نه‌وه‌ى نوێ
419 جار بینراوە 4/6/2019 04:51 PM

به‌رپرسێكى نه‌ووه‌ى نوێ ده‌ستى له‌كاركێشايه‌وه‌



سنوور ميديا 

بەرپرسی ئۆفیسی ھەڵبژاردنی گرووپی نەوەی نوێ دەستی لەکارکێشایەوە و ڕاگەیاند، "ئەخلاق و ويژدان"ی ڕێگەی پێنادەن چیتر کار لەگەڵ ئەو گرووپە بکات.

 

گمۆ مەحموود، بەرپرسی ئۆفیسی ھەڵبژاردنی گرووپی نەوەی نوێ، لە دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لەناو ڕیزەکانی نه‌وه‌ى نوێ ڕاگەیاند و ھۆکارەکەشی ئاشکرا کرد.

 

دەقی نامەی دەست لەکارکێشانەوەکە:

بۆ⁄ ھاوڕێیانم لە نەوەی نوێ

بابەت⁄ دەستلەکارکێشانەوە

 

وەک ئاگادارن لە ماوەی ڕابردوودا، بە تایبەت لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بەرپرسیاریەتیم لە ئۆفیسی هەڵبژاردن و بەرپرسی زانکۆ و پەیمانگاکانی نەوەی نوێ وەرگرت، ئەخلاقی کارکردنم و ئەزمونی ڕێکخراوەیی و سیاسیم لە پێشوتردا، هانیدام بەوپەڕی خۆنەویستانە و بێ هیچ بەرژەوەندیەکی ئەوتۆ، کاربکەم و پابەندی بنەماو پرەنسیپەکانی جوڵانەوەکە بم.

 

خەونی ئێمە لە ماوەی ٥ ساڵى کارکردنمان لە کۆمەڵگەی مەدەنی و دواتریش لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ بریتیبوو لە: ڕوبەڕوبونەوەی نادادی وگه‌نده‌ڵى، تێکەڵاونه‌كردنی بزنس و سیاسەت و دروستکردنی هێزێک کە بە ڕوئیایەکی نوێوە کاربکات و ڕێز و شکۆ بۆ ئینسان و تاکی کورد بگەڕێنێتەوە، بەڵام بەداخەوە لە دوای پێشکەشکردنی چەندین پڕۆژە بۆراستكردنه‌وه‌ى بارى لارى نه‌وه‌ى نوێ و دەرهێنانی جوڵانەوەکە لە دەستی تاکە کەسێک و بە دامەزراوەیی کردن و گفتوگۆی بەردەوام بۆ دووبارەنەکردنەوەی هەڵە و کەموکورتی هێزە سیاسیەکانی دیکە، نەک هەر هەنگاوێکی کرداری لەو بارەیەوە نەنرا، بەڵکو ڕۆژ بە ڕۆژ گومانەکان دەبوون بە یەقین و کەسە دیارو خۆنەویست و بێ بەرژەوەندیەکانی جوڵانەوەکە ناچار بە وازهێنان دەکران.

 

بۆیە لێرەوە ڕایدەگەیەنم:

 

دەست لەکارکێشانەوەم لە هەردوو بەرپرسیارێتیەکەم (ئۆفیسی هەڵبژاردن و بەرپرسی زانکۆ و پەیمانگاکان) و کۆی کارەکانی ترم لە جوڵانەوەکە راده‌گه‌يه‌نم و وەک چۆن پێشتر ئامادە نەبووم، بۆ لەمەودواش ئەخلاق و ويژدانم ڕێگەم پێنادا لە هێزێکدا کاربکەم کە دەست ببات بۆ ژیانی تایبەتی ئه‌ندامه‌كانى و حزبى سياسى بخاته‌گه‌ڕ له‌پێناو دروستكردنى مرۆڤى بێ ئيراده‌ و گرگن و گوێڕايه‌ڵ، هاوكات هه‌مان هەڵەی هێزە سیاسیەکانی دیکە خراپتر دووبارە بکاتەوە و بڕوای بەو پرەنسیپ و بەهایانە نەبێت کە پێویستە لەهەر هێزێکی مۆدێرن و چاکەخوازدا هه‌بێت.

 

داوای لێبوردنم لە هەموو ئەو دۆست و ئازیزانە هەیە کە له‌ماوه‌ى رابردودا به‌ هيوايه‌كه‌وه‌ له‌و جوڵانه‌وه‌يه‌دا بووين و چيتر به‌جێتانده‌هێڵم، بۆ لەمه‌ودوا، بوێرانەتر و سەربەخۆیانە له‌پێناو چاكه‌و به‌رژه‌وه‌ندى گشتيدا درێژە بە کارو چالاكيه‌ مه‌ده‌نيه‌كانم دەدەم و ئێوه‌ش سه‌ركه‌وتوو بن.

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure