يه‌كێتى وپارتى
195 جار بینراوە 10/5/2019 09:47 PM

په‌رله‌مانتارێكى يه‌كيتى : یه‌كێتی‌ و پارتی‌ قوماریان به‌ كه‌ركوكه‌وه‌ كرد و دۆڕاندیان



سنور ميديا 

ئه‌ندامێكی خولی‌ پێشووی په‌رله‌مانی عیراق له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی، ره‌خنه‌ له‌ پارتی دیموكراتی‌ كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی‌ كوردستان ده‌گرێت و رایگه‌یاند كه‌ له‌كاتێكدا قوماریان به‌ كه‌ركوكه‌وه‌ كردووه‌ و دۆڕاندوویانه‌، كه‌چی به‌رده‌وامن له‌ "موزایه‌ده‌"كردن به‌و شاره‌وه‌.

 

له‌ چه‌ند ڕۆژی رابردوودا، 100 په‌رله‌مانتار و رۆژنامه‌وان و كه‌سایه‌تی ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان كه‌ زۆربه‌یان كادیری یه‌كێتی بوون، سه‌باره‌ت به‌ 16 ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2017، داوایه‌كیان ئاراسته‌ی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و داواكاری گشتی هه‌رێم كرد و داوایانكرد "لێكۆڵینه‌وه‌ بكرێت و هۆكاره‌كانی له‌ده‌ستدانی كه‌ركوك و ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان روون بكرێته‌وه‌".

 

شوان داودی په‌رله‌مانتاری پێشووی یه‌كێتی و یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ی واژۆی له‌سه‌ر داواكاریه‌كه‌ كردووه‌، ده‌ڵێت: "كه‌ركوك و ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان ته‌نها زه‌ره‌رمه‌ندی ریفراندۆم و 16 ی ئۆكتۆبه‌ر بوون، بۆیه‌ له‌ رێگه‌ی داواكاریه‌كی فه‌رمیه‌وه‌ داوامان له‌ داواكاری گشتی و ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری كردووه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ بكه‌ن و راستیه‌كانمان بۆ ئاشكرابكه‌ن".

 

له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ ده‌نگی ئه‌مریكا، شوان داودی وتی: "ئێمه‌ی كه‌ركوكی قومارمان پێوه‌كراوه‌ و دۆڕێنراوین، كه‌چی ده‌ستبه‌رداریشمان نابن و موزایه‌ده‌ و كڕین و فرۆشتنمان پێوه‌ ده‌كرێ".

 

وتیشی: "ئێمه‌ ده‌زانین كه‌س لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ناكرێت و هه‌مووی خاوه‌ن هێزه‌، به‌ڵام ده‌مانه‌وێ بزانین بۆ وامانلێكرا، تا ده‌ستبه‌ردارمان بن و چیتر كڕین و فرۆشتنمان پێوه‌ نه‌كرێ".

 

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی بۆچی ته‌نها كادیرانی یه‌كێتی واژۆیان له‌سه‌ر داواكاریه‌كه‌ كردووه‌، شوان داودی باسیله‌وه‌كرد كه‌ پرسی 16 ی ئۆكتۆبه‌ر له‌نێوان یه‌كێتی و پارتی دایه‌، ئه‌و دوو هێزه‌ش به‌رپرسیارن له‌ دۆخی ئێستای كه‌ركوك، وتیشی: "له‌ به‌رچاوی یه‌كێتی شاره‌كه‌ ته‌عریب ده‌كرێ، به‌ڕێوه‌به‌ره‌ كورده‌كان لاده‌برێن، ئیهانه‌ی كورد ده‌كرێ، یه‌كێتی هیچی پێناكرێت، پارتیش هیچی بۆ كه‌ركوك پێ نییه‌".

 

شوان داودی‌ جه‌ختیشیكرده‌وه‌ له‌وه‌ی‌ "له‌ مه‌سه‌له‌ی 16 ی ئۆكتۆبه‌ردا له‌راگه‌یاندنی كوردیه‌وه‌ زیاتر په‌نجه‌ بۆ یه‌كێتی درێژ ده‌كرێت، بۆیه‌ به‌پێویستمانزانی وه‌كو كادیرانی ئه‌و حزبه‌ داوای لێكۆڵینه‌وه‌ بكه‌ین".

 

له‌ رۆژی 16 ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2017 كورد زۆربه‌ی ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كانی له‌ده‌ست دا و ئه‌و ناوچانه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراقه‌وه‌ كۆنترۆڵ كرانه‌وه‌، یه‌كێتی هۆكاری له‌ده‌ستدانی ئه‌و ناوچانه‌ بۆ ریفراندۆم و پارتیش هۆكاره‌كه‌ی بۆ "خیانه‌ت"ی یه‌كێتی ده‌گێڕێته‌وه‌.

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure