فازڵ میرانی
596 جار بینراوە 8/5/2019 11:11 AM

فازڵ ميرانى ڕه‌تى گۆڕان و پارتى ده‌داته‌وه‌



سنور ميديا 

فازڵ میرانی سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند، تا ئێستا هیچ ناونیشانێك بۆ جێگره‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم دانه‌نراوه‌ و ده‌شڵێت: "جێگری سەرۆکی هەرێم بۆ کاروباری سەربازی بۆ یەکێتی خراپە".

 

فازڵ میرانی، سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی هێزه‌ چه‌كداره‌كان لای كام جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌بێت یه‌كێتی یا گۆڕان؟ میرانی به‌م شێوه‌یه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی: "راستی هه‌یه‌ و مه‌نتقیش هه‌یه‌، مه‌نتق ئه‌وه‌یه‌ كه‌ناكرێت جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ ئێستاوه‌ ئیشه‌كانی بۆ دیاریبكرێت چونكه‌ یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ده‌ڵێت، سه‌رۆكی هه‌رێم جێگری ده‌بێت، ده‌سه‌ڵاته‌كانی جێگریش به‌پێی پێویست له‌لایه‌ن سه‌رۆكی هه‌رێمه‌وه‌ دیاریده‌كرێت".

 

وتیشی: "واته‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم به‌پێی رێككه‌وتنه‌ یا هه‌رچیه‌ دیاریبكرێت كه‌واته‌ نرخێك نامێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌و په‌ره‌گرافه‌ی یاساكه‌واته‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ت له‌سه‌رۆكی هه‌رێم وه‌رگیرایه‌وه‌ ئه‌مه‌ نه‌ مه‌نتقه‌ نه‌ یاسایه‌".

 

فازڵ میرانی، ئاماژه‌ی به‌خاڵێكی دیكه‌ دا كه‌ هۆكاره‌ بۆ دیارینه‌كردنی ده‌سه‌ڵاتی جێگره‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم پێش وه‌خته‌، له‌و رووه‌وه‌ وتی: "دووه‌م مه‌نتقێكی تر هه‌یه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ هی یه‌كێتی بێت، جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمیش دووباره‌ بنوسرێت بۆ كاروباری سه‌ربازی، ئه‌وه‌ لایه‌نێكی نێگه‌تیڤی تیادایه‌ بۆ براده‌رانی یه‌كێتی كه‌ وه‌ك حزبكی عه‌سكه‌رتاری پیشان نه‌درێن بوترێت ئه‌مه‌ هه‌ر چاوییان له‌ پێشمه‌رگایه‌تیه‌، ئه‌ی باشه‌ وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ كاری چی ده‌بێت كه‌ جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمیش هه‌مان كاربێت؟".

 

راشیگه‌یاند: "ئه‌سڵه‌ن سه‌رۆكی هه‌رێم فه‌رمانده‌ی هێزه‌ چه‌كداره‌كان ده‌بێت كه‌واته‌ نه‌ جێگره‌كه‌ی نه‌ وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ له‌ پێش ئه‌ودا نایه‌ت هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كانی هێزه‌ چه‌كداره‌كان لای سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌م خواستی حزبایه‌تیه‌ هه‌ریه‌كه‌و به‌شێوه‌یه‌ك ته‌فسیری ده‌كات، به‌ڵام ته‌فسیر كۆتاییه‌كه‌ی لای یاسا و مه‌نتیقه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ رۆژی یه‌كشه‌مه‌ هه‌م براده‌رانی یه‌كێتی له‌وه‌ تێگه‌یشتن و هه‌م براده‌رانی گۆڕان به‌سوپاسه‌وه‌ له‌وه‌ تێگه‌یشتن كه‌ بابه‌ ئه‌مه‌ له‌دوای دامه‌زراندنی دامه‌زراوه‌ی شه‌رعی هه‌رێمی كوردستان سه‌رۆكی هه‌رێم له‌گه‌ڵ جێگره‌كانی كاری خۆیان ده‌كه‌ن".

 

رۆژی دووشه‌ممه‌ له‌وتووێژێكی ده‌نگی ئه‌مریكا شۆڕش حاجی، ئه‌ندامی خانه‌ی راپه‌ڕاندنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان رایگه‌یاند: "پارتی جەختی کردەوە بەڵێنی ئەوەی نەداوە دەسەڵاتی هێزە چەكدارەكان لای جێگرەكەی یەكێتی ده‌ببێت ئەو دەسەڵاتانە لای جێگرەكەی گۆڕان دەبێت".

 

هه‌روه‌ها دوێنێ سێشه‌ممه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ له‌وتووێژێكی له‌ده‌نگی ئه‌مریكا له‌تیف شێخ عومه‌ر وته‌بێژی فه‌رمی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان رایگه‌یاند: "ئێمه‌ و پارتی له‌سه‌ر پڕەنسیبێک رێككه‌وتووین تا هێزی پێشمەرگە دەبێتە هێزی نیشتمانی بڕیارە سەربازییەكانیان لا بمێنێتەوە".

 

سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان جه‌ختی كرده‌وه‌: "هه‌ردوو جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ پشكی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ بێ ناونیشان و ده‌سه‌ڵاته‌ له‌دوای دیاریكردنیان له‌لایه‌ن سه‌رۆكی هه‌رێمه‌وه‌ خۆی ده‌سه‌ڵاته‌كانی بۆ دیاریده‌كرێت".

 

راشیگه‌یاند: "مه‌نتقیش نیه‌ بڵێین ئه‌م جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمه‌ ته‌نها بۆ عه‌سكه‌رییه‌ كه‌واته‌ سبه‌ینێ هه‌ر كارێكی تری هه‌بێت سه‌رۆكی هه‌رێم ته‌كلیفی لێبكات ئه‌ویش بڵێت، وه‌ڵا ئه‌وه‌ ئیش و كاری من نیه‌ ئیش و كاری من سه‌ربازی و هێزه‌ چه‌كداره‌كانه‌".

 

له‌ باره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌واته‌ چۆن یه‌كێتی-تان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رازی كرد؟ فازڵ میرانی به‌م جۆره‌ وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌ی دایه‌وه‌ و وتی: "مه‌نتقێك هه‌یه‌ براده‌رانی یه‌كێتی و كاك كۆسره‌ت خه‌باتكه‌ری كۆنن، ده‌زانن كه‌ ناكرێت ئێمه‌ ئه‌و هه‌موو رێككه‌وتنه‌ سیاسیه‌مان كردووه‌ له‌سه‌ر پۆسته‌ ئه‌ساسیه‌كان، رێككه‌وتوین بێنین به‌و بابه‌ته‌ رازی بكه‌ین ئه‌وه‌ چه‌ند مانگه‌ خه‌ڵكی ئێمه‌ چاوه‌ڕوانه‌ بۆ پارتی و یه‌كێتی جوان نیه‌ له‌سه‌ر یه‌ك خاڵ كه‌ مه‌نتق و یاسا رۆڵی تیادا ده‌بینن نه‌ك خواستی حزبی خواستی به‌رژه‌وه‌ندی میلله‌ته‌كه‌مانی تیادایه‌ كه‌ ئێمه‌ چیتر له‌سه‌ر ئه‌م خاڵه‌ ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ په‌ك نه‌خه‌ینه‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ رازی بوون".

 

وتیشی: "به‌بۆچونی من دیبلۆماسیه‌تی كاك نێچیرڤان و تێگه‌یشتنی كاك كۆسره‌ت و براده‌رانی تری سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی و به‌رژه‌وه‌ندی میلله‌ته‌كه‌مان كاك نێچیرڤان له‌ ئاینده‌دا ده‌توانێت جێگره‌كانی خۆی ئیشیان پێ بسپێرێت به‌پێی پێویست".

 

ئه‌وه‌شی وت: "به‌ كورت و كرمانجی بڵێم هیچ ده‌سه‌ڵاتێك ئیختساسێكی پێش وه‌خت بۆ هیچ كام له‌ جێگره‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم دیاری نه‌كراوه‌، هیچ كامیان یه‌كه‌م و دووه‌م نین، هه‌ردوكیان جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمن".

 

هه‌روه‌ها له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی پێشبینی ناكه‌ن كێشه‌ و گرفتتان بۆ دروست ببێت له‌سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ؟ به‌تایبه‌ت كه‌ شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا له‌ وتووێژێكی ده‌نگی ئه‌مریكا رایگه‌یاند"، كه‌ به‌هیچ جۆرێك گوێ له‌ جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ پشكی گۆڕان ناگرێت ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازیی لابوو".

فازڵ میرانی ده‌ڵێت، "هه‌موومان ده‌بێت له‌حاڵه‌تی سروشتیدا بیربكه‌ینه‌وه‌ قسه‌ بكه‌ین چونكه‌ قسه‌ ئه‌گه‌ر له‌ قوڕگی مرۆڤ ده‌رهات مرۆڤ ده‌بێته‌ ئه‌سیری قسه‌كه‌ی، به‌ڵام كه‌ له‌ناو قوڕگی تۆدایه‌ تۆ حاكمی به‌سه‌ریه‌وه‌ من ده‌ڵێم سروشتی كورد وایه‌ هه‌م هی میلله‌تانی رۆژهه‌ڵاتیش سیاسه‌ت به‌شێوه‌ی كردار و په‌رچه‌ كردار ده‌كه‌ین لێدوانیش به‌و شێوه‌یه‌یه‌ مه‌نتق ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ له‌م وڵاته‌ی كه‌ ئیداره‌دانی ئاسان نیه‌ ناكرێت ئێمه‌ی سیاسی كورد خۆمان ئه‌سیری قسه‌یه‌كی دوێنێ بكه‌ین یان ئه‌سیری رابردوو بكه‌ین".

سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان وتیشی: "جگه‌ له‌وه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی حكومه‌ت و جێگره‌كانیان كه‌سانی لێهاتوو و به‌توانا ده‌بن، ئێمه‌ وا به‌ره‌و رێككه‌وتنێكی سێ قۆڵی ده‌چین ده‌بێت ئیتر بوترێت پارتی و یه‌كێتی و گۆڕان له‌ دوای پێكهێنانی حكومه‌ت، ئه‌و دوو رێككه‌وتنه‌ی كردومانه‌ ده‌چین رێككه‌وتنێكی سێ قۆڵی لێ ده‌رده‌كه‌ینه‌وه‌ چونكه‌ (تا) ی هه‌ڵبژاردن رۆیشت و ره‌ویه‌وه‌ ده‌رئه‌نجامه‌كانمان قبوڵ كردووه‌ كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ پارتی و یه‌كێتی و هه‌رسێ لامان ببینه‌ یه‌ك".

وتیشی: "ده‌بێت وه‌زیره‌كه‌ی گۆڕان وه‌زیری پارتی و یه‌كێتی و هه‌موو كورد بێت، ده‌بێت وه‌زیره‌كه‌ی پارتیش وه‌زیری هه‌موو كوردستان بێت ناكرێت ئێمه‌ ئه‌سیری قسه‌یه‌كی دوێنێ بین، ئه‌گه‌رنا كه‌ رێنماییه‌ك له‌سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ده‌رده‌چێت هه‌موو وه‌زیر و كاربه‌ده‌سته‌كان پابه‌ندی ده‌بن ئه‌گه‌رنا ئێمه‌ یاسامان هه‌یه‌ ده‌بێت به‌رپرسیار بێت به‌رامبه‌ر ئه‌و بڕیارانه‌ی هه‌رچیه‌ك بێت".

سه‌باره‌ت به‌ كاتی پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، فازڵ میرانی وتی: "هیوا شتێكه‌ وه‌ واقیع شتێكی تره‌ من ده‌خوازم له‌ماوه‌ی 10 رۆژدا بتوانرێت سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم كارا بكرێته‌وه‌، هیوا ده‌خوازم جه‌ژنی ره‌مه‌زان بكه‌ینه‌ دوو جه‌ژن جه‌ژنی پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت به‌سه‌رۆكایه‌تی مه‌سرور بارزانی و جه‌ژنی ره‌مه‌زانیش بێت بۆ هه‌موومان".

ده‌شڵێت: "ئێمه‌ هه‌موو قۆناغه‌كانمان بڕیووه‌ پۆسته‌كانیش رێككه‌وتنمان له‌سه‌ر كردووه‌ له‌گه‌ڵ برایانی گۆڕان و یه‌كێتی هی خۆشمان ئاماده‌ كردووه‌ كه‌واته‌ ئه‌ركی كاك مه‌سرورمان ئاسانتر كردووه‌ له‌ دوای ته‌كلیفكردنی بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت ئه‌و ده‌چێت له‌گه‌ڵ حزبه‌كان به‌رنامه‌ی وه‌زاری خۆی داده‌نێت".

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure