نه‌وشيروان مسته‌فا
270 جار بینراوە 15/4/2019 02:10 PM

مه‌ریوان وریا قانع و ئاراس فه‌تاح راسته‌وخۆ ره‌خنه‌ له‌ نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌گرن



سنور ميديا 

هه‌ردوو نووسه‌ر مه‌ریوان وریا قانع و ئاراس فه‌تاح بۆ یه‌كه‌مجار له‌ دوای‌ مردنی‌ راسته‌وخۆ ره‌خنه‌ له‌ نه‌وشیروان مسته‌فا رێكخه‌ری‌ كۆچكردووی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ده‌گرن و ئاماژه‌یان به‌وه‌داوه‌ كه‌ " نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ڕێگای ته‌وریسكردنی موڵك و ماڵ و ده‌زگا سه‌ره‌كییه‌كانی بزوتنه‌وه‌كه‌وه‌ بۆ كوڕه‌كانی، ھه‌ڵه‌یه‌كی ستراتیژیی كوشنده‌ و كاره‌ساتێكی سیاسیی هێجگار گه‌وره‌ی ئه‌نجامدا".

 

مه‌ریوان وریا قانع و ئاراس فه‌تاح له‌ وتارێكدا به‌ناوی‌ "بزوتنەوەی گۆڕان: شكستی نوخبه‌یه‌كی سیاسیی نوێ" نووسیویانه‌ "دروستبوونی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ ساڵی 2009دا ته‌نھا ساته‌وه‌ختی له‌دایكبوونی گوتار و دید و زمانێكی تر بۆ سیاسه‌ت نه‌بوو، به‌ڵكو ساته‌وه‌ختی دروستبوونی "نوخبه‌یه‌كی سیاسیی نوێ"ش بوو له‌ به‌رامبه‌ر هه‌ردوو نوخبه سوڵتانییه حوكمڕانه‌كه‌ی ھه‌رێمدا. له‌گه‌ڵ دروستبوونی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا نه‌وه‌یه‌ك له‌ گه‌نجانی سه‌ر به‌ خێزانه‌كانی چینی خواره‌وه‌ و چینی ناوه‌ڕاست، بوون به‌ بكه‌ری سیاسیی نوێ و له‌ناو كایه‌ی سیاسیی و ڕووبه‌ری گشتیی و‌ له‌ میدیا تازه‌كه‌ی دوای دروستبوونی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا ده‌ركه‌وتن".

 

ئاماژه‌شیان به‌وه‌داوه‌ كه‌ "دروستبوونی ئه‌م نوخبه‌ تازه‌یه‌، له‌پاڵ ئه‌و گوتار و به‌رنامه‌ و سایكۆلۆژیا و حه‌ماسه‌ته‌ تازه‌یه‌دا كه‌ دروستبوو، ھه‌م كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی بۆ نه‌خشه‌ ته‌قلیدییه‌كه‌ی دروستبوونی نوخبه‌ی سیاسیی له‌ ھه‌رێمدا دروستكرد، ھه‌م ھیوا و چاوه‌ڕوانییه‌كی گه‌وره‌شی به‌ كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ به‌خشیی بۆ چاره‌سه‌ركردنی ھه‌ندێك له‌ كێشه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی".

 

ئه‌و دوو نووسه‌ره‌ ده‌ڵێن: "دروستبوونی ئه‌م نوخبه‌ تازه‌یه‌، كه‌ پێكھاتبوون له‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ و له‌ كه‌سه‌ دیار و چالاكه‌كانی ناو بزوتنه‌وه‌كه‌ خۆی و به‌ تایبه‌تیش له‌وانه‌ی له‌ناو میدیای گۆڕاندا كاریانده‌كرد و ده‌رده‌كه‌وتن، شه‌پازله‌یه‌كی گه‌وره‌بوو له‌ میكانیزمه‌كانی دروستبوونی نوخبه‌ له‌ دونیای ئێمه‌دا و ناكۆكیش بوو به‌و ھه‌نده‌سه‌ سیاسییه‌ باڵاده‌سته‌ كه‌ دروستبوونی نوخبه‌ی سیاسیی به‌توندیی به‌ پرۆژه‌ی به‌ھێزبوونی خێزانه‌ سوڵتانییه‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌ گرێده‌دا".

 

ئه‌وه‌شیان خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ "له‌گه‌ڵ دروستبوونی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا ڕاسته‌وخۆ ھه‌وڵدان بۆ په‌كخستنی ھه‌مه‌لایه‌نه‌ی پرۆسه‌ی گۆڕانكاریی و بێنرخكردنی بكه‌ره‌ سیاسییه‌ تازه‌كانی ناو ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ ده‌ستیپێكرد. كڕینی كه‌سانی سه‌ر به‌ نوخبه‌ تازه‌كه‌ی ناو گۆڕان له‌لایه‌ن هه‌ردوو هێزه حوكمڕانه‌كه‌وه‌، به‌تایبه‌تی له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌، به‌ شێوه‌یه‌كی سیستماتیك ده‌ستیپێكرد. له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكی كه‌مدا پارتی له‌وه‌دا سه‌ركه‌وت ژماره‌یه‌ك له‌ ناوه‌ دیار و تازه‌كانی ناو ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ بكڕێت و بیانھێنێته‌ ناو ڕیزه‌كانی خۆیه‌وه‌. ھه‌ندێك ناوی تریش به‌ھۆی ناڕازیبوونیان له‌ چۆنیه‌تی ئیشكردنی ناوه‌كیی بزوتنه‌وه‌كه‌وه‌ وازیانھێنا".

 

مه‌ریوان وریا قانع و ئاراس فه‌تاح له‌ وتاره‌كه‌یاندا باسیان له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ "له‌ دوای مرنی نه‌وشیروان مسته‌فا خۆشییه‌وه‌، نوخبه‌ سیاسییه‌كه‌ی ناو بزوتنه‌وه‌كه‌ به‌ له‌ده‌ستدانی كاریزما سیاسییه‌كه‌یان له‌ڕووی سیاسییه‌وه‌ ھه‌تیوكه‌وتن. كۆچی دوایی نه‌وشیروان مسته‌فا ته‌نها بزوتنه‌وه‌كه‌ی لاواز و بێئیراده‌ و بێپلان نه‌كرد، به‌ڵكو نه‌وشیروان خۆشی وه‌كو باوكێكی بایۆلۆژیی پێگه‌ی هه‌ردوو كوڕه‌كه‌ی به‌چه‌شنێكی مه‌ترسییدار به‌هێزكرد و ئه‌و مۆدێله‌ی له‌ ته‌وریسی سیاسیی بۆ بزوتنه‌وه‌كه‌ به‌جێھێشت كه‌ به‌درێژایی ته‌مه‌نی سیاسیی خۆی دژایه‌تیی ده‌كرد".

 

روونیشیانكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ "به‌مردنی نه‌وشیروان مسته‌فا بزوتنه‌وه‌كه‌ ته‌نھا توشی ئیفلیجبوونێكی گه‌وره‌ نه‌بوو، به‌ڵكو به‌و بڕیارانه‌ش تووشی شۆك بوو كه نه‌وشیروان به‌ر له‌ مردنی دایبوو. نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ڕێگای ته‌وریسكردنی موڵك و ماڵ و ده‌زگا سه‌ره‌كییه‌كانی بزوتنه‌وه‌كه‌وه‌ بۆ كوڕه‌كانی، ھه‌ڵه‌یه‌كی ستراتیژیی كوشنده‌ و كاره‌ساتێكی سیاسیی هێجگار گه‌وره‌ی ئه‌نجامدا، كه‌ مۆدێل و ئاكاری بزوتنه‌وه‌كه‌ی له‌دوای مردنی خۆیه‌وه‌ ته‌واو گۆڕی. له‌چركه‌ساتی ده‌ركردنی قه‌سامی شه‌رعیی گرده‌كه‌وه بۆ كوڕه‌كانی، ڤایرۆسی ته‌وریسی سیاسیی له‌ناو ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌دا كه‌وته‌ ئیش و ھه‌مان ئه‌و فۆرمه‌ی له‌ ململانێ دروستكرد كه‌ له‌نێوان منداڵی خێزانه‌ سوڵتانییه‌كان و نه‌وه‌كانی به‌ر له‌خۆیان له‌ناو یه‌كێتی و پارتیدا ئاماده‌یه‌".

 

جه‌ختیشیان له‌وه‌كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ "پرۆسه‌ی ته‌وریسكردنی سیاسیی له‌ناو گۆڕاندا ئه‌و فیشه‌كی ره‌حمه‌ته‌ بوو كه‌ به‌ كه‌لله‌سه‌ری نوخبه‌ سیاسییه‌ تازه‌كه‌ی ناو گۆڕانه‌وه‌ نرا. گروپێكی دێماگۆگی ناو نوخبه‌ تازه‌كه‌ بوون به‌ پیاده‌كه‌ر و پارێزه‌ری پرۆژه‌ی ته‌وریسیی سیاسیی له‌ناو ئه‌م ھێزه‌دا و پاساوی یاسایی و سیاسیی و ئه‌خلاقییان بۆ ئه‌م پرۆسه‌یه داده‌تاشیی".

 

له‌ به‌شێكی‌ تری‌ وتاره‌كه‌دا هاتووه‌ "وه‌كچۆن بارزانی "باره‌گای بارزانی" ھه‌یه‌ و له‌و باره‌گا ناڕه‌سمییه‌وه‌ ئاراسته‌ی حكومه‌ت و پێگه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ده‌سه‌ڵات له‌ ھه‌رێمدا ده‌كات، به‌ھه‌مان شێوه‌ كوڕه‌كانی نه‌وشیروان مسته‌فا، به‌بێ بوونی ھیچ پێگه‌یه‌كی ڕه‌سمیی له‌ناو گۆڕاندا، له‌ ماڵه‌كه‌ی باوكیانه‌وه‌ له‌ گرده‌كه‌، بڕیار له‌سه‌ر پرسه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ناو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌ده‌ن و ئاراسته‌ی سیاسیی ناوخۆیی و ده‌ره‌كیی بزوتنه‌وه‌كه‌ش دیارییده‌كه‌ن. به‌مجۆره‌ له‌ماوه‌ی ده‌ ساڵدا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ ھێزێكی سیاسیی تازه‌ و ڕادیكاڵه‌وه‌ گۆڕا بۆ ھێزێكی نیمچه‌ سوڵتانیی".

 

راشیانگه‌یاندووه‌ كه‌ "له‌كاتی نه‌خۆشكه‌وتنی نه‌وشیروان مسته‌فادا، به‌تایبه‌تی پاش كۆچی دوایی و خستنه‌گه‌ڕی پڕۆسه‌ی ته‌وریسی سیاسییه‌وه‌، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان گه‌وره‌ترین سه‌رمایه‌ی ڕه‌مزیی خۆی كه شانازیی پێوه‌ده‌كرد و خه‌باتی بۆ ده‌كرد، له‌ده‌ستدا. سه‌رمایه‌یه‌ك كه‌ بریتیی بوو له‌ دژایه‌تییكردنی ته‌وریسی سیاسیی و به‌گژاچوونه‌وه‌ی سیسته‌می سوڵتانیی. ئیتر یه‌كێك له‌ كۆڵه‌كه‌ ھه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی به‌رنامه‌ و دونیابینی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌، كه‌ ڕێگرتن بوو له‌ ته‌وریسی سیاسیی، ڕووخا".

 

نووسیویشیانه‌ "ھاوكات له‌دوای مردنی نه‌وشیروان مسته‌فاوه ژماره‌ی هه‌ڵه‌ ستراتیژییه‌كان و نه‌بوونی ئیراده‌یه‌كی سیاسیی به‌ھێز و چالاك بۆ كاری سیاسیی، له‌ناو بزوتنه‌وه‌كه‌دا له‌ گه‌شه‌یه‌كی به‌رده‌وامدایه‌. سه‌ره‌تای گۆجبوونی سیاسیی گۆڕان له‌ به‌شدارییكردن له حكومه‌ت و شكستی خه‌باتی په‌رله‌مانیی و قفڵكردنی په‌رله‌مانه‌وه ده‌ستپێده‌كات. پاشان هه‌ر له‌ نه‌بوونی دیدگایه‌كی ئه‌ڵته‌رناتیڤه‌وه بۆ ریفراندۆم بیگره‌، تا ده‌گات به له‌ده‌ستدانی ئه‌و هه‌له مێژووییه كه گۆڕان دوای شانزه‌ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ سه‌ركردایه‌تی دروستكردنی به‌ره‌یه‌كی ئۆپۆزیسیۆنی گه‌وره دژ به شكسته مێژووییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم بكات. دوای ئه‌وانه‌ش دۆڕانی دوو هه‌ڵبژاردن و كه‌مكردنی ژماره‌ی كورسییه‌كانی بۆ نیوه، قبوڵكردنی هه‌موو ئه‌و ته‌زویر و ساخته‌چێتییه‌ی پرۆسه‌ی ھه‌ڵبژاردن و ئاماده‌نه‌بوونی هیچ یه‌كێك له سه‌ركرده نوێكانی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ بۆ داننان به‌و شكسته سیاسییه گه‌وره‌یه‌دا و ده‌ست له‌كار نه‌كێشانه‌وه‌ی ھیچ یه‌كێكیان. له‌م كۆتاییه‌شدا گه‌ڵاڵه‌كردنی سه‌فه‌قه‌ی سیاسیی له‌گه‌ڵ پارتیدا بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ و زیندوكردنه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تی ھه‌رێم له‌ژێر ھه‌یمه‌نه‌ی خواست و ته‌ماحه‌كانی پارتیدا. هه‌موو ئه‌مانه نه‌ك هه‌ر بوون به‌هۆكاری ئه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌و سه‌رمایه ڕه‌مزیی و سیاسییه‌ گه‌وره‌یه‌ی خۆی له‌ده‌ستبدات كه هه‌یبوو، به‌ڵكو بوون به‌هۆكاری به‌رهه‌مهێنانی كولتوورێكی سیاسیی زۆر خراپیش كه متمانه‌ی ده‌نگده‌ر تیایدا ده‌كرێت به‌ قوربانی به‌رژه‌وه‌ندیی گروپ و تاقمی تایبه‌ت و به‌ قوربانیی به‌خێزانیكردنی ده‌سه‌ڵات. ئه‌م كولتووره له داهاتوودا ته‌نها متمانه‌ی ده‌نگده‌ر به ئه‌خلاقیی سیاسیی و چه‌مكی ئۆپۆزیسیۆن له‌قناكات، به‌ڵكو كۆی پرۆسه‌ی سیاسیی و خه‌باتی مه‌ده‌نیی و په‌رله‌مانتارییش له‌ ھه‌موو شێوه‌كانیدا به‌ته‌واوی بێنرخده‌كات".

 

ئه‌و دوو نووسه‌ره‌ ده‌ڵێن: "به‌بۆچوونی ئێمه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ ئێستادا و به مانا سیاسییه ته‌قلیدییه‌كه‌ی "خیانه‌ت" له ستراتیژ و سیاسه‌تی ئه‌م ساته‌ی خۆی ناكات، به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه‌ زۆر ڕاستگۆیانه په‌یڕه‌وی ئه‌و سیاسه‌ته نوێیه‌ی ته‌وریسی سیاسیی و به‌خێزانییكردنی حیزب و گرێدانی سیاسه‌ت به‌ ده‌سكه‌وت و پێگه‌ی ئابوورییه‌وه‌ ده‌كات. ھه‌موو ئه‌مانه‌ به‌ خێراییه‌كی زۆر له‌دوای مردنی نه‌وشیروان مسته‌فاوه له‌ناو ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌دا دروستبوون و بوون به‌هۆكاری شكستێكی گه‌وره‌ بۆ نوخبه‌یه‌كی سیاسیی نوێی ناو كۆمه‌ڵگای ئێمه‌".

 


بۆ خوێندنەوەی دەقی وتارەکە کلیک لێرە بکە:

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure