يه‌كێتى وپارتى
111 جار بینراوە 2/6/2019 01:01 PM

پارتی دەقی رێککەوتنەکەیی لەگەڵ یەکێتی بڵاوکردەوە



سنور ميديا

دوای ئەوەی یەکێتی دەنگی‌نەدا بە بەربژێری پارتی بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پارتی ئەو حیزبەی بە پێشێلکردنی رێککەوتنەکەی نێوانیان تۆمەتبار کرد و رایدەگەێنێت "یەکێتی لە رێککەوتنەکە لایداوە، بۆیە ئەوان ناوەڕۆکی رێککەوتنەکەیان بڵاو دەکەنەوە".

 

دوێنێ شەممە مەحمود محەممەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاندبو "دوابەدوای ئەو ھەڵوێستەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە لە رێکەوتی 28-5-2019 نواندی سەبارەت بە بایکۆتکردنی کۆبوونەوەی پەرلەمان و دەنگنەدانیان لە ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم و ھێنانەوەی ھەندێ بیانووی دور لە راستی سەبارەت بە جێبەجێنەکردنی ناوەڕۆکی رێککەوتنەکان و بەتایبەتیش پرسی چارەسەرکردنی کێشەکانی پارێزگای کەرکووک بە دانانی پارێزگاریشەوە، کە بە رێککەوتنێکی واژۆکراو دیاریکراوە کە ھەردوو بەڕێزان مەسعود بارزانی و کۆسرەت رەسول ھەردووکیان پێکەوە ئەم ئەرکە بگرنە ئەستۆ بەمەبەستی چارەسەری، بەڵام مەکتەبی سیاسی یەکێتی نە ئیلتزامیان بەو رێککەوتنە کرد کە ؛ە 4-3-2019 لەبارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی ئیمزاکرا و نە بە کاتەکەیەوە کە ھاوتەریبە لەگەڵ پێکھێنانی کابینەی حکومەتی ھەرێم نەک ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم، نە لە دەسەڵات پێدانی ھەردوو بەڕێزان بۆ چارەسەری کێشەی پارێزگای کەرکوک بە پارێزگاریشەوە و نە ئیلتیزامیشیان بە رێککەوتنی ھەردوو بەڕێزان لەسەر کاک فەرەیدون عەبدولقادر ئەندامی پێشووی یەکێتی نیشتمانی و ئەندامی دامەزرێنەری کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان کرد".

مەحموود محەممەد ئاماژەی بەوەشدابو "بڕیارماندا دەقی رێککەوتننامە سیاسیەکەی نێوانمان وپاشکۆی ئەو رێککەوتنەش بۆ خەڵکی کوردستان وەکو خۆی بڵاوبکەینەوە و بیانکەین بە حەکەم بۆ بڕیاردان کە کام لایەن لە رێککەوتنەکە لایداوە" و ئەمڕۆش بەفەرمی پارتی دەقی رێککەوتنەکەی بڵاوکردەوە.

 

دەقی رێككه‌وتنی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان

له‌ روانگه‌ی هه‌ست به‌ به‌رپرسیاریه‌تی و پارێزگاری له‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی گه‌له‌كه‌مان، كه‌ به‌ خوێن و خه‌باتی چه‌ندین ساڵه‌ هاتوونه‌ته‌دی, هه‌روه‌ها ئه‌زموونی درێژی خه‌بات و دامه‌زراندنی په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێم بۆ زیاتر بره‌وپێدانی ده‌ستكه‌وته‌كان و له‌به‌رچاوگرتنی خوێنی شه‌هیدان و دابینكردنی ئاینده‌یه‌كی گه‌ش بۆ كوردستان و یه‌كریزی گه‌لی كوردستان و زامنكردنی مافه‌ ده‌ستوورییه‌كان و گێڕانه‌وه‌ی كه‌ركوك و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم و زیاتر به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانمان, هه‌ردوولا گه‌یشتینه‌ ئه‌م رێككه‌وتنه‌ سیاسیه‌.

 

1- هه‌ردوولا پابه‌ند ده‌بن به‌ یه‌كێتی خاكی نیشتیمان و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی هه‌رێمی كوردستان, قه‌واره‌ سیاسی و ئیدارییه‌كه‌ی ده‌پارێزن و له‌ رووی دامه‌زراوه‌یی و حوكمڕانییه‌وه‌ به‌هێزی ده‌كه‌ین.

 

2- هه‌ردوولا له‌ به‌رێوه‌بردن و به‌هێزكردنی دامه‌زراوه‌ ده‌ستووری و یاسایی و كارگێڕییه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا شه‌راكه‌تی راسته‌قینه‌ و كارا له‌ نێوانیان بونیات ده‌نێن, به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ ده‌سه‌ڵاته‌كان له‌ چوارچێوه‌ی شه‌رعیه‌ت دابن و پیاده‌كردنیان له‌ ئیراده‌ی گه‌ل و دامه‌زراوه‌ فه‌رمی و یاساییه‌كانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ بگرێت.

 

3- له‌ پێناو به‌هێزكردنی سیسته‌می به‌رگری و رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی مه‌ترسیه‌كان و پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان, پێكه‌وه‌ هه‌ردوولا له‌ رێگای حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ هه‌موو هه‌وڵه‌كانی خۆیان ده‌خه‌نه‌گه‌ر بۆ دووباره‌ رێكخستنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆ, به‌ شێوه‌یه‌ك ببێته‌ مایه‌ی یه‌كگرتنه‌وه‌ی ته‌واوه‌تیان و باشتر رێكخستنه‌وه‌یان له‌ چوارچێوه‌ی دامه‌زراوه‌ نیشتیمانییه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان.

 

4- هه‌دوولا به‌ ته‌واوی توانایانه‌وه‌ پاڵپشتی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن بۆ ئه‌نجامدانی چاكسازی و چه‌سپاندنی زیاتری شه‌فافیه‌ت و دژایه‌تی گه‌نده‌ڵی و به‌هێزكردنی رۆڵی دامه‌زراوه‌كانی چاودێری له‌ هه‌رێمی كوردستاندا, هه‌ر هه‌نگاوێكیش بۆ به‌دیهێنانی ئه‌م ئامانجه‌ پێویستی به‌ دانانی یاسا بێ, هه‌ردوولا وه‌كو یه‌ك تیم له‌ په‌رله‌مانی كوردستاندا كاری بۆ ده‌كه‌ن.
5- هه‌ردوولا پاڵپشت ده‌بن بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رنامه‌یه‌كی هاوسه‌نگ و تێر و ته‌واوی ئه‌نجامدانی چالاكی ئیداری هه‌بێ له‌ سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستاندا.

 

6- أ - هه‌ردولا هه‌وڵده‌ده‌ن له‌ ماوه‌ی خوڵی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستاندا ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان ته‌واو بكرێت و خواسته‌ جیاوازه‌كان له‌ سه‌ر سیسته‌می سیاسی له‌ رێگای ده‌ستووره‌وه‌ به‌ سازان چاره‌سه‌ر بكرێت. هاوكات هه‌ردوولا پاڵپشتی ئه‌وه‌ ده‌بن به‌ ره‌چاوكردنی به‌رنامه‌ی چاكسازی مه‌ركه‌زی, له‌ژێر چاودێری سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تدا (لامه‌ركه‌زیه‌تی ئیداری) له‌سه‌ر بنه‌مای شۆڕكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان بۆ یه‌كه‌ كارگێڕییه‌كان كاری پێ بكرێت.

 

6-ب- تا ئیقراری ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان, پڕۆژه‌ یاساكانی كه‌ ره‌هه‌ندی نیشتیمانیان هه‌یه‌ به‌ سازان ئاماده‌ بكرێت, له‌وانه‌ش یاسای هه‌ڵبژاردن.

 

7- هه‌ردوولا له‌ رێگای حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ هه‌وڵ و هه‌نگاوی هاوبه‌شیان ده‌بێ بۆ هه‌مه‌چه‌شنه‌كردنی سه‌رچاوه‌كانی داهاتی هه‌رێمی كوردستان, له‌ پاڵ نه‌وتو گاز, په‌ره‌پێدانی كه‌رتی كشتوكاڵ و پیشه‌سازی و گه‌شتوگوزار به‌ ئه‌وله‌وییه‌ت وه‌رده‌گیردرێ, هاوكات رێكخستنه‌وه‌ی سیسته‌می بانكی و كه‌رتی وه‌زیفه‌ی گشتی و دروستكردنی ئه‌نجوومه‌نی راژه‌و دروستكردنی سندوقی خانه‌نشینی, ئامانجی هاوبه‌شی هه‌ردوولا ده‌بێت.

 

8- پارتی و یه‌كێتی كۆكن كه‌ دامه‌زراوه‌ یاساییه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ شه‌فافی سامانی ژێرزه‌وی و نه‌وت و گاز بخه‌نه‌ خزمه‌تی خه‌ڵكی كوردستان و ته‌واوی ئه‌و یاسایانه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ربچن كه‌ له‌ یاسای نه‌وت و گازی هه‌رێمی كوردستاندا هاتوون, هه‌روه‌ها په‌له‌ بكرێت له‌ دروستكردنی سندوقی داهاته‌كانی نه‌وت و گاز به‌ پێی ئه‌و یاسایه‌ی كه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌رچووه‌.

 

9- هه‌ردوولا له‌ سه‌ر ئاستی حكومه‌تی فیدراڵی هاوهه‌ڵوێست ده‌بن له‌ په‌یوه‌ندی به‌ مافه‌ ده‌ستووریه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و جێبه‌جێكردنی ته‌واوی بنه‌ماكانی سیسته‌می فیدراڵی و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم و پرسی نه‌وت وگاز و بودجه‌ی هه‌رێم و پێشمه‌رگه‌ و ئه‌نجامدانی سه‌رژمێری گشتی, ئه‌م هاوهه‌ڵوێستیه‌ له‌ رێگای دامه‌زراوه‌ یاسایی و ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و نوێنه‌ره‌كانمان له‌ دامه‌زراوه‌ فیدراڵییه‌كان به‌رجه‌سته‌ ده‌كرێت, هه‌روه‌ها دامه‌زراندنی هاوپه‌یمانی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان ئامانجی هاوبه‌شی هه‌ردوولا ده‌بێت.

 

10- هه‌ردوولا پابه‌ند ده‌بن به‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌ر هه‌رسێ ئاستی عێراق و هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تی له‌ چوارچێوه‌ی دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت, هاوكات هه‌ردوولا دیدگای هاوبه‌شیان ده‌بێت بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌ گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی ده‌ورووبه‌ر و چاره‌سه‌ركردنی ئاشتیانه‌ی كێشه‌ی كورد له‌ به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستان, ئه‌مه‌ش به‌ رێزگرتن له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش و دراوسێیه‌تی هاوبه‌ش.

 

11- هه‌ردوولا پابه‌ند ده‌بن به‌ رێزگرتنی ماف و ئازادی پێكهاته‌ ئه‌تنیكی و ئایینیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی به‌شداریكردن له‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی هه‌رێمی كوردستاندا.

 

12- هه‌ردوولا هاوهه‌ڵوێستن كه‌ تیرۆر هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی به‌رده‌وامه‌ له‌ سه‌ر ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان, له‌ سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ش هه‌ردوولا به‌رده‌وام ده‌بن له‌ سیاسه‌تی هاوپه‌یمانێتی ناوخۆیی و هه‌رێمی و نێوده‌وڵتی بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی تیرۆر و توندڕه‌وی.

 

13- هه‌ردوولا هاوهه‌ڵوێستن له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بایه‌خی ته‌واو بدات به‌ ره‌خساندنی هه‌لی كار و باشتركردنی بژێوی ژیانی خه‌ڵك و پێشكێشكردنی خزمه‌تگوزاری زیاتر به‌ هاووڵاتیان و باشتركردنی ره‌وشی مافه‌كانی مرۆڤ و مافی ژنان و ژینگه‌پارێزی.

 

14- سه‌رۆك و جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان هه‌ماهه‌نگ و یه‌ك هه‌ڵوێست ده‌بن له‌ په‌رله‌مان و ئه‌مه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ی ده‌بێت بۆ كاری په‌رله‌مانی له‌ نێوان هه‌ردوو فراكسیۆنی یه‌كێتی و پارتی, هه‌ردوولاش كۆكن كه‌ جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مان بۆ لایه‌نی سێیه‌م پێكهاته‌كان بێت و به‌ڕاوێژ و هه‌ماهه‌نگی ده‌ستنیشان بكرێت و دابنرێت.

 

15- هه‌ردوولا كۆكن له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی له‌ رووی دارایی وداهات و خه‌رجیه‌ گشتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان پێویستیان به‌ رێكخستنه‌وه‌ هه‌یه‌, بۆیه‌ له‌ رێگای په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ دووباره‌ رێكخستنه‌وه‌ی یاسایی و موئه‌سه‌ساتیانه‌وه‌ بۆ ئه‌م بواره‌ بكرێت, به‌ شێوه‌یه‌ك ببێته‌ مایه‌ی چه‌سپاندنی زیاتری شه‌فافیه‌ت و دادپه‌روه‌ری و هاوسه‌نگی له‌ ئیداره‌دانی داهات و خه‌رجییه‌كان و سامانی گشتی وڵات.

 

16- په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ پێی یاسا به‌ركاره‌كان له‌ رێگای دامه‌زراوه‌ ده‌ستووری و یاساییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برێن:

 

أ- له‌ فه‌رمانگه‌ی په‌یوندییه‌كان و نوێنه‌رایه‌تییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ و شاند و مه‌ڕاسیم و بۆنه‌ پڕۆتۆكۆلییه‌كان هاوسه‌نگی و به‌شداری هه‌ردوولا له‌ حكومه‌ت پارێزراو ده‌بێت.

 

ب- له‌ خولی پێنجه‌می په‌رله‌مان رێكخستنه‌وه‌ی یاسایی بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت, به‌ شێوه‌یه‌ك وه‌زیری هه‌رێم بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ دیاری بكرێت.

 

17-هه‌ردوولا وه‌ك یه‌ك تیم كار ده‌كه‌ن بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م ره‌وشه‌ سه‌پێنڕاوه‌ی كه‌ركوك و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم, بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش لیژنه‌یه‌كی باڵای هاوبه‌ش له‌ نێوان هه‌ردوولا پێكدێت بۆ پاڵپشتی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ و جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140 و چه‌سپاندنی ئیستحقاقی كورد له‌م ناوچانه‌ ئامانجی هاوبه‌شه‌ هه‌ردوولا ده‌بێت, به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌:

أ- دیاریكردنی دۆسیه‌ی

تایبه‌ت به‌ ماده‌ی 140 ی ده‌ستووری عێراق به‌ سه‌رجه‌م رێكاره‌ یاسایی و ئیدارییه‌كانه‌وه‌ له‌ سه‌ر هه‌ردوو ئاستی كه‌ركوك و عێراق.

 

ب- دیاریكردنی دۆسیه‌ی تایبه‌ت به‌ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی ژیان و گوزه‌رانی ناو كه‌ركووك.

 

ت- حكومه‌تی هه‌رێم به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌ گه‌ڵ حكومه‌تی فیدرال كارده‌كات بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی پارێزگای كه‌ركووك و ناوچه‌ كوردستانییكانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم (جێناكۆكه‌كان), له‌ رووی سیاسی, ئیداری, سه‌ربازی و ئه‌منی.

 

ج- پڕۆسه‌ی دانانی پارێگاری كه‌ركووك له‌ پاشكۆی ئه‌م رێككه‌وتننامه‌یه‌ دیاریكراوه‌.

 

18- پابه‌ندبوونی هه‌ردوولا به‌م رێككه‌وتنه‌ به‌ هه‌موو خاڵه‌كانیه‌وه‌ پاڵپشتی حوكمڕانی سه‌رتاسه‌ری كوردستان ئه‌ركی هاوبه‌شی هه‌ردوولایه‌ و پێكه‌وه‌بوون به‌رده‌وامبوونی شه‌راكه‌تی راسته‌قینه‌ ده‌پارێزی و بۆ جێبه‌جێكردن و به‌دواداچوونی ناوه‌ڕۆكی ئه‌م رێككه‌وتنه‌ لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌ش پێكدێت و مانگانه‌ یان له‌ كاتی پێویست كۆده‌بنه‌وه‌.

پارتی دیموكراتی كوردستان یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان
4/3/2019 4/3/2019

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure