قوباد تاڵەبانی
308 جار بینراوە 11/6/2019 07:41 PM

قوباد تاڵه‌بانى له‌سه‌ر ته‌قه‌كردن له‌ گرده‌كه‌ هاته‌ ده‌نگ



سنور ميديا 

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، ڕووداوی‌ ته‌قه‌كردنی‌ شه‌وی‌ ڕابردووی‌ نزیك له‌ مەکۆی سەرەکیی بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان په‌یوه‌ندیی‌ به‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه‌ نه‌بووه‌.

 

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی دەنگۆی تەقەکردن لە مەکۆی سەرەکیی بزوتنەوەی گۆڕان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەردا رایگەیاندووە، "رووداوی تەقەکردنەکەی شەوی رابردووی سەر بزووتنەوەی گۆڕان پەیوەندیی بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە نەبووە و پۆلیسی‌ سلێمانییش لێکۆڵینەوەیان کردووە و راگەیەندراوێک بۆ روونکردنەوەی رووداوەکە بڵاودەکەنەوە".

 

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگه‌یاندووه‌، "شەوی ڕابردوو سەعات 1:30 خولەكی شەو گرژی و ئاڵۆزی كه‌وتووه‌ته‌ نێوان كۆمەڵێك چەكدار و پاسەوان (سكیورتی)ی نەخۆشخانەی ئەنوەر شێخە، كە چەكدارەكان ویستوویانە بەزۆر بچنە ناو نەخۆشخانەكەوە و چەكدارەكان هێرشیان كردووەتە سەر سكیورتیەكان و تەقە دروست بووە لەبەردەم نەخۆشخانەكەدا و دوور لە مەكۆی سەرەكیی بزوتنەوەی گۆڕان، بەهۆیەوە هاووڵاتیی (ڕ ، ف) برینداربووە".

 

راشیگه‌یاندووه‌، "دەستبەجێ‌ هێزەكانی پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەكە و بریندارەكەیان بۆ نەخۆشخانە گواستووەتەوە، بەڵام بەهۆی سەختیی برینەكەیەوە گیانی لە دەستداوە".

 

به‌ڵام بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگه‌یاندووه‌، "‎شه‌وی سێشه‌ممه‌ له‌ ئه‌نجامی هه‌ڕه‌شه‌ی به‌ر‌پرسێکی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان له‌ هه‌ڵسوڕاوان و مه‌کۆی سه‌ره‌کی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌سلێمانی، دوای ئەوە ژماره‌یه‌ك هه‌ڵسوڕاو له‌ گردی زه‌رگه‌ته‌ ده‌که‌ونه‌ به‌ر هێرش و ته‌قه‌ی گروپێکی چه‌کداری به‌ناو سکیوریتی و له‌ ئه‌نجامدا کاکه‌ (رێبه‌ند فه‌رهاد) شه‌هید ده‌بێت و چه‌ند که‌سێک ده‌ستگیر ده‌کرێن و پاش ماوه‌یه‌ك ئازاد ده‌کرێن".

 

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕاندا هاتووه‌، ‎ئه‌م جۆره‌ ره‌فتاره‌ نابه‌رپرسیارانه‌ ئاسایشی ناوچه‌که‌ و شاری سلێمانی تێکده‌دات، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ توندی ئیدانه‌ی ده‌کات و ئۆباڵی هه‌ر روداوێکی نه‌خوازراو ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی ئه‌وانه‌ی که‌ رێز بۆ ئارامی و ئاسایش و ژیان و که‌رامه‌تی هاوڵاتیانی کوردستان دانانێن.

 

‎ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، "بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان داوای لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ کۆی هه‌ڕه‌شه‌ و روداوه‌که‌ ده‌کات. پێویسته‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌کان رێوشوێنی یاسایی بگرنه‌به‌ر بۆ چاره‌سه‌رکردن و رێگه‌گرتن له‌ دوباره‌بونه‌وه‌ی ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌ و روداوانه‌ و پێویسته‌ تۆمه‌تبارانیش سزای یاسای وه‌ربگرن".

 

زۆرترین خوێندراوە

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure