.
190 جار بینراوە 12/2/2019 06:56 PM

ئەو خێزانەی هەست بە ئازار ناکەن



لیتیزیا مارسیلی كە ئێستا تەمەنی (52) ساڵە، هەر لە منداڵییەوە هەستی بەوە كردبوو كە لە كەسانی دیكە جیاوازە.ئەو خانمە هەستی بە ئازار نەكردووە و نایكات، ئەمەش مانای وایە هەست بەوە ناكات كە شوێنێكی دەسووتێت و هەست بە ئازار ناكات كە ئێسكێكی بشكێت، ئەو لە خێزانەكەیدا تەنها نییە، بەڵكو پێنج كەسی دیكەی خێزانەكەی هەمان حاڵەتیان هەیە.

 

لیتیزیا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند» ئەو حاڵەتە لە ژیانی ڕۆژانەماندا بووەتە شتێكی ئاسایی و زۆر باشترین لە كەسانی دیكە، چونكە بە دەگمەن نەخۆش دەكەوین و بە حاڵیش هەست بە ئازار ناكەین».بەڵام ئەندامانی خێزانەكەی هەست بە ئازار دەكەن لە سەر ئاستێكی دیاریكراو، باشتر وایە بوترێت « ئەوان لە ئاگایی و هزری خۆیاندا ئەزمونی ئازار دەكەن و ئەمەش تەنها چەند چركەیەك دەخایەنێت».


ئەزمونی ئەو خێزانە لەگەڵ ئازاردا


دایكی لیتیزیا و دوو كوڕەكە و خوشكەكەی و كوڕی خوشكەكەشی هەمان حاڵەتیان هەیە كە زانایان ناویان ناوە حاڵەتی درێژخایەنی (مارسیلی) كە لە ناوی ئەو خێزانەوە وەریانگرتووە.
ئەوەی جێگەی پرسیارە ئایا ئەو حاڵەتی هەست نەكردن بە ئازارە بە ختەوەرییەكی تەواوە؟
بۆ ئەمە لیتیزیا وەڵام دەداتەوە و دەڵێت « نەخێر ئەم حاڵەتە مەترسیی خۆی هەیە، چونكە زۆر جار خۆم و ئەندامانی خێزانەكەم تووشی حاڵەتی سووتان و شكان بووین پێمان نەزانیوە تا حاڵەتەكە نەچووتە ئاستی مەترسیدار».


باسی ئەوەش دەكات كە كوڕە 24 ساڵەكەی یاریزانی تۆپی پێیە و تووشی فشۆڵی ئێسكی ئەژنۆی بووە كە جۆرێك لە شێواوی پێوە دەركەوتووە و دواتر لە وێنەی تیشكی ئێكسدا دەركەوتووە چەند شكاوییەكی ورد لە ئێسكەكانی ئەژنۆیدا هەیە. هەروەها كوڕە 21 ساڵەكەشی تووشی كلسكردنی ئێسكی ئانیشكی بووە ئەویش بە هۆی ئەوەی لەسەر پاسكیلەكەی كەوتووەتە خوارەوە و ئانیشكی شكاوە، بەڵام هەستی پێنەكردوە و چەند میلێكی تر بەردەوام بووە لە پاسكیل لێخوڕین.


خودی لیتیزیاش لەكاتی خلیسكێنەی سەرسەهۆڵدا كەوتووە، بەڵام هەستی بە هیچ نەكردووە و نەچووە بۆ نەخۆشخانە، دواتر هەستی بە سڕبوونی پەنجەكانی كردووە و كاتێك سەردانی نەخۆشخانەی كردووە، بۆی دەركەوتووە كە شانی شكاوە.هەروەها ماریا ئیلینای خوشكی لیتیزیا بەردەوام مەڵاشووی دەسووتێت، چونكە زۆر خواردنەوەی گەرم دەخواتەوە بێ ئەوەی هەست بە ئازاری سووتانی ناو دەمی بكات.

 


بۆچی هەست بە ئازار ناكەن؟


زانایان لەو بڕوایەدان ئەو حاڵەتە بە هۆی ئەوەوە بێت كە هەندێك دەماری ئەو خێزانە بە شێوەیەكی باش كار نەكات.هەروەها (ئانا ماریا ئەلویسی) پڕۆفیسۆر لە زانكۆی سینا لە ئیتاڵیا دوای ئەوەی لەگەڵ تیمێك لە هاوكارەكانی لە نزیكەوە توێژینەوەیان لەسەر ئەو حاڵەتە كردووە بەو هیوایەن كە ئەو حاڵەتە یارمەتیان بدات بۆ پەرەپێدانی میكانیزمێك بۆ كەمكردنەوەی هەستكردن بە ئازار لای كەسانی ئاسایی.
هەروەها (جەیمس كۆكس) سەرپەرشتیاری تیمی توێژینەوە لەو خێزانە ئاماژە بەوە دەدات كە نەخشەی شریتی بۆماوەیی ئەو خێزانەیان كێشاوە و جۆرە گۆڕانكاریەكیان لە یەكێك لە جینەكاندا بینیوە كە ئەویش ZFHX2.

 

پاشان چەند تاقیكردنەوەیەكیان لەسەر مشك كردووە و ئەو جینەیان لابردووە و سەرنجیان داوە كە مشكەكە هەست بەو گەرمییە زۆرە ناكات كە بەری دەكەوێت.
دیسانەوە پڕۆفیسۆر ئەلویسی ئەوە دەخاتەڕوو كە پێویستە توێژینەوەی زیاتر بكرێت بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتی كاریگەریی گۆڕانكاری ئەو جیناتە لەسەر هەستكردن بە ئازار.
ئەوەی ماوەتەوە بوترێت ئەوەیە كە ئەو خێزانە یەكەمین خێزانن لە جیهاندا هەست بە ئازار ناكەن.

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure