روحانى و به‌رهه‌م ساڵح
257 جار بینراوە 11/3/2019 04:46 PM

ناوەڕۆکی کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەی سەرۆک بەرهەم ساڵح و حەسەن رۆحانی



سنور ميديا 

د.بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق و حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران دوای کۆتاییهاتنی کۆبونەوەکەیان بۆ رۆژنامەنوسان دوان و ناوەڕۆکی کۆبونەوەکەیان ئاشکراکرد.

دوای کۆتاییهاتنی کۆبونەوەی نێوانیان لە کۆشکی سەلام لە بەغداد. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق و حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان ئەنجامدا و سەرۆک بەرهەم رایگەیاند، گەشبینە بەوەی كە وڵاتانی ناوچەكە باش تێدەگەن لە گرنگی ئارامی و ئاسایش لە عێراق و گرنگی پاڵپشتیكردن لە جێگیركردنی ئاسایش لە عێراق، و عێراق ببێتە مەیدانی دیدارەكانی بۆ سود گەیاندن لەنێوان گەلەكانی ناوچەكەدا.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "بە فەخامەتی سەرۆک رۆحانیم وت، كەسانێك هەیە كە دەڵێن، هەڵكەوتەی جوگرافی عێراق قورسە و ململانێ و كێشەی زۆری تێدایە، بەڵام لە لایەكی دیكەوە عێراق خۆشبەختە بە دراوسێ ئیسلامییەكەی لە ئێران و توركیای دراوسێی".

 

سەرۆک کۆماری عێراق ئەوەشی خستەڕو، "هیوادارین عێراق ببێتە هۆكارێكی گشتگیر بۆ ناوچەكە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەشی گەلەكانی ناوچەكە و جەختكردنەوە لەسەر خاڵە هاوبەشەكانی نێوانمان لە بەژەوەندی ئەم ناوچەیە، كە دەبێتە هۆی پەرەپێدان و گەشەسەندنی ئابوری، سەردانی رۆحانی سەردانێكی گرنگە بۆ ئێمە و میوانێكی ئازیزە، هیوادارین بە باشی لێرە بمێنێتەوە و كۆبونەوەكانی لەگەڵ سەرۆك وەزیران و ئەندامانی پەرلەمان بە رێككەوتن و لێكتێگەیشتنی گرنگ كۆتاییان بێت".

 

هاوکات حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە وتی، "سوپاسی گەلی عێراق دەکەم بۆ ئەو پێشوازیە گەرمەی کە لێیان کردم، ئێمە لە عێراقدا واهەست دەکەین کە لە نیشتیمانی دوەممانداین، چونکە ئەو پەیوەندیانە کە هەردو وڵات و هەردو گەلەکە بەیەکەوە دەبەستێتەوە پەیوەندیەکی نوێ نین".

 

راشیگەیاند، "ئەو پەیوەندیانە دەگەڕێنەوە بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر کە پەیوەندی ئاینی و رۆشنبیری و مێژویی و هەرێمین و ئێمە دەست لەو پەیوەندیانە هەڵناگرین و دەبێت تەواوی توانامان بخەینەگەڕ بۆ باشترکردنی ئەو پەیوەندیانەمان".

 

 


رۆحانی ئاماژەی بەوەشکرد، "هەمو گفتوگۆكانمان لەگەڵ جەنابی سەرۆك بە شێوەیەكی باش بەڕێوەچو، هیچ خاڵێكی جیاوازم لەنێوانماندا نەدۆزیەوە، ئەو پەیوەندیانەی لە نێوان هەردو وڵاتدا هەیە لە بەرژەوەندی گەلی عێراق و گەلی ئێرانن و بەرژەوەندیەكان هاوبەشن و بە دڵنیاییەوە دەبێت هەوڵبدەین بۆ بەرزڕاگرتن و زیادكردنی ئەو پەیوەندیانە و دەستبەرداریان نەبین".

 

سەرۆک کۆماری ئێران رونیکردەوە، "بڕوامان وایە بواری فراوان هەیە بۆ پتەوكردنی پەیوەندیەكانمان لەوانە لە بواری بازرگانی و وەبەرهێنان و پیشەسازی هاوبەش و بازاڕە سنوریەكان و پەیوەندیە گەشتیاریەكان، هەروەها ئەو جموجوڵەی گەشتیاران كە دەیبینین لەنێوان هەردو وڵاتدا".

رۆحانی وتیشی، "لە ماوەی چەند ساڵی رابردودا هەردو وڵات هاوكاربوین لە روبەڕوبونەوەی تیرۆر، ئێمە بەو هەماهەنگییە دڵخۆشین كە لە رۆژە سەختەكاندا لە پاڵ هێزەكانی عێراق وەستاوین".

 

"ئێمە عێراق وەكو دەوڵەتێكی ئیسلامی عەرەبی دەبینین، وەكو دەوڵەتێكی گرنگ لەناوچەكەدا دەبینین، دەتوانێت رۆڵێكی گەورەتر لە بەرقەراركردنی ئاسایش و پەیوەندیەكانیدا ببینێت لەم ناوچەیەدا، ئێمە دەمانەوێت لەگەڵ عێراق بین و لەگەڵ عێراق یەكگرتوبین رێكبكەوین، نەك دژ بەوانی دیكە بەڵكو دەمانەوێت زەمینەیەك دروستبكەین بۆ پێشوازیكردن لەوانی دیكە"، حەسەن رۆحانی لەمیانی کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا وایوت.

 

ئەو سەردانەی حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران دوای سەردانی دکتۆر بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق دێت لە 17ی مانگی 11ی ساڵی رابردو بۆ وڵاتی ئێران و کۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە.

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure