مه‌حمود سه‌نگاوی
390 جار بینراوە 20/5/2019 12:20 AM

مه‌حمود سه‌نگاوی: پارتی سه‌یته‌ره‌كردنی به‌سه‌ر یه‌كێتی و حزبه‌ سیاسییه‌كان له‌ سه‌ركه‌وتنی كورد له‌لا گرنگتره‌



سنور ميديا 

مه‌حمود سه‌نگاوی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی رایگه‌یاند كه‌ ناوچە دابڕینراوەکان خاکی ئێمەیە و رۆژێك له‌ رۆژان ئه‌یانگه‌ڕێنینه‌وه‌، ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ "پارتی سه‌یته‌ره‌كردنی به‌سه‌ر یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و حیزبه‌ سیاسییه‌كاندا زۆر به‌لای موهیمتره‌ له‌ سه‌ركه‌وتنی كورد".

 

مه‌حمود سه‌نگاوی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان كه‌ هاوكات لێپرسراوی مه‌كته‌بی پێشمه‌رگه‌ و تێكۆشه‌ره‌ دێرینه‌كان و فه‌رمانده‌ی میحوه‌ری یه‌كی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانه‌ له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا رایگه‌یاند كه‌ "كاربه‌ده‌ستانی عێراق ئه‌گه‌ر شیعه‌ بن، ئه‌گه‌ر سوننی بن، ئه‌گه‌ر هه‌رچی بن، یه‌ك بیر و بۆچوونیان هه‌یه‌ له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و له‌سه‌ر ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی كه‌ له‌ عیراقدا ئه‌ژین، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ده‌می به‌عس ئێمه‌ گله‌ییه‌كی زۆرمان كرد كه‌ به‌عسیه‌كان ئه‌نفالیان كردووه‌، به‌عسیه‌كان جینۆسایدیان كردووه‌، خاكی كوردیان داگیر كردووه‌، كوردیان له‌سه‌ر ماڵ و خانوویان خۆیان ده‌ركردووه‌، به‌ڵام ئێستا له‌م كاته‌دا كه‌ به‌شێك به‌ ناوی داعشه‌وه‌، به‌شێك به‌ ناوی ( عصائب اهل الحق) و به‌شێك به‌ هه‌ر ناوێكه‌وه‌ ئه‌وانه‌ جارێكی تر كه‌وتوونه‌ته‌ وێزه‌ی كورد".

 

مه‌حمود سه‌نگاوی‌ ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی عیراق بڕوایان به‌ پێكه‌وه‌ ژیانی نه‌ته‌وه‌كان هه‌یه‌، بۆ به‌ر چاویانه‌وه‌ له‌ كه‌ركوك گه‌نم و جۆی كورده‌كان به‌ (ده‌ڕاسه‌) ئه‌دۆرنه‌وه‌ و گه‌نم و جۆكه‌ ئه‌به‌نه‌وه‌ بۆ ماڵی خۆیان، به‌ڵام پارێزگاری به‌ وه‌كاله‌تی ئه‌و شاره‌ بێده‌نگ دانیشتووه‌".

 

ده‌شڵێت: "له‌ ناوچه‌ی خانه‌قین، راسته‌ داعش هه‌یه‌ و له‌وێ كۆمه‌ڵێك كاری خراپی كردووه‌ و هه‌رچی بكا له‌ رۆژی دووایی له‌ سایته‌كه‌ی خۆی بڵاوی ئه‌كاته‌وه‌، خه‌ڵكانێك ئه‌كوژرێ، خه‌ڵكانێك ده‌ر ئه‌كرێن، كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك له‌ ناو حه‌شدی شه‌عبیدا، له‌ ناو عصائب اهل الحق وه‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ به‌ ناوی شیعه‌وه‌ چوونه‌ته‌ ناویانه‌وه‌ دێن په‌لاماری كورد ئه‌ده‌ن".

 

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ "بۆ نموونه‌ له‌ ناوچه‌ی خانه‌قین هه‌رچی كارگه‌ی بلۆك و كۆمه‌ڵێك كارگه‌ی چه‌و و لم و شتی خه‌ڵك، هه‌مووی به‌ به‌رچاوی حكومه‌تی عیراقیه‌وه‌، هه‌موویان سووتاند، هه‌موویان ته‌قانده‌وه‌ و هێزێكی زۆریان هاوردووه‌ بۆ ناوچه‌كه‌، به‌ڵام هێزه‌ زۆره‌كه‌ خۆیانیشیان پێی نا پارێزرێ‌، كه‌واته‌ له‌ ناو سوپای عیراق، له‌ ناو حه‌شدی شه‌عبی ئه‌و كه‌سانه‌ هه‌ن كه‌ ئه‌یانه‌وێ كورد ده‌ركه‌ن، له‌ سه‌ركردایه‌تی حه‌شدی شه‌عبی، له‌ سه‌ركردایه‌تی عیراقیش خه‌ڵك هه‌یه‌ جارێكی تر ئێستاكه‌ ته‌عریب ئه‌كا و له‌ ژێر ده‌ستی ئه‌وان ته‌عریب ئه‌كرێ، ئه‌گه‌ر هه‌موو كۆك نین بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی ئه‌و كارانه‌ ده‌كه‌ن له‌سه‌ر كار لانادرێن، ئه‌گه‌ر ئه‌وان بڕوایان وایه‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ بپارێزن، ته‌سلیمی ده‌ستی منی كه‌ن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی من به‌رپرسی خانه‌قین و ئه‌و ناوه‌م".

 

روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ "كارنامه‌ی ئێمه‌ به‌رده‌وام ئاماده‌ین بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ به‌ڵام بارودۆخه‌كه‌ هی ئه‌وه‌ نییه‌ ئێمه‌ شه‌ڕێك دروست بكه‌ین له‌و ناوچانه‌ كه‌ ره‌نگه‌ له‌ قازانجمان نه‌بێ، ئه‌گینا ئه‌وه‌ ناوچه‌ی كوردستانیه‌ و ده‌یان ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌تی تر بێت ئه‌و ناوچانه‌ داگیربكات، رۆژێك له‌ رۆژان ئه‌بێ بگه‌رێنه‌وه‌ یان ئه‌یانگه‌ڕێنینه‌وه‌ به‌ زۆر، چۆن له‌ دوای رووخانی رژێمی عیراقی هاتین و هه‌موومان ده‌ركرد، جارێكی تر ده‌ریان ئه‌كه‌ینه‌وه‌ و ره‌نگه‌ ئه‌مجاره‌ وه‌كو جاران لێیان خۆش نه‌بین".

 

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ راشیگه‌یاند كه‌ "كه‌س خاكی خۆێ نافرۆشی، كه‌س شه‌رافه‌ت و كه‌رامه‌تی خۆێ نافرۆشی، به‌ڵام هه‌موو دونیا ئه‌زانێ كه‌ركوك كه‌ له‌ ئێمه‌ داگیر كرا، ئێران داگیری كرد، توركیا داگیری كرد، عیراق داگیری كرد و به‌ پشتێوانی سوپای ئه‌مریكا و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مریكا ئێمه‌ كه‌ركووكمان لێ داگیر كرا، به‌شه‌ڕ بێ و به‌ ئاشتی ئه‌وه‌ خاكی ئێمه‌یه‌ ماڵی ئێمه‌ ئه‌یگێڕینه‌وه‌، رۆژی له‌ رۆژان ئه‌بێ ئێمه‌ بچین له‌سه‌ر چیای حه‌مرین ئاڵای كوردستان هه‌ڵكه‌ین و ئه‌گه‌ر به‌ ده‌ستی من بێ یه‌ك دیواری به‌رز ئه‌كه‌م رێگا ناده‌م بۆ ئه‌ودیو و بازرگانیش له‌گه‌ڵ ئه‌ودیو ناكه‌م".

 

مه‌حمود سه‌نگاوی‌ جه‌ختیشی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ "ئه‌مه‌ بۆچوونی تایبه‌تی خۆمه‌ و ره‌نگه‌ هی حزبه‌كه‌م نه‌بێ (پارتی سه‌یته‌ره‌كردنی به‌سه‌ر یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و حیزبه‌ سیاسییه‌كاندا زۆر به‌لای موهیمتره‌ له‌ سه‌ركه‌وتنی كورد)".

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure