مووچه‌
522 جار بینراوە 23/4/2019 04:22 PM

مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم ته‌قه‌ ده‌خاته‌ نێوان عادل عه‌بدولمه‌هدى و عه‌بادى



سنور ميديا 

هۆشیار عه‌بدوڵا ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق رایگه‌یاند كه‌ به‌هۆی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم عه‌بادی شه‌ڕ به‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌فرۆشێت، جه‌ختیشی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ "ده‌بێت داكۆكی له‌ عه‌بدولمه‌هدی بكه‌ین".

له‌ ڕاگه‌يه‌نراوێكدا هۆشیار عه‌بدوڵا ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق له‌سه‌ر فراكسیۆنی‌ گۆڕان ره‌خنه‌ له‌و لایه‌نه‌ سیاسیانه‌ ده‌گرێت كه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراقیان كردۆته‌ ئامانج به‌هۆی ئه‌وه‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌چوارچێوه‌ی یاسا و به‌پێی یاسای بودجه‌ خه‌رج ده‌كات.

 

هۆشیار عه‌بدوڵا ده‌ڵێت: "ناتواندرێت سیاسه‌تی عه‌بدولمه‌هدی به‌رامبه‌ر هه‌رێم به‌ سیاسه‌تی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوو به‌راورد بكرێت، كه‌ موجامه‌له‌ی سه‌ركرده‌ی حزبه‌ كوردیه‌كانی ده‌كرد له‌سه‌ر حسابی به‌رژوه‌ندی هاوڵاتیانی هه‌رێم".

 

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌داوه‌ كه‌ "گروپێك سیاسی و په‌رله‌مانتاری نزیك له‌عه‌بادی، عه‌بدولمه‌هدی به‌ئامانج ده‌گرن، به‌بیانوی ئه‌وه‌ی كه‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ده‌دات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌چوارچێوه‌ی یاسا ده‌درێت و له‌یاسای بودجه‌دا بڕیاری له‌سه‌ردراوه‌، به‌ڵام له‌خولی پێشوودا راسته‌وخۆ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوو موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی به‌رێژه‌یه‌كی دیاریكراو ره‌وانه‌ ده‌كرد به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ چوارچێوه‌یه‌كی یاسایی هه‌بێت، و له‌پێناوی رازیكردنی لایه‌نه‌سیاسیه‌ كوردیه‌كان بوو بۆئه‌وه‌ی پشتیوانی بكه‌ن به‌مه‌به‌ستی به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی ویلایه‌تی دووه‌م، به‌م جۆره‌ش جیاوازیه‌كی گه‌وره‌ هه‌یه‌ له‌نێوان رێكاری ناردن له‌لایه‌ن عه‌بادی و عه‌بدولمه‌هدی".

 

رونیشیكرده‌وه‌ كه‌ "واده‌رده‌كه‌وێت عه‌بدولمه‌هدی تێروانینێكی رون و ستراتیژی هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ری پرسی نه‌وت له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان، و نیه‌تی جدی هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه‌ و كێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانی چه‌ندین ساڵه‌ی نێوان هه‌ردوولا ئه‌وه‌ش تێروانینێكی ئه‌رێنیه‌ و شایسته‌ی ئه‌وه‌یه‌ پشتیوان و هه‌مه‌هه‌نگی بین".


ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی‌ گۆڕان راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ "من به‌و كه‌سانه‌ ده‌ڵێم كه‌ عه‌بدولمه‌هدی به‌ئامانج ده‌گرن، هێشتا زووه‌ بۆ ئه‌و هه‌نگاوه‌، چونكه‌ تائێستا كاتی پێویستی پێنه‌دراوه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ ده‌رفه‌تی زیاتری پێ بده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كێشانه‌ی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر چاره‌سه‌ر بكات كه‌ ده‌توانێت، به‌تایبه‌تیش ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌پرسی نه‌وته‌وه‌ هه‌بێت".


ده‌شڵێت: "ئێمه‌ پشتیوانی بنه‌مایی شه‌فافیه‌ت ده‌كه‌ین تێیدا و پێمانوایه‌ پێویسته‌ له‌رێگه‌ی كۆمپانیای سۆمۆوه‌ بفرۆشرێت و گرنگترین شتیش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هاوڵاتیانی هه‌رێم باجی ناكۆكیه‌كان نه‌ده‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌سه‌رده‌می عه‌بادی رویدا كاتێك خۆی له‌دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌و كێشه‌یه‌ دزیه‌وه‌ و به‌وه‌ش نه‌وتی هه‌رێم ده‌دزرا و خه‌ڵكیش بێ موچه‌ بوو".

 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌ "ساڵی 2018 له‌كۆتایی خولی پێشوودا رێژه‌یه‌كی دیاریكراو له‌موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ده‌درا كه‌ كۆی پاره‌كه‌ 317 ملیار دیناری مانگانه‌ بوو له‌لایه‌ن عه‌بادی و بۆ مه‌به‌ستی سیاسی و كاتێكیش عه‌بدولمه‌هدی ده‌ستی كرد به‌ناردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌چوارچێوه‌ی یاسا و له‌رێگه‌ی بودجه‌وه‌، عه‌بادی له‌رێگه‌ی ژماره‌یه‌ك له‌ په‌رله‌مانتار و سیاسیه‌ نزیكه‌كانی ده‌ستیان كرد به‌ به‌ئامانج گرتنی عه‌بدولمه‌هدی ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ویژدانی به‌رامبه‌ر هاوڵاتیانی هه‌رێم به‌كارهێنا، له‌به‌ئه‌وه‌ی ده‌ستی كردووه‌ به‌هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ به‌ئامانجی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی جدی".

 

هۆشیار عه‌بدوڵا باسی‌ له‌وه‌شكردووه‌ كه‌ "هاوڵاتیانی هه‌رێم كه‌ عه‌بدولمه‌هدی به‌ ئینصاف بوو به‌رامبه‌ریان هاوڵاتی عیراقی ساده‌ و زه‌حمه‌تكێشن كه‌ له‌موچه‌كانیان بێبه‌ش كرابوون، هه‌مان ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ عه‌بادی له‌خولی پێشوودا سزای ده‌دان، كاتێك موجامه‌له‌ی سه‌ركرده‌ی حزبه‌ گه‌وره‌كانی هه‌رێمی ده‌كرد له‌سه‌رحسابی به‌رژوه‌ندی هاوڵاتیان".

 

جه‌ختیشی‌ له‌وه‌كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ "جیاوازیه‌كه‌ له‌نێوان دو كه‌سدایه‌ كه‌ عه‌بدولمه‌هدی و عه‌بادین یه‌كه‌میان دڵی لای ژیانی هاوڵاتیانی هه‌رێم و موچه‌كانیانه‌ و دوه‌میان هاوڵاتیان بێبه‌ش ده‌كات له‌ موچه‌ و موجامه‌له‌ی سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كانی هه‌رێم ده‌كات له‌پێناوی خواسته‌ سیاسیه‌كانی".

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure