سنور ميديا
366 جار بینراوە 27/5/2019 01:40 PM

دكتۆر غالب محه‌مه‌د وه‌ڵامی وه‌زیری دارایی هه‌رێم له‌ باره‌ی مووچه‌وه‌ ده‌داته‌وه‌



سنور ميديا 

په‌رله‌مانتارێكی گۆڕان له‌ له‌په‌رله‌مانى عيراق وه‌ڵامی كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌ی رێباز حه‌ملان، وه‌زیری دارایی هه‌رێم ده‌داته‌وه‌ و چه‌ند زانیارییه‌ك ده‌خاته‌ڕوو.

 

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 27ی ئایاری 2019، هه‌ریه‌كه‌ له‌ رێباز حه‌ملان، وه‌زیری دارایی و ئابووری هه‌رێم و سه‌فین دزه‌یی، وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیان له‌ باره‌ی پێدانی مووچه‌و چه‌ند پرسێكی داراییه‌وه‌ ساز كرد.

 

رێباز حه‌ملان، وه‌زیری دارایی هه‌رێم وتی: "به‌غدا له‌ ساڵی 2018دا به‌غدا نۆ مووچه‌ی بۆ هه‌رێم ناردووه‌ كه‌ مانگانه‌ بڕی 317 ترلیۆن دینار بووه‌ و کۆی پارەکە زیاتر لە دوو ترلیۆن دینار بووە و لە مانگی نیسانی ئەو ساڵەوە نێردراوە، له‌گه‌ڵ داهاتی هه‌رێم به‌ پاشه‌كه‌وته‌وه‌ مووچه‌ی پێدراوه‌.

 

راشیگه‌یاند: وه‌ك وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری هه‌رێم به‌رله‌ جه‌ژن ده‌ست به‌دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی ئازار ده‌كه‌ن.

 

ئەوەشی وت، "له‌م ساڵدا حکومەتی‌ عیراق پێنج مووچەی‌ بۆ هەرێم ناردووە کە بریتیی بووە لە دوو ترلیۆن و 266 ملیار و 399 ملیۆن دینار، یەک ترلیۆن و 835 ملیار دیناریش لەلایەن حکومەتی‌ هەرێمەوە خراوەتە سەری و دواتر مووچەی‌ پێنج مانگی پێدراوە کە سێ مانگی کۆتایی 2018 بووە و دوو مانگیشی لە ساڵی 2019 بووە".

 

لای خۆیه‌وه‌ غالب محه‌مه‌د، ئه‌ندامی په‌رله‌مانى عیراق له‌ فراكسیۆنی گۆڕان له‌ نووسینێكدا له‌ لاپه‌ڕه‌ی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك نووسیویه‌تی: "بەم هەناسە توندیەی ئەمڕۆتان دیاربو کە حەق و مافی ئەم میلەتە مەزڵومەتان خواردوە، چەند مانگە ئەم موچەتان وەرگرتوە لەخەڵکتان شاردوەتەوە ئێستا زۆر باش بۆ خەڵکی روونبوەوە کە پێنج مووچەتان وەرگرتوە، کاتێک ئێمە دەمان وت پێنج مووچەتان وەرگرتو هەمووتان خۆتان کپ دەکردوە نوزەتان لێوە نەدەهات، بەڵام پشتیوان بەخواو پشتگیری هاوڵاتیان بەهۆی ئەم سکاڵاوە ئەوە لەزاری خۆتان بیسترا کەبەڵێ پێنج مووچەتان وەرگرتوە لەحکومەتی عیراق".

 

وتیشی: "پێش هەموو شتێک تۆ پێچەوانەی یاسای بودجەی 2019 عیراق کارت کردوە، ئەم یاسایە کارایە لەمانگی 1 ی 2019 تا 31_12_2019، کەواتە دەبێت ئەو مووچەیە لەکات و ساتی خۆیدا بدرێت نەک بیگەڕێننەوە بۆساڵی پێشو 2018".

 

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ چه‌ند داتایه‌كی داناوه‌ و روونكردنه‌وه‌ی زیاتری خستووه‌ته‌ڕوو ده‌ڵێت:

 

- مووچەی پێنج مانگی فەرمانبەران کەلە حکومەتی عیراقەوە هاتووە دەگاته دوو ترلیۆن و 266 ملیار دینار بووه‌.

 

- کۆی گشتی داهاتی نەوت کە بە رێگەی بۆریەوە فرۆشتوتانە دەگاتە چوار ترلیۆن و 14 ملیار 738 ملیۆن دینار.

 

-کۆی داهاتی ناوخۆ لە ماوەی پێنج مانگدا 750 ملیار، کەواتە کۆی گشتی داهاتی ئەم پێنج مانگەتان دەگاتە حه‌وت ترلیۆن و 30 ملیار دینار، جگە لەداهاتی ئەو نەوتەی کەبەتەنکەر و ئەونەوتەی کەلەناوخۆ ئەدرێت بەپاڵاوگەکان.

 

ده‌شڵێت: "کەواتە ئەگەر ئێوە ئەم پێنج مانگە مووچەی تەواویشتان بەبێ پاشەکەوت بە هاوڵاتیان دابێت دەكاتە چوار ترلیۆن و 405 ملیار دینار".

 

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی روونكردنه‌وه‌كه‌دا غالب محه‌مه‌د ده‌ڵێت: "کەواتەکۆی ئەو داهاتەی کەماوەتەوه‌ دوو ترلیۆن و 629 دەکات لەکاتێکدا ئەگەر پێنج مانگ مووچەی بێ پاشەکەوتان دابێت، بەڵام ئێوە دوو مووچەی بێ پاشەکەوتی ساڵی 2019 تان دابەشکردوە".

 

روونیشیكردووه‌ته‌وه‌: لەلایەکی تریشەوە ئێوە لەکۆنگرەکەدا بەیەک وشەش باسی داهاتی نەوتان نەکرد، بەیەک وشەش پێمانتان نەوت داهاتی ناوخۆ چەندە، بەیەک وشەش باسی ئەو پارەتان نەکرد کەلەلایەن هاوپەیمانانەوە دێت چەندە؟

 

به‌ وه‌زیری داراییش ده‌ڵێت: "باپرسیارێک لەجەنابیشتان بکەین ئێوە نەبون وتتان ملیارێک و دوسەد ملوێن-مان داوە بەقەرزی روزنفت؟ ئەی پێمان ناڵێن ئەگەر ئەمە لەپارەی ئەم میلەتە مەزوڵمەنەبێ هێ کێیە لەکاتێکدا ئەوان لەچاوەڕوانی مافی خۆیاندان".

 

"بەمەش بۆمان روونتر دەبێتەوە لەکۆی ئەوقسانەیکردتان بۆ ماوەی چوارساڵە خۆتان و کۆمپانیاکانتان پێ دەوڵەمەندو چەسپاوترکرد لەسەر سکی میلەت، ئێمە چەواشەناکرێین بەڵکو ئێمە پشت بەخواو میلەتەکەمان بەردەوامین بۆگەڕانەوەی حەق و مافی دزراوی هاوڵاتیان"، غالب محه‌مه‌د وای وت.

 

زۆرترین خوێندراوە

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure