د.کازم فاروق سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ
129 جار بینراوە 12/5/2019 02:15 AM

کازم فاروق: شەرمە لەژێر ناوی پاراستنی مافی مرۆڤدا سوکایەتی بە چەند گەنجێکی هەژار بکرێت



سنور ميديا 

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ له‌په‌رله‌مانى كوردستان رایدەگەێنێت " شەرمە لەژێر ناوی پاراستنی مافی مرۆڤدا سوکایەتی بە چەند کوڕە فەقیرێک دەکەن".

 

ئەمڕۆ شەممە د.کازم فاروق سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان لە نوسینێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک رایگەیاندوە "دوای زیاتر لە نیو مانگ لە سجن کردن و ئیهانەکردن و بە‌پێی زانیاریە‌كان لێدان و سوکایەتیکردن بە چەند كوڕە‌ ھە‌ژارێكی ئە‌م شارە، دواجار ئە‌وە‌ی گوێ بیستی بووین هەموو بابەتەکە جەوهەرەکەی بریتیە لە: پەیجێک، مۆبایلێك، ژمارە تەلەفۆنێك. بە‌گوێرە‌ی یاسا ئەم بابەتانە تایبە‌تمە‌ندی پۆلیسەو تەنها بە لێکۆڵینەوەیەکی دوو رۆژە‌ی پۆلیس ئەنجام دەدرێت، ئیتر ھە‌ڵكوتانە‌ سە‌ر بارە‌گا و ١٥ رۆژ سجن کردن بێ پارێزەر و بێ مواجەهە و ئیهانە و سوکایەتی بۆچیە؟".

 

د.کازم فاروق ئاماژەی بەوەداوە "هەر بەجددی ئەوەندەتان پێبوو؟ بەراستی حەیف، وامزانی کۆمەڵێک کۆنە موستەشارتان گرتووە و ڤیدیۆی دانپێدانانی خیانەتەکانیان بلاودەکەنەوە! وامزانی بکوژانی شەهید گەرمیان و بڕیار و بیلال و هێرش و سورکێو و شەهیدەکانی ترتان دەستگیرکردووە و اعترافەکان بڵاودەکەنەوە! وامزانی خیانەتکارانی شەڕی ناوخۆ و براکوژیتان دەستگیرکردووە و بڵاوی دەکەنەوە! وامزانی دزە گەورەکانی ولات و تاڵانكە‌رەکانی نەوت و قووتی میللەتتان دەستگیرکردووە! بەڵام بەراستی حەیف".

 

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی لوێ لەپەرلەمانی کوردستان وتوشیەتی "شەرمە لەژێر ناوی پاراستنی مافی مرۆڤدا، مافی مرۆڤەکان پێشێل بکرێت و سوکایەتی بە چەند گەنجێک و کوڕە فەقیرێك بکرێت و لەسەر شاشە سوکایەتی بە خۆیان و خێزان و کەس و کاریان بکرێت و کەسایەتیان لەکەداربکرێت. لە‌ھە‌موو دنیادا ھە‌بوونی پارێزە‌ر بۆ پشتڕاستكردنە‌وە‌ی ڕاستیە‌كان و پاراستنی مافی خاوە‌ن مافە‌كانە‌و سە‌رە‌تایی ترین مافی تۆمە‌تبارە‌ كە‌ ئەو گەنجانە لەو مافەش بێبەش کرابوون".

 

سەرۆکی فراکسیۆنەکە وتوشیەتی "زۆر بە‌ داخە‌وە‌ لە ڤیدیۆکەدا بە ڕوونی دیارە کە ئەو گەنجانە بە ترس و لەرزەوە تف لە قورگیاندا وشک بووە و تەسویر دەکرێن، ئەمە بەئاشکرا پێشێلی یاسایە و خۆی لەخۆیدا پێچەوانەی ماددەی (٢)ی مۆبایلە کە دەڵێت (التقاط صور بلا رخصة او اذن)، بەو پێیەی ئەو گەنجانە بەزۆر تەصویر دەکرێن و بەڕوونی دەموجاویان پیشان دەدرێت و کەسایەتیان لەکەداردەکرێت پێش بڕیاری دادگا و دادوە‌ر".

 

سەرۆکی فراکسیۆنەکە باسی لەوەشکردوە "ئێمە لەگەڵ هەموو ڕێکارێکی یاساییداین و ئە‌م ڕێگە‌یەش ھە‌ڵمانبژاردووە‌ بۆ چە‌سپاندنی سە‌روە‌ری یاسایە‌ لە‌ وڵاتدا و هەر لەسەرەتاوە داوامان کردووە کە یاسا و دادگا سەروەر بن و بێلایەنانە بڕیار بدەن و هەرکەسێك تاوانبارە بەپێی یاسا سزا بدرێت، بەڵام بەراستی بلاوکردنەوەی ئەو ڤیدیۆیە لەکاتی لێکۆڵینەوەدا و پێش بڕیاری كۆتایی دادگا پێچەوانەی یاسایە‌ و پێشێلكردنی مافی ھاوڵاتیە".


لەکۆتایی راگەیاندراوەکەدا کازم فاروق ئەوەشی وتووە "ماوەتەوە بڵێین، کەمێك بەخۆتاندا بچنەوە و سەیری ڕای گشتی بکەن کە چۆن ئەم کارە بەسیناریۆ دادەنێن و باوەڕتان پێناکەن. لێگەڕێن دادگا و دەزگا ئەمنیەکان کاری پیشەیی خۆیان بکەن و یاسا وەکو خۆی جێبەجێ بکەن و هەموو خەڵکیش دڵنیادەکەینەوە کە ئێمەش و (نەوەی نوێ)ش لەجاران بوێرتر و ئازاتر دەبین بۆ بەگژداچوونەوەی گەندەڵی، و جگە لە خوای گەورە هیچ جۆرە فشارێك ڕامان ناگرێت".

 

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure