يه‌كێتى وپارتى
114 جار بینراوە 4/6/2019 12:00 PM

پەڕلەمانی كوردستان پەیامێك بۆ یەكێتی و پارتی دەنێرێت



سنور ميديا 

پەڕلەمانی كوردستان بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزەوە پەیامی پیرۆزبایی بڵاودەكاتەوە و داوا لە سەرجەم لایەنە پێكهێنەرەكانی حكومەت دەكات، كە بەزووترین كات بەسازان و لێكتێگەیشتن هەنگاو بنێن بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەت بۆ زیاتر خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان.

 

پەڕلەمانی كوردستان لە پەیامێكدا، ئاماژەی بەوەكردووە، یەكێك لەسیما هەرە جوانەكانی جەژن ئاشتبوونەوە و لێبووردەییە، لە ئێستادا لە هەموو كات زیاتر پێویستمان بەو لێبووردەییە و یەكڕیزییە هەیە لەهەرێمی كوردستان.

ئەم پەیامەی پەڕلەمانی كوردستان لەكاتێكدایە، كە پارتی و یەكێتی ناكۆكن لەسەر پێكهێنانی حكومەتی هەرێم و فراكسیۆنی یەكێتی بەهۆی دیاری نەكردنی پارێزگاری كەركوكەوە دەنگی بە نێچیرڤان بارزانی بۆ سەرۆكی هەرێم نەدا و ئەمەش زیاتر كێشەكانی نێوان ئەو دوو حزبەی قوڵكردۆتەوە.

 

دەقی پەیامەكە:


بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی رەمەزانی پیرۆزەوە، سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم موسڵمانان دەكات، كە ئەمە دەقەكەیەتی:

 

بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز كە هاوكاتە لەگەڵ ساڵیادی یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان، جوانترین و ڕازاوەترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم موسڵمانانی كوردستان و عێراق و جیهان دەكەین و دەخوازین ببێتە جەژنی خێرو خۆشی بۆ گشت لایەك، یەكێك لەسیما هەرە جوانەكانی جەژن ئاشتبوونەوە و لێبووردەییە، لە ئێستادا لە هەموو كات زیاتر پێویستمان بەو لێبووردەییە و یەكڕیزییە هەیە لەهەرێمی كوردستان، بۆیە داواكارین لەسەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكانی پێكهێنەری حكومەت بەزووترین كات بەسازان و لێكتێگەیشتن هەنگاو بنێن بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەت بۆ زیاتر خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان، وەك دیارە رۆژی 4ی حوزەیرانی 1992 یەكەمین دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان گرێدرا، پەرلەمانێك كە بەدەنگی زۆرینەی خەڵكی هەرێمی كوردستان و یەكڕیزیی هێز و لایەنە سیاسییەكان هاتە بەرهەم، بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی لەخانەوادەی سەربڵندی شەهیدان دەكەین كە لەسایەی خوێنی ڕۆڵە ئازیزەكانی ئەوان كوردستان سەركەوت و بووینە خاوەنی پەرلەمان و حكومەت، هەروەها پیڕۆزبایی لە پێشمەرگە قارەمانەكان دەكەین كە بەگیانفیدایی خۆیان كوردستانیان لەناحەزان و تیڕۆریستان پاراست، پیرۆزباییەكی گەرم ئاراستەی خەڵكی كوردستان بە گشتی دەكەین و هیوادارین ئەم ساڵیادە ببێتە هاندەرێك بۆ زیاتر چەسپاندنی پایەكانی سیستەمی دیموكراسی و دامەزراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە هەرێمی كوردستان.

 

جارێكیتر پیرۆزباییەكی گەرم لە هەموو خەڵكی كوردستان دەكەین بە بۆنەی جەژنی رەمەزانی پیرۆز و ساڵیادی دامەزراندنی پەرلەمانی كوردستان.
سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان

 

زۆرترین خوێندراوە

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure