مووچه‌
505 جار بینراوە 22/4/2019 03:54 PM

وه‌زيرى دارايى عيراق زانيارى له‌باره‌ى ناردنى مووچه‌ى چوار مانگى رابردو ئاشكرا ده‌كات



سنور ميديا 

فوئاد حسێن، وه‌زیری دارایی و ئابوری حكومه‌تی عیراق رایگه‌یاند، ئه‌وان له‌ به‌غداوه‌ مووچه‌ی مانگه‌كانی یه‌ك و دوو و سێ و چواریان به‌ پێی یاسای بودجه‌ی 2019، به‌ ته‌واوی ره‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ و ده‌شڵێت: "له‌م رۆژانه‌دا 68 ملیار دیناره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ به‌سه‌ریه‌كه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ی هه‌رێم ده‌كرێت".

 

د. فوئاد حسێن، وه‌زیری دارایی عیراق به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای راگه‌یاند: "ئێستا ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غداد هه‌یه‌ زۆرباشه‌، واته‌ من ناڵێم كێشه‌ نیه‌ به‌ڵام كێشه‌كان به‌ڕێگای تر چاره‌سه‌ر ده‌كرێت واته‌ هه‌میشه‌ به‌ گفتوگۆ چاره‌سه‌رده‌كرێت، ئه‌و كێشانه‌ی كه‌ هه‌ن دیارن، مه‌سه‌له‌ی بودجه‌ و موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بوو كه‌ یه‌كێك بوو له‌كێشه‌ گه‌وره‌كان چاره‌سه‌ر كرا له‌ یاسای بودجه‌ی عیراقی و چه‌سپا له‌یاساكه‌، هه‌موو كاتێك موچه‌ی هه‌رێمی كوردستان چاره‌سه‌ر ده‌كرێت."

 

وتیشی: "بابه‌تی تر په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ نه‌وت-ه‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش دوو به‌شه‌، به‌شی یه‌كه‌م، ئه‌و به‌شه‌ی كه‌ له‌ناو یاسای بودجه‌دا هه‌یه‌ كه‌ بری 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وته‌، پێویسته‌ هه‌رێمی كوردستان راده‌ستی كۆمپانیای سۆمۆ-حكومه‌تی فیدراڵی عیراقی بكات، به‌شی دووه‌م په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌سیاسه‌تی نه‌وت به‌گشتی له‌كوردستان و له‌عیراق، ئه‌وه‌ی به‌شی یه‌كه‌م به‌ بۆچونی من به‌م نزیكانه‌ دانوستاندن له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا له‌سه‌ر ئاستی باڵا له‌و رووه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات".

 

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا له‌ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی هه‌ر كێشه‌یه‌كی سیاسی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی بودجه‌ی هه‌رێم ببڕدرێته‌وه‌؟

 

د. فوئاد حسێن وتی: "نه‌خێر من باسی یاسای بودجه‌ ده‌كه‌م، مه‌عقول نیه‌ ئه‌مساڵ بودجه‌ بدرێت و ساڵێكی تر نه‌درێت، ئێمه‌ ئێستا كه‌ به‌شدارین له‌حكومه‌ت به‌شداری ئێمه‌ هه‌ر پۆسته‌كه‌ نیه‌ به‌ڵكو له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كه‌ كه‌ رۆڵمان هه‌یه‌ و به‌شێكین له‌بڕیار به‌بۆچونی من تا په‌یوه‌ندی هه‌رێم و به‌غدا به‌ره‌و باشی بڕوات هیچ كێشه‌یه‌ك نیه‌، بابه‌تی دووه‌م، دانوستاندن ده‌ست پێده‌كات".

 

ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی ده‌وترێت تا ئێستا هه‌رێم پابه‌ند نه‌بووه‌ به‌ راده‌ستكردنی بڕی 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه‌ به‌ به‌غدا؟ فوئاد حسێن وتی: "ئه‌وه‌ ئه‌و خاڵی دووه‌مه‌یه‌ كه‌ پێشتر باسم كرد كه‌ به‌م نزیكانه‌ دانوستانی له‌سه‌ر ده‌كرێت، ئه‌مه‌ له‌میدیاكانی عیراق و كوردستانیش باس ده‌كرێت هه‌تا راستی بڵێم ئه‌وه‌ به‌شێكی په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كانی خۆمانن، به‌ڵام ئه‌مه‌ تا ئێستا نه‌بوەته‌ كێشه‌، چونكه‌ راسته‌ بابه‌تی مووچه‌ ته‌نها ژماره‌یه‌، به‌ڵام بابه‌تی نه‌وت ریشه‌ی هه‌یه‌ كه‌ بابه‌تی ئابووری و په‌یوه‌ندی هه‌رێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمپانیانه‌ی كاری له‌گه‌ڵ كردوون ئه‌مه‌ هه‌مووی پێویسته‌ دانوستاندنی له‌سه‌ر بكرێت هه‌روه‌ك بابه‌تی ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كانی مادده‌ی 140 ی ده‌ستوور كه‌ چۆن پێویسته‌ گفتوگۆی له‌سه‌ر بكرێت بابه‌تی نه‌وت-یش ئه‌وه‌ دانوستاندن ده‌ست پێده‌كات له‌سه‌ری".

 

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ده‌وترێت راده‌ستنه‌كردنی نه‌وتی هه‌رێم به‌ به‌غدا جۆرێك له‌ "ئیحراجی" و فشاری بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق و خۆت وه‌ك وه‌زیرێكی كورد دروست كردووه‌ له‌شه‌قامی عیراقی كه‌بودجه‌ نه‌نێرن بۆ هه‌رێمی كوردستان تا راده‌ستكردنی نه‌وت؟

 

فوئاد حسێن له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێت: "فشاره‌كه‌ به‌وجۆره‌بوو كه‌ هه‌ندێك له‌ په‌رله‌مانتاره‌كان كه‌ له‌نێویشیاندا كورد هه‌بوو ئه‌م بابه‌ته‌یان له‌ میدیا باسكرد بێگومان هه‌م ده‌گاته‌وه‌ به‌سه‌رۆك وه‌زیران هه‌م به‌من، به‌ڵام من پابه‌ندم به‌ یاسایه‌كه‌وه‌ كه‌ یاساكه‌ یاسای بودجه‌یه‌، ئه‌وان ده‌توانن بۆ خۆیان قسه‌ بكه‌ن و فشار بكه‌ن ئازادن به‌ڵام هیچ كاریگه‌رییه‌كی نابێت چونكه‌ من یاسایه‌ك به‌ده‌ستمه‌وه‌یه‌ كه‌یاسای بودجه‌ی عیراقه‌".

 

به‌ڵام په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كان چ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كیان له‌مه‌دا هه‌یه‌ كه‌خۆت ده‌ڵێی به‌شێك له‌وانه‌ كوردن له‌كاتێكدا ئه‌مه‌ بابه‌تی موچه‌ی خه‌ڵكه‌؟ وه‌زیری دارایی و ئابوری حكومه‌تی عیراقی وتی: "من رێزم هه‌یه‌ بۆ په‌رله‌مانتاران و په‌رله‌مان به‌ڵام هه‌ندێك جار هه‌ندێكیان نه‌ك هه‌موویان لێدوان ده‌ده‌ن زانیارییه‌كانیان دروست نیه‌، هه‌ندێكیان وا نیشان ده‌ده‌ن كه‌ هه‌ندێكجار مووچه‌ دواده‌كه‌وێت بیكه‌نه‌ خه‌تای یه‌كێك كه‌ مووچه‌ دێت بیكه‌نه‌ ده‌ست كه‌وتی خۆیان كه‌ ئه‌مه‌ نابێت، نابێت مه‌سه‌له‌ی مووچه‌ و بژێوی خه‌ڵك بكرێته‌ سیاسی، به‌ڵام وه‌ك وتم یاسایه‌ك هه‌یه‌ كه‌یاسای بودجه‌یه‌ په‌رله‌مان په‌سه‌ندی كردووه‌ به‌شێكی ئه‌و یاسایه‌ تایبه‌ته‌ به‌بودجه‌ و مووچه‌ی كوردستان من وه‌ك لایه‌نی جێبه‌جێكار واجبی "وه‌زیفی" و سیاسی و ئه‌خلاقی و یاسایی-م ئه‌وه‌یه‌ كه‌ جێ به‌جێی بكه‌م ئیتر فشار هه‌بێت یاخود نا من جێ به‌جێی ده‌كه‌م".

وه‌ك لایه‌نی حكومه‌تی عیراقی ئێوه‌ ئاگادارن ئێستا له‌ هه‌رێمی كوردستان مووچه‌ی مانگی یەک دابه‌شده‌كرێت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی بودجه‌ی چوار مانگی هه‌رێم-تان ناردووه‌؟

 

وه‌زیری دارایی و ئابوری حكومه‌تی عیراقی وتی: "ئه‌وه‌ بابه‌تێكی تره‌ چونكه‌ كه‌ بودجه‌ بڕا له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌رێمی كوردستان قۆناغێكی "ته‌قه‌شوف"ی ده‌ستپێكرد، له‌ قۆناغێكی دیاریكراو زه‌حمه‌ت بوو بۆی مووچه‌ بدات هه‌م مووچه‌ دواده‌كه‌وت هه‌م پاشه‌كه‌وت هه‌بوو جا ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندی هه‌بوو به‌و دۆخه‌ی هه‌رێمی كوردستانی تێدا بوو، واته‌ ئه‌مه‌ تێده‌گه‌م ئه‌م بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌و دۆخه‌ی چه‌ند ساڵبوو هه‌رێمی كوردستانی تێدابوو".

 

پێشتر رێبوار كه‌ریم په‌رله‌مانتاری سه‌ربه‌خۆی كورد له‌په‌رله‌مانی عیراق رایگه‌یاندبوو، "به‌غدا مووچه‌ی سێ مانگی هه‌رێمی ناردووه‌ به‌ڵام به‌ تاڵان براوه‌ و نه‌دراوه‌ به‌ فه‌رمانبه‌ران به‌ڵكو دراوه‌ به‌ وه‌به‌رهێنه‌ران به‌پێی زانیارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانمان".

 

لەو بارەوە فوئاد حسێن ده‌ڵێت: "ئه‌وه‌ی كه‌ وتی به‌غدا پاره‌ی سێ مانگی ناردووه‌ ئه‌وه‌ من وتم و په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كان دوباره‌یان كرده‌وه‌، من له‌به‌غداوه‌ قسه‌ ده‌كه‌م وه‌ك وه‌زیری حكومه‌تی فیدراڵ، ئنجا سیاسه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم دۆخه‌كه‌ی په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌و دۆخه‌ ئابووریه‌ی كه‌ تیایدا بوو، ئێمه‌ له‌ سه‌ره‌تای مانگی سێ كه‌یاسای بودجه‌مان په‌سه‌ندكرد پێشتر وه‌ك ساڵی رابردوو پاره‌مان ناردبوو بۆ هه‌رێم به‌ڵام له‌مانگی سێ له‌گه‌ڵ جێ به‌جێ كردنی یاسای بودجه‌ی عیراقی ئه‌وه‌ی كه‌ممان ناردبوو بۆمانگی یه‌ك و دوو له‌گه‌ڵ مانگی سێ ناردمان واته‌ مانگی سێ و چوار به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی له‌ یاسای بودجه‌دا دیاریكراوه‌ پاره‌مان ناردووه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان".

 

وتیشی: "ئه‌وه‌ی چۆن ده‌درێت له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌و سیاسه‌ته‌ ته‌قه‌شوفه‌-ی هه‌بوو له‌كوردستان ئێستا كه‌نه‌ماوه‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن چاره‌سه‌ری بكه‌ن به‌ڵام خۆ ناتوانن هه‌مووی چاره‌سه‌ر بكه‌ن، من ناتوانم به‌ناوی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ قسه‌بكه‌م به‌ڵام وه‌ك كه‌سێك كه‌خۆم له‌وێ بوم و ئاگاداربوم له‌دۆخه‌كه‌ ناتوانن هه‌موو شت به‌یه‌كجار چاره‌سه‌ر بكه‌ن".

 

ده‌رباره‌ی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا ئێوه‌ به‌دواداچوون ناكه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و پاره‌یه‌ی ده‌ینێرن بۆ پارێزگا و هه‌رێمه‌كان له‌عیراق له‌نێویاندا هه‌رێمی كوردستان كه‌بزانن ئه‌و پاره‌یه‌ چۆن خه‌رج ده‌كرێت؟

 

د.فوئاد حسێن وتی: "دۆخی هه‌رێمی كوردستان جیاوازه‌ له‌شوێنه‌كانی تری عیراق چونكه‌ یاسای خۆی هه‌یه‌، حكومه‌تی خۆی هه‌یه‌ په‌رله‌مانی خۆی هه‌یه، په‌رله‌مانی كوردستان ده‌زانێت كه‌ پاره‌ چووه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان كاری ئه‌وه‌ به‌دواداچوون له‌وباره‌یه‌وه‌ بكات".

 

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا له‌به‌غداوه‌ به‌شه‌ مووچه‌ی هه‌رێمی كوردستان-تان به‌ پاشه‌كه‌وته‌وه‌ ناردووه‌ بۆ مانگه‌كانی (1,2,3) واته‌ بڕی 317 ملیار دینار یان به‌بێ پاشه‌كه‌وت وه‌ك له‌یاسای بودجه‌دا هاتووه‌ 522 دینار؟

 

وه‌زیری دارایی و ئابوری حكومه‌تی عیراقی فیدراڵ وتی: "پاشه‌كه‌وت په‌یوه‌ندی نیه‌ به‌ ئێمه‌وه‌، مانگی یه‌ك و دوو وه‌ك ساڵی رابردوو پاره‌ رۆیشت بۆ هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام مانگی سێ زیاتر بوو جگه‌ له‌وه‌ی مانگی سێ وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌یاسای بودجه‌دا هاتبوو نێردرا، هاوكات زیاده‌یه‌كیشی هه‌بوو وه‌ك ته‌واوكاری مانگه‌كانی (یه‌ك و دوو) مانگی سێ وه‌ مانگی چوار-یش بودجه‌ به‌ته‌واوی وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌یاسای بودجه‌ی عیراقیدا هاتووه‌ نێردراوه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان".

 

رۆژی 11ی نیسانی 2019، رێباز حه‌ملان وه‌زیری دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا حکومەت بەنیازە پاشەکەوتی موصچەکانی فەرمانبەران بداتەوە؟ رێباز حەملان بۆ ده‌نگی ئه‌مریكا وتی: "بەغدا بودجەی هەرێمی بڕی خۆ ئەگەر بودجە-شی بڕی دەبوو هەر مووچەی بناردایە بۆیە ئەگەر حکومەتی هەرێم دەستی کرد بەدانەوەی مووچە دەبێت بەشە زۆرەکەی حکومەتی عیراق ئەو ئەرکە لە ئەستۆ بگرێت".

 

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئایا حكومه‌تی عیراقی ئاماده‌یه‌ ئه‌و ئه‌ركه‌ له‌ ئه‌ستۆ بگرێت؟ وه‌زیری دارایی و ئابوری حكومه‌تی عیراقی فیدراڵ وتی: "مه‌به‌ستی وه‌زیری دارایی هه‌رێم ئه‌و سێ ساڵه‌ی رابردووه‌، به‌ڵام لێره‌ش هه‌ندێك له‌به‌رپرسانی عیراقی ده‌ڵێن ئێوه‌ش نه‌وتتان فرۆشتووه‌ خۆی ئه‌وه‌ لایه‌كی بابه‌ته‌كه‌یه‌، به‌ڵام واقیعه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كێشه‌یه‌كی سیاسی گه‌وره‌ هه‌بوو، به‌بۆچونی من هه‌رێم ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌كاته‌ خاڵێكی گفتوگۆكانی ئه‌و شانده‌ی كه‌دێنه‌ به‌غدا، واته‌ ئه‌م بابه‌ته‌ پێویستی به‌دانوستانه‌".

 

وه‌زیری دارایی عیراق ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: "مووچه‌ی مانگی یه‌ك و دوو بڕی 317 ملیار دینار نێردرا بۆ هه‌رێم به‌ڵام مانگی سێ له‌گه‌ڵ مووچه‌كه‌دا ئه‌و بڕه‌ی كه‌می هه‌بوو له‌مانگی یه‌ك و دوو به‌پێی یاسا زیاده‌ی ئه‌و پاره‌یه‌ نێردرا بۆ هه‌رێم وه‌ مانگی چواریش هه‌روا، ئیتر بابه‌تی پاشه‌كه‌وت لای ئێمه‌ له‌یاسای بودجه‌دا نیه‌ ئێمه‌ به‌پێی یاسای بودجه‌ كارمان كردووه‌، "ئه‌ساسی مه‌سه‌له‌كه‌" ئه‌وه‌یه‌ مووچه‌ی مانگی یه‌ك چووه‌ بۆ هه‌رێم به‌ڵێ، مانگی دوو، به‌ڵێ، مانگی سێ به‌ڵێ، مانگی چوار به‌ڵێ، واته‌ پاره‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم بۆ مانگه‌كانی 4,3,2,1 به‌ته‌واوی به‌پێی یاساكه‌ نێردرا بۆ كوردستان ئیتر خه‌ڵك و په‌رله‌مانتار چۆن "ته‌فسیری"ده‌كه‌ن كه‌یفی خۆیانه‌، خۆ "قورئانیش" ته‌فسیری جیای بۆ ده‌كه‌ن هه‌ندێك خه‌ڵك، به‌ڵام دۆخی كوردستان په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌و دۆخه‌ی سێ ساڵی رابردوو ئێستا كه‌ پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ لاچووه‌ هه‌ر دواكه‌وتنی مووچه‌كه‌یه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش له‌ ئاینده‌دا چاك ده‌كرێت".

 

راشیگه‌یاند: "به‌دڵنیایی موتابه‌عه‌ ده‌كه‌ین و پرسیاركردن مافی هه‌موومانه‌ له‌سه‌ر دواكه‌وتنی مووچه‌ به‌ڵام دڵنیام ناردنی بودجه‌ له‌به‌غداوه‌ بۆ هه‌رێم به‌رده‌وام بێت له‌چه‌ند مانگی داهاتوو دواكه‌وتنی مووچه‌-ش نامێنێ، هه‌ر لێپرسینه‌وه‌یه‌كیش كاری په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستانه‌".

 

له‌ باره‌ی ره‌وانه‌كردنی مووچه‌ی چوار مانگی پێشمه‌رگه‌وه‌ فوئاد حسێن وتی: "كێشه‌یه‌ك هه‌بوو ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر كرا ئێستا من وه‌ك وه‌زیر واژۆم كردووه‌ و سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراقیش وه‌ك وه‌زیری به‌رگری به‌وه‌كاله‌ت ره‌زامه‌ندی نواندووه‌ له‌م رۆژانه‌دا بڕی ئه‌و 68 ملیاره‌ هی چوار مانگ به‌سه‌ریه‌كه‌وه‌ ره‌وانه‌ی هه‌رێم ده‌كرێت".

 

ده‌رباره‌ی هاوتاكردنی مووچه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی به‌رگری عیراق؟ فوئاد حسێن وتی: "ئه‌وه‌ كێشه‌ی هه‌یه‌، یه‌كێك له‌و كێشانه‌ی كه‌هه‌یه‌ مه‌سه‌له‌ی "میلاكاته‌" كه‌وه‌زاره‌تی به‌رگری عیراق له‌گه‌ڵ میلاكی وه‌زاره‌ت چۆنه‌ و چۆن نیه‌ كێشه‌ی هه‌یه‌ پێویسته‌ رێكبخرێت، كێشه‌ی دووه‌م، ژماره‌ی پێشمه‌رگه‌یه‌ كه‌ دیاریكراوه‌ جا ئه‌مانه‌ بابه‌تی وردن و پێویسته‌ گفتوگۆی له‌سه‌ر بكرێن و چاره‌سه‌ربكرێن".

 

فوئاد حسێن له‌دوا به‌شی وتووێژه‌كه‌دا وه‌ك په‌یامێك بۆ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند: "ئێستا حكومه‌ته‌كه‌ جیاوازه‌، كه‌سه‌كان جیاوازن، پێویست ناكات به‌وشێوه‌یه‌ بیربكرێته‌وه‌ كه‌ بودجه‌ ده‌بڕردرێت من یاسایه‌ك به‌ده‌ستمه‌وه‌یه‌ كه‌یاسای بودجه‌یه‌ و گرنگه‌، هه‌تا من له‌و پۆسته‌دا بم پابه‌ندی یاسا ده‌بم، ده‌سه‌ڵاتی خۆم به‌كارده‌هێنم هیچ كات ناهێڵم مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ببڕدرێت ئه‌گه‌ر منیش له‌و پۆسته‌دا نه‌مام ئه‌وا هه‌ركه‌سی تر بێت خۆ ده‌بێت ئه‌ویش پابه‌ندی یاسا بێت".

 

زۆرترین خوێندراوە

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure