پارتى
196 جار بینراوە 1/6/2019 04:40 PM

سه‌ركردايه‌تى پارتى ئه‌نجامى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ڕاگه‌ياند



سنور ميديا 

ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ پارتی‌ یموكراتی‌ كوردستان رایگه‌یاند كه‌ ناوچه‌كه‌ به‌ كوردستانیشه‌وه‌ چاوه‌ڕوانی گۆڕانكاری و ئاڵۆزی زێده‌تری لێده‌كرێت، هیواش خواست كه‌ "لایه‌نه‌كان خوێندنه‌وه‌یان بۆ ئه‌م پشوودرێژییه‌مان به‌ ئه‌رێنی وه‌ربگیرێ‌ دوور له‌هه‌ر لێكدانه‌وه‌ی دیكه‌" سه‌باره‌ت به‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌ت.

 

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 1ی‌ حوزه‌یرانی‌ 2019، ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ پارتی‌ یموكراتی‌ كوردستان به‌مه‌به‌ستی‌ تاووتووێكردنی‌ دواگۆڕانكارییه‌كانی‌ هه‌رێم و عیراق و ناوچه‌كه‌ كۆبۆوه‌ و دواتر راگه‌یه‌ندراوێكی‌ بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی‌:

 

به‌سه‌رپه‌رشتی جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی، ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی به‌ ئاماده‌بوونی ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌ن و به‌رپرسی سه‌رجه‌م مه‌كته‌ب و ده‌سته‌ و ده‌زگا و لقه‌كانی پارتیمان، رۆژی شه‌ممه‌ رێكه‌وتی 1ی 6ی 2019، كۆبوونه‌وه‌ی فراوانی خۆی ئه‌نجامدا و، چه‌ند بابه‌تێكی گرینگ و هه‌نوكه‌یی خسته‌ به‌ر باس و گفتوگۆكردن و بڕیاری پێویستیان له‌باره‌وه‌ وه‌رگیرا. له‌ ده‌ستپێكدا كۆبوونه‌وه‌ وێڕای خۆشحاڵی، پشتگیری خۆی بۆ هه‌ڤاڵ نێچیرڤان بارزانی ده‌ربڕی له‌ ئه‌ركی تازه‌یدا وه‌كو سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و، پیرۆزبایی لێ كرد.

 

دواتر له‌ روانگه‌ی خوێندنه‌وه‌یه‌كی واقعیانه‌ی قۆناغی ئێستای كۆمه‌ڵگاكه‌مان و هه‌ستیاریی بارودۆخی سیاسی و عه‌سكه‌ری و ئابووریی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و عێراق و كوردستان به‌ تایبه‌تی كه‌، روداو و گۆڕانكاری زۆر و خێرا به‌خویه‌وه‌ ده‌بینێ‌ و، ناوچه‌كه‌ به‌ كوردستانیشه‌وه‌ چاوه‌ڕوانی گۆڕانكاری و ئاڵۆزی زێده‌تری لێده‌كرێت، پارتیمان له‌ سۆنگه‌ی به‌رپرسیاریه‌تی مێژوویی به‌رامبه‌ر به‌ گه‌ل و نیشتمانه‌كه‌ی وه‌ك هه‌میشه‌ گۆتار و هه‌نگاوه‌كانی به‌ شێوازێك رێكده‌خات كه‌ هاوته‌ریب بێت له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌كه‌ و رێگه‌ له‌ زیانگه‌یاندن به‌ ئه‌زمونه‌كه‌مان بگرێت.

 

سه‌باره‌ت به‌ پرۆسه‌ی سیاسی له‌ عێراق و كوردستان، كه‌ پێویستی به‌ هه‌ڵوه‌سته‌له‌سه‌ركردن و خوێندنه‌وه‌یه‌كی نوێ هه‌یه‌، به‌تایبه‌تی دوای كاراكردنه‌وه‌ی یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم، كۆبوونه‌وه‌ دانبه‌خۆداگرتن و پشودرێژیی پارتی له‌دوای پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ 30ی ئه‌یلولی 2018، له‌ گوتار و هه‌نگاوه‌كان به‌ ئیجابی هه‌ژمارد كه‌، بۆ به‌رژه‌وه‌ندی و پاراستنی كه‌شی هێمنانه‌ و خۆبه‌دورگرتن له‌ موهاته‌راتی میدیایی و هه‌رجۆره‌ په‌رچه‌كردارێك بووه‌ له‌ پێناو سه‌قامگیری و یه‌كڕیزی و پاراستنی په‌یوه‌ندی دۆستانه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌كی به‌شدار له‌ پرۆسه‌ی سیاسیدا و، سه‌ردان و گفتوگۆ و رێككه‌وتنه‌كانمان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی كوردستانی و عێراقی شاهیدی ئه‌و راستیه‌مان بۆ ده‌ده‌ن كه‌ هه‌نگاوه‌كانمان بۆ خزمه‌تی گه‌ل و نیشتمانه‌كه‌مان بووه‌. سه‌باره‌ت به‌ عێڕاقیش، له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق، تا ئێستا په‌یوه‌ندیمان باشه‌ و نه‌خشه‌ڕێگای دیاریكراو بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان به‌باشی به‌ڕێوه‌ده‌چێت، سه‌ره‌رای هه‌بوونی گیروگرفت كه‌ هه‌ندێجار به‌ ئه‌نقه‌ست دروستده‌كرێن چ له‌ به‌غدا یاخود له‌ كوردستان، به‌رده‌وامده‌بین.

 

كۆبوونه‌وه‌ له‌سه‌ر بارودۆخی هه‌ستیار و ئاڵۆزی ناوچه‌كه‌ و كێشه‌ی نێوان ئه‌مریكا و ئێران هه‌ڵوه‌سته‌ی كرد و گفتوگۆی پێویستی له‌باره‌وه‌ كرد، كه‌ راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ری له‌سه‌ر عێراق و كوردستان و به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستانیش هه‌یه‌، هیوای خواست به‌ حیوار و به‌شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت و ناوچه‌كه‌ دوربێت له‌ شه‌ڕ.


له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌دا كۆبوونه‌وه‌ هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر دیارده‌ی سوتاندنی ده‌غڵودانی جوتیارانی ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم كرد و ئه‌وپه‌ڕی نیگه‌رانی خۆی نیشاندا و به‌ كارێكی ناڕه‌وا و ته‌عدای هه‌ژماركرد ده‌رهه‌ق به‌ دانیشتوانی كوردی ئه‌و ناوچانه‌ و داوای پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌شی بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ و بابه‌تی ته‌عریب كرد و داواشی كرد حكومه‌تی فیدرال قه‌ره‌بووی زیانلێكه‌وتوان بكاته‌وه‌، هاوكات پێمانوایه‌ ئیداره‌ی كه‌ركوك و ناوچه‌كانی دیكه‌ی هاوشێوه‌، به‌ هاوبه‌شی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و سوپا و ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی هه‌ردوولا نه‌بێت به‌ڕێوه‌ناچێت.

 

پارتیمان، له‌دوای سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان له‌ ساڵی رابردوو و به‌ده‌ستهێنانی متمانه‌ی زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كوردستان، بڕیاری رێگه‌خۆشكردن و زه‌مینه‌ی پتری ته‌بایی و یه‌كڕیزی و سیاسه‌تی گفتوگۆ و په‌یوه‌ندیكردنی له‌ ناوخۆ گرته‌ به‌ر، كه‌ ئه‌مه‌ش له‌وپه‌ڕی هه‌ست به‌ به‌رپرسیاریه‌تی و له‌پێناو سه‌قامگیری سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌. له‌ ناوخۆش پێویستی به‌ تێگه‌یشتن و هاتنه‌ پێشه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان هه‌یه‌ كه‌ هیوادارین خوێندنه‌وه‌یان بۆ ئه‌م پشوودرێژییه‌مان به‌ ئه‌رێنی وه‌ربگیرێ‌ دوور له‌هه‌ر لێكدانه‌وه‌ی دیكه‌.

ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی
پارتی دیموكراتی كوردستان
1ی 6ی 2019

 

زۆرترین خوێندراوە

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure