سنور ميديا
415 جار بینراوە 4/6/2019 11:03 AM

١٤ ملیار دۆلار نهێنی په‌یوه‌ندییه‌ ئارامه‌كه‌ی نێوان هه‌ولێر و به‌غدایه‌



سنور ميديا 

به‌ پێی راپۆرتێكی ناوه‌ندی عێراقی بۆ شیكاریه‌ سیاسیه‌كان و لێكۆڵینه‌وه (ICPAR)، به‌رپرسانی هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵی عێراق و هه‌رێمی كوردستان جۆرێك له‌ تێگه‌یشتنی هاوبه‌شتیان بۆ دروست بووه‌ تا به‌رێژایی‌ ساڵی ٢٠١٩ رێگه‌ بده‌ن هه‌رێمی كوردستان ‌نه‌وتی به‌رهه‌مهێنراوی خۆی بفرۆشێت و قه‌رزه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی لێبداته‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و ٢٥٠ هه‌زار به‌رمیله‌ نه‌وته‌ی به‌ پێی یاسای بودجه‌ی عێراقی بۆی دیاری كراوه‌ راده‌ستی به‌غدای بكات. له‌ كۆتایی ئه‌مساڵیشدا هه‌ردوو حكومه‌ت رێكه‌وتنێكی نوێ ئه‌نجام بده‌ن له‌سه‌ر كۆی ناكۆكیه‌ نه‌وتی و داراییه‌كانیان.

 

راپۆرته‌كه‌ كه‌ له‌لایه‌ن رێبین فه‌تاح یه‌كێك له‌ توێژه‌رانی (ICPAR)ه‌وه‌ ئاماده‌كراوه‌ به‌ پشت به‌ستن به‌ داتاكانی حكومه‌تی هه‌رێم و كۆمپانیای دیلیۆت ئه‌وه‌شی رۆنكردۆته‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان تا ئێستا زیاتر له‌ ٦ ملیار دۆلار قه‌رزی داوه‌ته‌وه‌ له‌كۆی گشتی قه‌رزه‌ كه‌ڵه‌كه‌ بووه‌كانی كه‌ به‌ ٢٠ ملیار دۆلار هه‌ژمارده‌كرا له‌ سه‌ره‌تای ساڵی ٢٠١٨دا، به‌ڵام پێ ناچێت هه‌رێم بتوانێت به‌م خێراییه‌ی ئێستای به‌رده‌وام بێت له‌ دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانی به‌ ره‌چاوكردنی ئه‌و فشاره‌ سیاسیانه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ به‌غدا دروست بووه‌ له‌ سه‌ر حكومه‌ته‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی بۆ ئه‌وه‌ی چیتر قبوڵ نه‌كات هه‌رێم به‌شه‌ بودجه‌ی خۆی وه‌ربگرێت و ئاماده‌ش نه‌بێت ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ی بۆی دیاریكراوه‌ به‌ پێی یاسای بودجه‌ راده‌ستی كۆمپانیای فرۆشتنی نه‌وتی عێراقی (SOMO)ی بكات.

 

راپۆرته‌كه‌ له‌ زاری یه‌كێك له‌ گه‌وره‌ به‌رپرسانی هه‌رێمه‌وه‌ ئه‌وه‌ی ئاشكرا كردووه‌ كه‌ به‌رپرسانی حكومه‌تی عێراقی ئاسوده‌ن به‌وه‌ی هه‌رێم بتوانێت قه‌رزه‌كانی بداته‌وه‌، چونكه‌ له‌ ئێستادا به‌غدا خۆیشی كه‌وتۆته‌ ژێر قورسایی ١٦٢ ملیار دۆلاره‌وه‌و له‌ توانایدا نیه‌ قه‌رزی هه‌رێم ببژێرێت، بۆیه‌ كه‌مبونه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانی هه‌رێم رێگه‌خۆش ده‌كات هه‌ردوولا له‌ كۆتایی ئه‌مساڵدا بگه‌نه‌ رێكه‌وتنێكی گشتگیر بۆ كۆتاییهێنان به‌ ناكۆكیه‌ نه‌وتیه‌كانیان.

 

ناوه‌ندی عێراقی بۆ شیكاریه‌ سیاسیه‌كان و لێكۆڵینه‌وه (ICPAR) ده‌زگایه‌كی سه‌ربه‌خۆی توێژینه‌وه‌ی سیاسی و ئابوریه‌ و له‌ لایه‌ن كۆمه‌ڵێك توێژه‌ری عێراقی و بیانی-ه‌وه‌ دامه‌زراوە.

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure