکەونە پێش دەوڵەتی فاشیست و کۆمەڵکوژکەری تورک کە شارەکانی باکوری سووتاند و وێرانی کردن، عەفرینی وێران کرد، ئێستا دەیەوێت سیدەکان بسووتێنێت و وێرانی بکات، ئەو کاتە با ئەو هێزە بەخۆیدا بچێتەوە و بزانێت کەوتوەتە چ حاڵێک، لەبەرامبەر هێزێکی وەها هەر شەڕ دەبێت، دۆخێکی وەها شەڕ لەگەڵ خۆی دێنێت، با کەس نەکەوێتە دۆخێکی وەها، با ئاگادار و هۆشیار بن، بانگەوازیی ئێمە لە بەرامبەر داگیرکاری بەرخۆدانی هاوبەشە".

 

زۆرترین خوێندراوە

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure