سنور ميديا
188 جار بینراوە 10/5/2019 01:15 PM

يه‌كێتى بڕيارى له‌سه‌ر كه‌ركوك دواخستوه‌



سنور ميديا 

بەرپرسانی یه‌كێتی نيشتمانى لە کەرکوک بێده‌نگیان هه‌ڵبژاردووە له‌پرسی دانانی پارێزگاری شارەکە و چاوەڕوانی کەسی یەکەمی حیزبەکەنیان ئەو پرسە یەکلایی بکەنەوە.


نزیكه‌ی 19 مانگ بەسەر کێشەی پارێزگاری کەرکوک تێدەپەڕێت، تا ئێستاش ئەو کێشانە بەبێ چاره‌سه‌ری ماوه‌ته‌وه‌ و ئه‌وه‌ش دوای بەئەنجام نەگەیشتنی هه‌وڵه‌ چڕه‌كانی یه‌كێتی له‌ كه‌ركوك، بۆ دانانی پارێزگار.


رەوەند مەلا مەحمود، جێگری لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتی له‌ كه‌ركوك، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی ڕاگه‌ياندوه‌ "سەرەتا یەکلاییکردنەوەی پرسی کەرکوک مەرجی سەرەکی ئێمە بوو بۆ بەشداریکردن لە حکومەتی هه‌رێم، بەڵام پاش ئەوەی نەمانتوانی بگەینە میکانزیمێکی گونجاو و پێکهێنانی حکومەتیش زۆر لەوادەی خۆی دواکەوت کە بەزیانی هاوڵاتیانی هەرێم شکایەوە، بۆیە گفتوگۆکان بەو ئاراستەیە رۆیشتن. یەکێتی لەپێناو خزمەتکردنی خەڵک، رازیبووه‌ پرسی کەرکوک دوابخات بۆ دوای پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حکومەت، به‌ڵام بە مەرجی ئەوەی لایەنی بەرامبەر بەجدی مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆسیەیەدا بکات".


رەوەند مەلا مەحمود ئاماژەی بەوەشداوە "پرسی کەرکوک بۆ كاك کۆسرەت و كاك مەسعود بارزانی جێهێڵدراوه‌‌، کاک مەسعود بەڵێنی بە یەکێتیداوە خۆی ئەو کێشەیە چارەسەر بکات، بۆیە ئێمە وەک یەکێتییەکانی کەرکوک چاوەڕوانی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمین پاشان وەک لە بەڵێن و رێکكەوتنەکەی نێوان ئێمە و پارتیدا هاتووە دەستدەکرێت بە جێبەجێکردنی داواکارییەکان و یەکلایکردنەوەی دۆسیەی هەڵواسراوی کەرکوک".


ئەوەش دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی ٣ی ئازاری ٢٠١٩ کۆسره‌ت ره‌سوڵ، جێگری یه‌که‌می سکرتێری گشتی یه‌کێتیی و مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆکی پارتی كۆبونه‌وه‌ و بڕیاردرا پرسی دانانی پارێزگاری كه‌ركوك بۆ دوای‌ كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم دوابخرێت و ئه‌و دوو كه‌سایه‌تییه‌ش له‌نێو خۆیاندا پرسه‌كه‌ یه‌كلاییبكه‌نه‌وه‌.


هەروەها كه‌مال كه‌ركوكی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌ چاوپێكه‌وتنێكی ده‌نگی ئه‌مریكادا كۆتایی هه‌فته‌ی رابردوو، وتبوی "پارێزگاری داهاتوی كه‌ركوك نه‌ یه‌كێتی نه‌ پارتی ده‌بێت، به‌ڵكو كه‌سێكی بێلایه‌ن ده‌بێت"، ئه‌وه‌ش پێچه‌وانه‌ی داوا و پێداگرییه‌كانی 19 مانگی رابردوی یه‌كێتییه‌ كه‌ جه‌خده‌كاته‌وه‌ پۆسته‌كه‌ پشكی خۆیانه‌.

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure