په‌رله‌مانى عيراق
163 جار بینراوە 18/5/2019 02:06 PM

فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كانی په‌رله‌مانی عیراق راگه‌یه‌ندراوێكیان بڵاوكرده‌وه‌



سنور ميديا 

فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كانی ناو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق راگه‌یه‌ندراوێكیان له‌سه‌ر سوتاندنی ده‌غڵ و گه‌نمی جووتیارانی خانه‌قین و ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كان بڵاوكرده‌وه‌.

 

فراكسيۆنه‌ كورديه‌كان له‌په‌رله‌مانى عيراق له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ڕايده‌گه‌يه‌نن"وه‌ك لای هه‌مووان ئاشكرایه‌ له‌ماوه‌ی رابردوودا له‌سنوری خانه‌قین و گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری له‌لایه‌ن تیرۆرستان و چه‌ند ده‌ستێكی ره‌شی نادیار، به‌به‌رده‌وامی هه‌وڵی شێواندن و زیانپێگه‌یاندنی هاوڵاتیان و جوتیارانی ناوچه‌كه‌ ده‌درێت، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ زیاتر له‌ 40 شه‌هیدی هاوڵاتی و هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی سنووره‌كه‌ی لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌ و زیانێكی زۆری ماددیشی به‌ناوچه‌كه‌ گه‌یاندوه‌".

 

ده‌شڵێت: "وه‌ك دیاره‌ هه‌ر به‌وه‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستاون و ئێستا له‌كاتی دروێنه‌كردنی ره‌نجی یه‌ك ساڵه‌ی جوتیارانی سنوره‌كه‌، ئه‌م ده‌سته‌ ره‌شه‌ هه‌ستاون به‌ سوتاندنی ده‌خڵ و دانی هاوڵاتیان و ئاگر تێبه‌ردان و رووخاندن و بۆمبڕێژكردنی زه‌وی و زاری گونده‌كان، له‌ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كدا چوار هاوڵاتی شه‌هیدبوون كه‌ یه‌كێكیان مامۆستایه‌.

 

فراكسیۆنه‌ كوردیه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق ده‌ڵێن: "بۆیه‌، سه‌ره‌ڕای ئیدانه‌كردنی ئه‌و تاوانه‌ قێزه‌ونانه‌و ئه‌و هه‌وڵ و پیلانه‌ ره‌شانه‌ی تیرۆرستان و ئه‌و ده‌ستانه‌ی كه‌ چاویان به‌ئارامی و پێكه‌وه‌ ژیانی شاره‌كه‌ هه‌ڵنایه‌ت، پێویسته‌ ده‌ست به‌جێ، سه‌رۆكایه‌تی كۆمارو، سه‌رۆك وه‌زیران و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بێنه‌ سه‌ر هێڵ و رێگه‌ی پێویست و خێرا بگرنه‌ به‌ر بۆ رێگه‌گرتن له‌ و زوڵم و سته‌مه‌ی به‌رامبه‌ر به‌شاری خانه‌قین و دانیشتوانه‌كه‌ی ده‌كرێت".

 

ئه‌وه‌ش ده‌ڵێن: "له‌ئێستادا هه‌مووان، له‌به‌رده‌م دۆخێكی ناهه‌مواردا ده‌ژین و له‌به‌رده‌م مه‌ترسی به‌جێهێشتنی به‌كۆمه‌ڵی ناوچه‌كه‌و زه‌وی و زاری جوتیارانداین، ئێمه‌ش وه‌ك نوێنه‌رانی كورد، ئه‌م بابه‌ته‌مان له‌ناو په‌رله‌مانی عیراق وروژاند، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان رووی راسته‌قینه‌ی ئه‌م ناحه‌قیانه‌ ببین و چاره‌سه‌رێكی به‌په‌له‌ بدۆزنه‌وه‌".

 

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ له‌ مه‌خمور و خانه‌قین چه‌كدارانی داعش رووبه‌رێكی زۆری گه‌نمی جووتیارانی كوردیان سووتاندووه‌ و زیانیان به‌ ده‌غڵ و دانیان گه‌یاندووه‌.

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure