عەدنانی حەمەی مینا
953 جار بینراوە 31/1/2019 11:10 AM

عه‌دنان حه‌مه‌ى مينا زانيارى نوێ ئاشكرا ده‌كات له‌سه‌ر پرسى كۆبونه‌وه‌ى يه‌كێتى له‌گه‌ڵ پارتى و گۆڕان



سنور ميديا

ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان باس له‌ دواكه‌وتنی كۆبوونه‌وه‌كانی نێوان پارتی و یه‌كێتی ده‌كات و ده‌ڵێت" دواخستنی كۆبونه‌وه‌كانی نێوان یه‌كێتی و پارتی په‌یامێك بوو به‌ پارتیمان گه‌یاند".

 

عەدنانی حەمەی مینا، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ لێدوانێكدا بۆ ده‌نگی ئه‌مریكا ئەو دەنگۆیانەی رەتكردەوە كە باسیان لەوە دەكرد یەكێتیی ئامادە نەبووبێت لەگەڵ پارتی و گۆڕان كۆبوونەوەی سێقۆڵی بكات و رایگەیاند "بەداخەوە ئەو قسەیە وانیە، ئەسڵەن یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێی باش بووە و پێی باشە وە پێشی باش دەبێت كە گۆڕان لەكۆبونەوەكان بەشدار بێت، چونكە گۆڕان حیزبێكی سیاسیە پێگەی جەماوەری خۆی هەیە ئەندامی هەیە لەپەرلەمان".

 

ئاماژەی بەوەشكرد" ئێمە و برایانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گفتوگۆداین بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام وای دەبینین ئەو بابەتانەی لە راگەیاندن دەوروژێنرێت یا ناوی هەندێک بەرپرسمان دەزڕێنن هیچ خزمەت بە دۆخەکە ناکات و بۆ ئەوەیە کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان وەڵام بداتەوە".

 

وتیشی" یەکێتی نیشتمانی کوردستان زۆر بەرپرسانە مامەڵە دەکات چونکە بەرژەوەندی باڵای میللەتەکەمان زۆر لەوانە گەورەترە کە مرۆڤ بکەوێتە داوی شتێکی وا بچوکەوە بۆیە ئارامی گرت".

 

راشیگه‌یاند" یەکێتی تەنها پەیامێکی دا ئەویش دواخستنی کۆبونەوەکە بوو وه‌ك ناڕه‌زایه‌تیه‌ك بۆ ئەوەی تێبگەن کە یەکێتی لەسەر ئەوانە نیگەرانە، بەڵام رێگای گفتوگۆ رێگایەکە بۆ رەواندنەوەی گرژییەکان و ئەو بەربەستانەی لەبەردەم پێکهێنانی حکومەتدا دروست دەبێت، هەرچەندە یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئامادەیی خۆی نیشانداوە کەبەشداری لەحکومەدا بکات و بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت بەمەرجێک حکومەتێکی شەراکەتی راستەقینە و شەفاف بێت".

 

له‌ باره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ ئایا یه‌كێتی پێی وایه‌ تا ئێستا شه‌ریكی راسته‌قینه‌ نه‌بووه‌ له‌ حكومه‌تدا؟

 

عەدنانی حەمەی مینا رایگەیاند"یەکێتی پڕۆژەیەکی گشتگیری هەیە، من ئەڵێم بۆ ئێستا و داهاتوو، رابردوو تەواو لەڕابردوو مایەوە و رۆیی".

 

له‌ باره‌ی وته‌كانی فازڵ میرانیه‌وه‌، وتی" ئەو پەیامەمان بەپارتی وتووە کە نیگەرانین لە لێدوانەکانی کاک فازیل و بابەتی تر لە راگەیاندنەکانی تری کوردستان، خۆ هەر خۆی دیاربوو هۆکاری دواخستنی کۆبونەوەکەی نێوان پارتی و یەكێتی کە هۆکارەکەی نیگەرانی بوو و گەیاندنی پەیام بوو بۆ پارتی".

 

ئەو ئەندامەی شاندی دانوستانکاری یەکێتی نیشتمانی کوردستان وتیشی" لەگەڵ ئەوەی پەیامەکە بە برادەرانی پارتی گەیەنراوە، ئێمە ساڵانێکە پێکەوەین لەدەسەڵات یەکتر دەناسین و لەیەک تێگەیشتوین بەڵام ئێمە لەبه‌شی خۆمان ئەو جۆرە لێدوانانە وادەبینین کە جۆرێکە لەشەڕی دەرونی".

 

عەدنانی حەمەی مینا ئەوەشی وت"هیچ لایەنێکی سیاسی، یا کەسێکی سیاسی کە بابەتێک باس دەکات بێ مەبەست نیە، بۆیە ئەو بابەتە دەخاتەڕوو تا کاریگەریەک لەسەر بەرامبەر دروست بکات، جا من مەبەستم دەنگی ئەمریکا نیە مەبەستم ئەو کەسانە بوو کە قسەکان دەکەن له‌چاوپێكه‌وتنه‌كانیاندا، یەکێتی نیشتمانی کوردستان خۆی بابەتەکان دەخاتەڕوووە بڕیار لای خۆیەتی بەتەنها بۆ دیاریکرنی کەسەکان بۆ پۆستەکان و ئەو قسانەش نازانم لە چ قاڵبێک دابنرێت، سەبارەت بە چاوپێکەوتنەکەی کاک فازڵ میرانی ئەو خۆی پیاوێکی هۆشیارە، وریایە، و پیاوێکی میانڕەوبووە پێمان سەیر بوو ئەو قسانە قسەی ئەو بێت!".

 

له‌ باره‌ی ئه‌وه‌ی دەوترێت یەکێتی مەرجی هەیە بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی لەگەڵ پارتی مەکتەبی سیاسی پارتی یا خودی کاک فازڵ میرانی بەفەرمی داوای لێبوردن بکات؟

 

لەوەڵامدا عەدنانی حەمەی مینا وتی" پێرێ بڕیاری دواخستنی کۆبونەوەکان درا، دوای بڕیارەکە کاک فازیل روونکردنەوەیدا روونکردنەوەکانیش دوای بڕیارەکەی یەکێتی درا".

 

راشیگەیاند" یەکێتی بڕیاری نیە کۆتایی بە گفتوگۆکان بهێنێت ئەگەر سەیری مێژووش بکرێت هەموو کێشە و گرفتەکان تاکە رێگای چارەسەرکردنیان گفتوگۆیە بەتەنها".

 

سەبارەت بەوەی ئایا پارتی هیچ پەیوەندی پێوەکردوون بۆ دەست پێکردنەوەی گفتوگۆکان؟ ئایا دەستپێکردنەوەی کۆبونەوەکان لەدەستی یەکێتیدایە؟

 

عەدنانی حەمەی مینا وتی" کۆتایمان نەهێناوە بەگفتوگۆکان بەڵکو دەست پێدەکەینەوە، دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانیش لەدەست هەردولاماندایە، ئەگەری هەیە هەفتەی داهاتوو دەست پێبکەنەوە، خۆ ئێمە دوژمنی یەک نین ئەو گللەییانەش هەر دەبێت".

 

وتیشی" بەته‌له‌فۆن لەگەڵ ئەو برادەرانه‌ی ئێمە كه‌ناویان هێنراوه‌ قسەکراو، وتویانه‌ مەبەستیان بەوجۆرە نەبووە و روونیان کردوه‌تەوە بۆیان".

 

پاش دواخستنی کۆبونەوەکەی رۆژی سێشەممەی مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی، د. رۆژ نوری شاوەیش ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند" یەکێتی ئامادەی کۆبونەوەی سێ قۆڵی نیە و وەڵامی نەداوەتەوە لەبارەی کۆبونەوەی گۆڕان و پارتی و یەکێتی پێکەوە".

 

بەڵام ئەندامەکەی شاندی دانوستانکاری یەکێتی نیشتمانی کوردستان رەتیدەکاتەوە کە حزبەکەی وەڵامی پێشنیازی کۆبونەوەی سێ قۆڵی نەدابێتەوە و وتی" بەداخەوە ئەو قسەیە وانیە، ئەسڵەن یەکێتی نیشتمانی کوردستان پێی باش بووە و پێی باشه‌ وە پێ-شی باش دەبێت کە گۆڕان لەکۆبونەوەکان بەشدار بێت، چونکە گۆڕان حزبێکی سیاسیە پێگەی جەماوەری خۆی هەیە ئه‌ندامی هەیە لەپەرلەمان، ئەسڵەن لەکۆبونەوه‌كان باسکرا کە گۆڕان بەشدار بێت، ئێمەش بە برادەرانی پارتیمان وت".

 

راشیگه‌یاند" ئێمە زۆرمان پێ باشە هەر لەزووەوه‌ ئەو بڕوایەمان هەیە ئێستاش کە ئێوە هەمان بڕواتان هەیە پیرۆزبایتان لێدەکەین و ئێـمە هەمووکات ئامادەی کۆبونەوەی دوو قۆلی و سێ قۆڵی بوین لەگەڵ گۆڕان، چونکە وەک وتم گۆڕان حزبێکی سیاسیە، لەڕووی مێژوو و بۆچونەوە لەیەکتر نزیکین، تا لەدواین کۆبونەوەش باسمان کردەوە، ئێمە سیاسەت دەکەین، سیاسەتیش واتای بەردەوامی پەیوەندییەکان".

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure