پێشمه‌رگه‌
300 جار بینراوە 29/1/2019 09:22 PM

له‌ ئێستادا پێشمه‌رگه‌ ناگه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ركوك



سنور ميديا

ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ رایگەیاند، بونی پڕۆژه‌یه‌كی هاوبه‌شی ئه‌مریكی و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ بۆ كه‌ركوك رەتدەکاتەوە و دەڵێت، "له‌ئێستادا پێشمه‌رگه‌ ناگه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ركوك".

 

جەبار یاوەر، ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ لەو رونکردنەوەیەدا رایگەیاند، "هەواڵى رێكه‌وتنی گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ بۆ كه‌ركوك و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان، یاخود پڕۆژه‌یه‌كی هاوبه‌شی ئه‌مریكی و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ بۆ كه‌ركوك دورە لە راستییەوە".

 

هەروەها دەڵێت، "تا ئێستا هیچ جۆره‌ رێكکه‌وتنێك له ‌نێوان وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌و هیچ لایه‌نێك نه‌كراوه‌، له‌وباره‌یه‌وه‌ لێك تێگه‌یشتنێكی هاوبه‌ش له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق هه‌یه بۆ رێگه‌گرتن و روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی جموجۆڵ و كاری تیرۆریستانی داعش، كه هێڵی بڵاوبونه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌و سوپای عێراق له‌ناوچه‌كانی دیاله‌ و سه‌لاحه‌ددین و كه‌ركوك و مه‌خمور و موسڵ دان".

 

رونیشیکردەوە، "بۆ بنبڕكردنی ئه‌و جموجۆڵ و كاره‌ تیرۆریستییانه‌ و كۆتایی هێنان به‌داعش له‌و ناوچانه‌ پێویسته‌ هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری هاوبه‌ش هه‌بێت له‌نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌كانی سوپای عێراق".

 

ئەوەش خسەڕوو، "ئێمه‌ چاوه‌ڕێی دانیشتنی هاوبه‌ش ده‌كه‌ین بۆ داڕشتنی ئالییه‌تی پێویست بۆ ئه‌و كاره‌، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا هیچ دانیشتنێكی فه‌رمی ئه‌نجامنه‌دراوه‌ و هیچ رێكه‌وتنێكیش نه‌كراوه‌".

 

زۆرترین خوێندراوە

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure