سنور ميديا
310 جار بینراوە 19/4/2019 08:49 AM

له‌ لێوارى مه‌رگه‌وه‌ بۆ بوون به‌ پزیشك
چیرۆكى په‌نابه‌رێكى عێراقى له‌ به‌له‌مێكى قاچاخى كۆچبه‌راندا



سنور ميديا 

ماڵپه‌رى هه‌واڵى ده‌یلى مه‌یڵ ، چیرۆكى پڕ نه‌هامه‌تى خێزانێكى عێراقى له‌زارى یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانى ئه‌و خێزانه‌وه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ به‌ قاچاخ و به‌به‌له‌م له‌ساڵى 2000 دا ڕوویان له‌ ئوسترالیا كردووه‌ و دواتر و له‌ ئێستادا ئه‌و ئه‌ندامه‌ى ئه‌و خێزانه‌ عێراقییه‌ بووه‌ته‌ پزیشك و خزمه‌ت به‌ كۆمه‌ڵگاى ئوسترالی ده‌كات.


به‌تول، ناوى ئه‌و كچه‌ په‌نابه‌ره‌ عێراقییه‌یه‌ كه‌ هه‌ژده‌ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ به‌له‌مێكى قاچاخدا خه‌ریك بوو ژیانى كۆتایى بێت به‌جۆرێك له‌پاش چه‌ند ڕۆژ مانه‌وه‌ له‌و به‌له‌مه‌دا ، ئیتر خۆراك و ئاویان لێده‌بڕێت و به‌له‌مه‌كه‌شیان كون ده‌بێت.


به‌تول، له‌و چاوپێكه‌وتنه‌دا ئه‌وه‌ ده‌گێڕته‌وه‌ كه‌ ئه‌وان له‌ خێزانێكى ده‌وڵه‌مه‌ندى شارى به‌سره‌ بوون به‌ڵام له‌ده‌ست ڕژێمى سه‌دام حوسێن هه‌ڵهاتوون و ده‌بوایه‌ به‌ هه‌ژارى له‌ هه‌ردوو ووڵاتى مالیزیا و ئیندۆنیسا بژیانایه‌، هه‌تا ئه‌و كاته‌ى بڕیاریاندا به‌ به‌له‌مێكى قاچاخ ڕوو له‌ ئوسترالیا بكه‌ن. نقومبوونى به‌له‌مى قاچاخ كۆچبه‌ران له‌و ساڵانه‌دا بووبووه‌ هه‌واڵێكى دڵته‌زێنى ڕۆژانه‌ و له‌ یه‌كه‌م هه‌وڵى ئه‌وانیشدا به‌له‌مه‌كه‌یان تێكده‌شكێ و له‌ دوورگه‌یه‌كى نزیك ئیندۆنیسیا له‌نگه‌ر ده‌گرن كه‌ به‌ ووته‌ى به‌تول، ده‌ریاكه‌ پڕ بووه‌ له‌ گیاندارى ترسناكى وه‌ك تیمساح و گیاندارى ئاوى ترى ترسناك. له‌پاش ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندیان به‌ كه‌سوكاریانه‌وه‌ نامێنێت، خانه‌واده‌ى به‌تول واده‌زانن ئه‌وان گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ چونكه‌ نه‌مانى هه‌واڵى ئه‌وان هاوكات بووه‌ له‌گه‌ڵ نقومبوونى به‌له‌مێكى ترى په‌نابه‌ران له‌و كاته‌دا، بۆیه‌ خانه‌واده‌كه‌یان ده‌ستیانكردووه‌ به‌ دانانى پرسه‌ بۆیان.


پاشان قاچاخچییه‌كان به‌له‌مێكى تریان بۆده‌هێنن كه‌ لێوان لێو بووه‌ له‌ په‌نابه‌رى تر و ئه‌وانیش ناچار ده‌كه‌ن كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌له‌مه‌دا بڕۆن.

له‌ پاش ڕوودانى نقومبوونى ده‌یان به‌له‌مى په‌نابه‌ران له‌ پێش گه‌یشتنیان به‌ ئوسترالیا، حكومه‌تى ئوسترالیا ماوه‌ى چه‌ندین ساڵه‌ بڕیاریداوه‌ له‌سه‌ر گرتن و گێڕانه‌وه‌ى كۆچبه‌رانى ده‌ریایى قاچاخ ، واته‌ له‌ ئێستادا ، هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت به‌ قاچاخ و به‌به‌له‌م ڕوو له‌ ئوسترالیا بكات ، ده‌ستگیر ده‌كرێت و ڕه‌وانه‌ى ئه‌و ووڵاته‌ ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ هه‌وڵى داوه‌ لێوه‌ى بچێت بۆ ئوسترالیا یان ڕه‌وانه‌ى ووڵاتى خۆى ده‌كرێته‌وه‌.


به‌ڵام له‌و ساڵانه‌ى سه‌ره‌تاى 2000 دا ، په‌نابه‌رانى وه‌ك به‌تول، له‌پاش نزیكبوونه‌وه‌یان له‌ سنوره‌ ئاوییه‌كانى ئوسترالیا كه‌ ئه‌گه‌ر به‌ختیان هه‌بووایه‌ و نقوم نه‌بوونایه‌ ، له‌لایه‌ن هێزه‌كانى پاسه‌وانى سنورى ئوسترالیاوه‌ ده‌بران بۆ دوورگه‌ى كریسمسى ئه‌و ووڵاته‌.


له‌پاش گه‌یشتنیشیان به‌ ئوسترالیا، به‌تول له‌ساڵى 2001 دا مافى په‌نابه‌رێـتى وه‌رگرتووه‌ و له‌پاش خوێندنى له‌و ووڵاته‌، له‌ ئێستادا پزیشكه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كى ئه‌و ووڵاته‌. به‌تول، ده‌ڵێت كه‌ زۆر خۆشحاڵه‌ به‌وه‌ى كه‌ له‌ ئوسترالیا پێشوازى لێكراوه‌ و ده‌رفه‌تى ئه‌وه‌ى هه‌بووه‌ ببێت به‌ پزیشك له‌و ووڵاته‌.

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure