عەلی باپیر
88 جار بینراوە 24/1/2019 09:07 PM

عەلی باپیر: لەوكاتەوەی گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەت دەستی پێكردووە پارتیمان نەبینیوە



سنور ميديا

ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی رایگەیاند ئێمە ھەڵوێستی سیاسی خۆمان راگەیاندووە و نەمانوتووە بەشدار نابین، تا ئەو كاتەی لایەنی بەرامبەریش نەیەت و تەكلیفمان لێنەكات.

 

عەلی باپیر، ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، سەبارەت بە پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم رایگەیاند: تا ئەو كاتەی پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانمان نەكات و داوامان لێنەكات بۆ بەشداریكردن لە حكومەت و نەزانین بەرنامەی چۆنە و سیمای حكومەت چۆن دەبێت ئێمە ھەڵوێستمان دەرناكەوێت.

 

ئەو لێدوانەی ئەمیری كۆمەڵ لەدوای بەشداری كردنی لە رێوڕەسمێكی تایبەت بە بەخشینی بڕوانامە بەسەر كۆمەڵێك لە دەرچووانی زانستی ئاینی، هات وتیشی "ئێمە ھەڵوێستی سیاسی خۆمان راگەیاندووە و نەمانوتووە بەشدار نابین، تا ئەو كاتەی لایەنی بەرامبەریش نەیەت و تەكلیفمان لێنەكات و تێنەگەین بزانین بەرنامەیان چۆنە و پێگەی ئێمە چۆن دەبێت و حكومەتی ئایندە چۆن دەبێت و گرفتار دەبێت بەدەستی حزب و شتی بچووكەوە یان حكومەتێكی دەستكراوە دەبێت لە خزمەتی خەڵكدا دەبێت، دوای ئەوە بەرچاومان رۆشن دەبێتەوە و ھەڵوێستی خۆمان یەكلایی دەكەینەوە".

 

باپیر وتیشی، "ئێمە تا ئێستا نەمانوتووە بەشدار نابین لە حكومەت وەك ھەندێك لایەن رایانگەیاندووە كە ئەوەش ئیجتیھادێكە، مەعقولیش نییە بڵێین بەشدار دەبین تا ئەو كاتەی لایەنی بەرامبەر كە خاوەنی قەزیەكەیە و پارتییە نەیەت بۆ لامان و داوامان لێنەكات و بەرنامەكەی چۆنە و سیمای حكومەت چۆن دەبێت ئێمە ھەڵوێستمان دەرناكەوێت".

 

ناوبراو نەیشاردەوە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان تا ئێستا ئاگاداری ھەنگاوەكانی یەكترن و راوێژیان ھەیە، بەڵام یەكتریان نەبەستووەتەوە بەوەی چ لایەكیان بەشداری حكوومەت دەكات، ئەوەشی ئاشكرا كرد كە لەو كاتەوەی ھەوڵەكانی پێكھێنانی حكومەتی نوێ دەستی پێكردووە، ھیچ پەیوەندی و كۆبوونەوەیەكیان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی نەبووە.

 

ئەمیری كۆمەڵ وتیشی "زۆر ئەسەف دەخۆم كە ھەردوو حزبی حوكمڕان ھەندێك شت لە خۆیان دەكەنە گرێكوێرە، تۆپ لە گۆڕەپانی ئەواندایە و دەبێت لێیان بپرسین كەی گرفتەكانتان چارەسەر دەبێت، ئەگەر ھەردوولا لەنێوخۆیان یان لەنێوان یەك كێشەیان ھەبێت دەبێت لەوان بپرسین، پێمان خۆشە بە زوویی حكومەت پێك بێت ئەگەر تێیدا بەشدار بین یان نا، گرنگ ئەوەیە ئەم وڵاتە پەرلەمانێكی كارای ھەبێت و حكومەتێكی دڵسۆزی ھەبێت و رێگە لە قۆرخكاری گەندەڵی بگرێت".

 

زۆرترین خوێندراوە

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure