عوسمان بانی مارانی
503 جار بینراوە 11/2/2019 12:59 PM

عوسمان بانيمارانى زانيارى باره‌ى هه‌ڵوێستى يه‌كێتى به‌رامبه‌ر پارتى ئاشكرا ده‌كات



سنور ميديا 

عوسمان بانیمارانی ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەڵێت: تۆزێك لێكتێگەیشتن لەنێوان پارتی و یەكێتی دروست بووە بەهۆی ئەو "مرونەتە"ی حیزبەكەی نواندویەتی.

 

عوسمان بانی مارانی دەشڵێت: ئەو نەرمی نواندنەی یەكێتی-ش بۆ دەربازبوونە لەم قۆناغە، كە ئەوەی پارتی زۆری پێ قورس بێت یەكێتی "مرونەتی- نەرمی" دەبێت، بۆ نموونە لە بابەتی بەغدا و كركوك یەكێتی داوای دەكرد هەمووی بكرێتە یەك پاكێج لەگەڵ هەرێم‌و ڕێكەوتنی سیاسی بكرێت لەنێوان پارتی و یەكێتی-دا.

 

قسەكانی ئەو سەركردەی یەكێتی لەمیانی چاوپێكەوتنێكی بووە لەگەڵ دەنگی ئەمریكا، كە دەشڵێت: نەرمی نواندنەكەی یەكێتی-یش تەنیا لەبابەتی كاتە، بۆ پێش یا دوای پێكهێنانی حكومەت نەك "مەبدەئەكە".

 

هەروەها دەڵێت: ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی پرسی دیاریكردنی كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان و پرس ئەوەی دیاریكردنی پارێزگاری كەركوك پێش پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم یا دوای پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت بەدەنگدانی زۆرینە یەكلایی دەكاتەوە پێش 18.2.2019.

 

سەبارەت بەوەی ئایا یەكێتی داوای گرەنتی لەپارتی دەكات لەبەرانبەر دواكەوتنی دیاریكردنی پارێزگارێكی كورد لەپشكی یەكێتی بۆ كەركوك بانیمارانی دەڵێت: پێم وایە گەرەنتی و ئەوانە پێویست ناكات، چونكە پێویستە سیقە دروست بكەینەوە لەبەر ئەوەی "قەدەری پارتی و یەكێتی وایە ئەبێت پێكەوە ئەم وڵاتە بەڕێوەببەن، بۆیە ڕەنگە ئەو گەرەنتی و شتە نیگەرانی لێ دروست ببێت، بەڕای من ئەمانە كاڵ بكرێنەوە باشە".

 

دەربارەی ئەوەی یەكێتی چۆن ڕازی بوو ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەهەولێر كۆببنەوە؟ عوسمان بانیمارانی وتی: "ئەوە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا نییە، بەڵكو كۆبوونەوەی لیستی برایەتییە، كە ڕەنگە تەنیا ئەندامانی سەر بەپارتی و یەكێتی لەو لیستە ئامادەبن، ئەندامانی عەرەب و توركمان ئامادەنەبن."

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure