پارتى
150 جار بینراوە 14/5/2019 12:24 PM

سەركردایەتی پارتی ناوی كاندیدەكانی بۆ پۆستەكان یەكلادەكاتەوە



سنور ميديا 

پارتی دیموكرات لەم هەفتەیەدا كاندیدەكانی بۆ كابینەی نوێی حكومەتی ھەرێمی كوردستان یەكلادەكاتەوەو ڕاوێژكاری مەكتەبی سیاسی ئەو حیزبەش دەڵێت: دەیان كەس سیڤیان پێشكەش بە لیژنەی پەیوەندیدار كردووە و دوای یەكلاكردنەوەیان سەركردایەتی پەسەندیان دەكات.

 

میدیای فەرمی پارتی بڵاویكردەوە، بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی ئەكادیمی و لەسەر بنەمای لێھاتوویی، پۆستەكانی پشكی پارتی لە كابینەی نوێی حكومەتی ھەرێمی كوردستاندا پڕبكرێنەوە، پارتی لیژنەیەكی باڵای پێك ھێناوە و دەیەوێت لە ڕێگەی ئەو لیژنەیەوە بابەتی پۆستەكان بۆ كادرانی پارتی یەكلابكاتەوە.

 

لەو بارەیەوە، عارف ڕۆشدی، ڕاوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت: "دەمێكە لە ڕێگەی ئورگانەكانییەوە پارتی بانگەوازی بۆ ھەموو ئەندام و كادیرانی ناردووە، ئەوانەی دەیانەوێ بەشدار بن و پۆست وەربگرن لە كابینەی نوێدا سیڤییان لێ وەرگیراوە."

 

ڕاوێژكاری مەكتەبی سیاسی پارتی دەشڵێت: "لیژنەیەكی باڵا لەنێو پارتیدا ھەڵاوێردی ناوەكان دەكات، چونكە پارتی حزبێكی گەورەیە و دەیان و سەدان كەس داواكارییان پێشكەش كردووە، ئەو لیژنەیە بڕیاری كۆتایی لەسەر سیڤیەكان دەدات."

 

عارف ڕۆشدی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، دوای یەكلاكردنەوەی ناوەكان، ھەر لە وەزیرەوە بگرە تا ڕاوێژكار و بەڕێوەبەر و بەرپرسی یەكە ئیدارییەكان، ئەو ناوانەی یەكلا دەبنەوە، لە لایەن ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتییەوە پەسەند دەكرێن."

 

لەگەڵ ئەوەی راوێژكارەكەی پارتی باس لەپێكهێنانی لیژنە دەكات، بەڵام بەپێی زانیارییەكان ململانێ‌ بۆ بەدەستهێنانی چەند پۆستێك بەتایبەتی پۆستە باڵاكان لەوەزارەتەكان هەیەو ململانێش لەنێوان ئاراستە جیاوازەكانی پارتییە.

 

هەر بەپێی زانیارییەكان، نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی‌و مەسرور بارزانی ئەندامی مەكتەبی سیاسی، كە سەركردایەتی دوو ئاراستەی جیاوازی پارتی دەكەن، زۆرترین ململانێیان هەیە بۆ ئەوەی پۆستە باڵاكان بۆ كەسە نزیكەكانیان بێت.

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure