سەعدی پیرە
239 جار بینراوە 9/2/2019 01:32 PM

یەكێتی ناوەڕۆكی "وەرەقە سیاسییەكەی" بۆ پارتی ئاشكرادەكات



سنور ميديا 

سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی، ناوەڕۆكی ئەو "وەرەقە سیاسییە"ی ئاشكراكرد، كە دەیەوێت لەگەڵ پارتی دیموكرات رێككەوتنی لەسەر بكات.

 

سەعدی پیرە ئەمڕۆ شەممە لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رایگەیاند، ئەوان وەك یەكێتی داوای رێككەوتنێكی سیاسیان لەپارتی كردووە، بۆ چوار، یان شەش، یان هەشت ساڵی داهاتوو.

 


وتەبێژی یەكێتی راشیگەیاند، ئامادەكردنی وەرەقە سیاسییەكە بۆ كاركردنی پێكەوەیی پارتی‌و یەكێتی-یە لەاوەی ئەو چەند ساڵەی لەسەری رێكدەكەون.

 

لەبارەی ناوەڕۆكی وەرەقە سیاسییەكە، سەعدی پیرە ئاشكراكرد، كە وەرەقەكە پرسی دارایی‌و ئابووری‌و بازرگانی دەگرێتەوە، كە دەبێت بەشێوەیەك بێت، ئەو پرسانە لەبەرژەوەندی خەڵكی هەرێمی كوردستان بێت.

 

هەروەها ئاشكراكرد، كە دەبێت لەمەولا جگە لەنەوت، سوود لەسەرچاوەی تر وەربگیرێت بۆ داهاتی هەرێمی كوردستان، لەو پێناوەش گەشە بە سێكتەرەكانی تری وەك كشتوكاڵ‌و ئاودێری‌و بواری تریش بدرێت.

 

سەعدی پیرە ئەوەشی ئاشكراكرد، كە بابەتی دووەم دەبێت ئەوە بێت، پارتی‌و یەكێتی هەڵوێستیان لەناوچەكە یەك بخەن، كە ناكرێت ئێمە هەر لایەكمان لەئاوازێك بخوێنین، دەبێت كۆك بین پەیوەندی لەسەر پرسە جیاوازەكان، چ لەهەرێم چ لەعێراق‌و ناوچەكەو وڵاتانی دراوسێ‌.

 

لەبارەی هێزی پێشمەگەو ئاسایشی هەرێمیش باس لەوە كراوە، كە دەبێت هێزی پێشمەرگە یەكبخرێتەوەو بكرێتە هێزێكی نیشتمانی‌و پەرلەمان‌و حكومەت دەسەڵاتی بەسەر بشكێت، ئاسایشیش بوارێكە دەبێت هەردوولامان رێككەوتنی لەسەر بكەین، ئاسایش لەپێناوی خەڵك بێت، نەك لەبەرژەوەندی حیزبی.

 

بەقسەی سەعدی پیرە، یەكێتی لەوەرەقە سیاسییەكەی باسی ئاسایكردنەوەی دۆخی كەركوكیش كراوەو جەختیشیكراوەتەوە، دەبێت پەیوندییە دبلۆماسییەكانیش هاوسەنگ بێت، فەرمانگەی پەیوەندییەكانیش فراوان بكرێت.

 

هاوكات سەعدی پیرە رایگەیاند، سیغەیەكی كۆتایی بۆ رێككەوتنە سیاسییەكە نەنووسراوەو بڕیارە لەیەك دوو رۆژی داهاتوو لەسەر سیغەیەكی هاوبەش لەگەڵ پارتی رێككەوتن بكەین‌و دواتر ببرێتە مەكتەبی سیاسی بۆ واژووكردن.

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure