يه‌كێتى وپارتى
228 جار بینراوە 5/2/2019 04:35 PM

یەکێتی و پارتی لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن



سنور ميديا 

وته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند كه‌ له‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆیاندا له‌گه‌ڵ یه‌كێتی، له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێك رێككه‌وتون و بڕیاریانداوە لە 18ی ئەم مانگەدا کۆبونەوەی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە یەک کاتدا ئەنجام بدرێت.

 

مه‌حمود محه‌مه‌د، وته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرایكرد كه‌ لە کۆبونەوەی ئەمڕۆ سێشەممە 5ی شوباتی 2019ی نێوان یەکێتی و پارتی کە لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، پرسی پارێزگای كه‌ركوك به‌شێكی گرنگی كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆیان بووه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و به‌گشتیش له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێك رێككه‌وتون.

 

راشیگه‌یاند له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا لیژنەی ھاوبەشی نوسینی رێککەوتنی سیاسی نێوان ھەردوولای راسپێردراوه‌ لەچوارچێوەی دیدگای ھەردوو لایەن، ھەرچی زوترە پرۆژەیەک ئامادە بکرێت و لەلایەن ھەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتیەوە بڕیاری لێبدرێت و واژۆبکرێت.

 

وته‌بێژی پارتی ئاشكراشیكردوه‌ كه‌ بڕیاردراوه‌ له‌ 18ی شوباتی 2019 و به‌گوێره‌ی رێكاره‌ یاساییه‌كان په‌رله‌مان كۆبونه‌وه‌ی خۆی گرێ بدات و له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش رێككه‌وتون كه‌ له‌ هه‌مان به‌رواردا ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له‌ هه‌ولێر كۆببێته‌وه‌.

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

 

پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسی دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە لەسەر چەند بابەتێکی پێویست و پەیوەستی قۆناغەکە و، ھەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئێستای کوردستان و ناوچەکە، لەسەر چەند خاڵێک گەیشتینە رێککەوتن. لەوانە:

 

یەکەم/ کۆبوونەوە لیژنەی ھاوبەشی نووسینی رێککەوتنی سیاسی نێوان ھەردوولای راسپارد، کە لەچوارچێوەی دیدگای ھەردوو لایەن، ھەرچی زوترە پرۆژەیەک ئامادە بکرێت و لەلایەن ھەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتیەوە بڕیاری لێبدرێت و واژۆبکرێت.

 

دووەم/ دوابەدوای ئەنجامدانی پرۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 30ی9ی2018 و پەسەندکردنی ئاکامەکانی لەلایەن دادگاوە، ھەروەھا دوای چەند کۆبوونەوەیەکی ھاوبەشی نێوان ھەردوولا، بەپێویست زانرا پەلە بکرێت بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان، بۆ ئەم مەبەستە بڕیاردرا کە لە 18ی2ی2019 بەگوێرەی رێککارە یاساییەکان کۆبوونەوەی پەرلەمان ئەنجامبدرێت. ھەروەھا ھەموو ھاوکاری و زەمینەسازیەک بۆ ئەنجامدانی ئەم کۆبوونەوەیە و ھەنگاوەکانی دواتری پەرلەمان بکرێت.

 

سێیەم/ پارێزگای کەرکوک بەشێکی گرینگی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوو، بڕیار درا ھەوڵەکان چڕتر بکرێنەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەو پارێزگایە و ھەنگاوە عەمەلیەکان دەستپێبکرێن.

 

ھەردوولا کۆک بووین لەسەر ئەوەی کە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە رێکەوتی 18ی2ی2019 لە ھەولێر کۆببێتەوە و ھاوکات بەھاوکاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان و پارتی و یەکێتی و ھەموو لایەنەکانی دیکە چارەسەر بۆ کێشەکانی ئەو پارێزگایە بدۆزرێتەوە.

 

هه‌ر دوای كۆبونه‌وه‌كه‌شیان له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، سەعدی ئه‌حمه‌د پیرە، وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رایگه‌یاند "ڕێککەوتین لەسەر ئەوەی لە ڕۆژانی داهاتوودا لیژنەی تایبەت بە نوسینی پڕۆژەی سیاسی هاوبەشی نێوان پارتی و یەکێتی دەستبەکاربێت".

 

ئاماژەی بەوەشکرد "بڕیاردرا لە 18ی مانگی شوبات پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە و لە هەمان ڕۆژیش واتە 18ی شوبات ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆدەبێتەوە."

 

وتەبێژی یەکێتی وتیشی "لە پڕۆژەی سیاسی هابەشی پارتی و یەکێتیدا بۆچوونی هاوبەشی هەردوو لا خراوەتەڕو کە ڕەنگ دەداتەوە لە سەرجەم سێکتەرەکانی حکومڕانی لە هەرێم".

 

لە بارەی هەنگاوی داهاتوویانەوە سه‌عدی پیره‌ وتی "پڕۆژە سیاسیەکەی هەردوولا لە هەفتەی داهاتوودا ئامادە دەبێت و ئەوکات کۆدەبینەوە و قسەی تری لەبارەوە دەکەین".

 

ئەوەش لە کاتێکدایە کە پێشتر پارتی ڕەتیدەکردەوە بە یەک پاکێج گفتوگۆ لەبارەی پێکهێنانی حکومەت و دۆخی کەرکوک و پرۆسەی سیاسی عێراقەوە بکات و یەکێتیش پێداگربوو لەوەی کە دەبێت هەموو پرسەکان وەک یەک پاکێج گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت.

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure