سنور ميديا
1119 جار بینراوە 28/5/2019 12:14 PM

مه‌كته‌بى سياسى يه‌كێتى هيرش ده‌كاته‌سه‌ر پارتى



سنور ميديا 

مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان رایگه‌یاند كه‌ تائێستا هیچ هه‌نگاوێك بۆ جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كه‌یان له‌لایه‌نی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ نابینرێن، به‌ڵكو هه‌رجاره‌ی گرفتیك بۆ پرسی دانانی پاریزگاری كه‌ركوك له‌ پشكی یه‌كیتی،(وه‌ك رێككه‌وتبوین له‌سه‌ری)،دروست ده‌كه‌ن.

 

ئه‌مڕۆ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی‌ بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا رایگه‌یاند كه‌ "وه‌ك ده‌زانن له‌ماوه‌ی رابردوودا دوای گفتوگۆیه‌كی درێژو چروپڕو چاوه‌ڕوانییه‌كی زۆری خه‌ڵك و گرتنه‌به‌ری هه‌موو رێگه‌یه‌ك له‌پێناو گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتنێكی گشتگیر بۆ چۆنییه‌تی كاركردن و داڕشتنی دیدگای هاوبه‌ش له‌باره‌ی پرسه‌كانی ناوخۆ و عیراق و ده‌وروبه‌ر، دوو رێككه‌وتنمان له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان ئیمزاكرد".

 

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ "رێككه‌وتنێكیان بۆ چه‌سپاندنی پره‌نسیپه‌كانی به‌یه‌كه‌وه‌ كاركردن و چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی ناوخۆو ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندی به‌عیراق و په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمه‌وه‌ هه‌یه‌. رێككه‌وتنی دووه‌م له‌باره‌ی چۆنییه‌تی دابه‌شكردنی جومگه‌كانی حكومڕانیی و فه‌راهه‌مكردنی جۆرێك له‌هاوسه‌نگیی له‌ده‌سه‌ڵاته‌ جیاوازه‌كان. هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌پێناو به‌شداری راسته‌قینه‌ی یه‌كێتی نیشتیمانی كورستان و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی حوكمڕانی و بڕیاردان بوون".

 

مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌ ده‌ڵێت: "له‌و رێككه‌وتنانه‌دا له‌گه‌ڵ پارتیدا مه‌به‌ستمان بوو هه‌ماهه‌نگ بین و به‌یه‌كه‌وه‌ كاربكه‌ین له‌ كوردستان بۆ پێكهینانی كابینه‌یه‌كی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی به‌هێزو خاوه‌ن به‌رنامه‌ی چاكسازیی و سه‌قامگیر".

 

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "بیروباوه‌ری یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان و ئیستحقاقی گه‌له‌كه‌شمان وایده‌خواست كه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ كاربكه‌ین له‌به‌غدا و به‌رنامه‌یه‌كی هاوبه‌شمان هه‌بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌ چاره‌سه‌رنه‌كراوه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا. هه‌ر له‌و رێككه‌وتنه‌دا كه‌ركوكمان كرده‌ سه‌نته‌ر بۆ چاره‌سه‌ركردنی به‌شێك له‌كێشه‌و گرفته‌كانی ناوچه‌ دابڕاوه‌كان، مه‌به‌ستمان بوو پارێزگارێكی كورد له‌یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگا هه‌ڵبژێرین و لانیكه‌م رێگه‌بگرین له‌ هه‌وڵی په‌لاماردان و ته‌عریبكردنی ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان و رێگربین له‌هه‌وڵی جیبه‌جێكردنی سیاسه‌تی شۆڤێنیانه‌ی هه‌ندێك لایه‌نی عیراقیی".


له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌ رایگه‌یاندووه‌ كه‌ "به‌ بڕوای ئێمه‌ حكومه‌ت ته‌نها پێكهێنانی كابینه‌ نییه‌، به‌ڵكو ده‌سه‌ڵاتێكی دوانه‌یه‌ ئه‌ویش سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌. بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ پرۆسه‌ی ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌په‌رله‌مانی كوردستان به‌ڕێوه‌بچێت، به‌ڵام دوای ئه‌و هه‌موو دواكه‌وتنه‌و پشودرێژییه‌ی خه‌ڵك و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و دوو رێككه‌وتنی یه‌ك له‌دوای یه‌ك، هه‌تا ئیستاهیچ هه‌نگاوێك بۆ جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كان له‌لایه‌نی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ نه‌ك نابیرێن، به‌ڵكو هه‌رجاره‌ی گرفتیك بۆ پرسی دانانی پاریزگاری كه‌ركوك له‌ پشكی یه‌كیتی،(وه‌ك رێككه‌وتبوین له‌سه‌ری)،دروست ده‌كه‌ن".

 

ده‌شڵێت: "له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ به‌رای گشتی كوردستان راده‌گه‌یه‌نین، كه‌ ئه‌و سیاسه‌تی پشتگوێ خستن و تاكره‌وییه‌ ئاكامه‌كانی باش نابن و ئێمه‌ وه‌ك یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌هه‌موو ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی له‌گه‌ڵ پارتی كردمان، گرفتمان دابه‌شكردنی پۆست و به‌ركه‌وته‌ی هه‌ڵبژاردن نه‌بوو، به‌ڵكو پرسی به‌یه‌كه‌وه‌ كاركردن و شه‌راكه‌تی راسته‌قینه‌و خزمه‌تكردنی هاوڵاتیان و پرسی دانانی پارێزگارێكی نوێ بۆ كه‌ركوك بۆخزمه‌تی خه‌لكی سته‌مدیده‌و به‌شه‌ره‌فی ئه‌و پاریزگایه‌ له‌ئه‌وله‌ویه‌تی ئه‌جێندای گفتوگۆی ئێمه‌دا بوو".

 

مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌ روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ "ده‌مانویست یه‌یه‌ك تیم له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا به‌یه‌كه‌وه‌ كاربكه‌ین، به‌ڵام مه‌خابن ئه‌مڕۆ به‌ئێوه‌ی راده‌گه‌ینین كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان گرێ و گرفتی جددی بۆ جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كانی له‌گه‌ڵ یه‌كێتیدا دروستكردووه‌ و پابه‌ند نییه‌ پێیانه‌وه‌، بۆیه‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌په‌رله‌مانی كوردستان به‌شداری كۆبونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مان ناكا".

 

مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌ جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه‌ كه‌ "هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێمیش به‌بێ ده‌نگی فراكسێۆنی یه‌كێتی، پرسی بڕیاردان و شه‌رعییه‌ت له‌هه‌رێمی كوردستاندا ده‌خاته‌ به‌رده‌م بارودۆخێكی نوێوه‌، هه‌روه‌ك پرسی پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش ده‌خاته‌ به‌رده‌م ئه‌گه‌ر و پێشهاتی تازه‌، ده‌رنجام و لێكه‌وته‌كانی ئه‌و سیاسه‌ته‌ ناواقعییانه‌ هه‌رچییه‌ك بێت له‌ئه‌ستۆی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستاندا نییه‌ و ئۆباڵه‌كه‌ی ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی لایه‌نی به‌رامبه‌ر".

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure