سنور ميديا
819 جار بینراوە 23/1/2019 10:01 AM

ورده‌كارى جوڵه‌ى پارتى و يه‌كێتى بۆ پرسى كه‌ركوك ئاشكرا ده‌كرێت



سنور ميديا 

پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لە كاتێكدا لیژنەیەكی هاوبەشی چوار كەسیان بۆ گفتوگۆكردن لەسەر دۆخی كەركوك پێكهێناوە، بەڵام هەریەكەو لای خۆشیانەوە بەجیا لەویتریان، لەگفتوگۆدایە لەگەڵ پێكهاتەكان.

 

چەند رۆژێك لەمەوبەر، شاندێكی یەكێتی بەسەرپەرشتی ئاسۆ مامەند سەردانی پێكهاتەكانی كەركوكی كرد، لەو لاشەوە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، لیژنەیەكی لەحیزبەكەی بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك پێكهێناوە.

 

كەمال كەركوكی سەرۆكی لیژنەكەی پارتی بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریكا، دەڵێت: "ئەو لیژنەیەی، كە لەنێوان پارتی و یەكێتی دا پێكهێنراوە و لە 4 كەس پێكهاتوون، من تەدەخولی تێدا ناكەم، قسەشی لەسەر ناكەم".

 

كەمال كەركوكی ،كە لەلایەن مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، كراوەتە سەرۆكی لیژنەیەك بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ پێكهاتەكان‌و ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك، ئاماژەی بەوەكرد دەبێت سەرجەم هێزەكانی پۆلیسی ئیتیحادی‌و دژەتیرۆرو حەشدی شەعبی لەكەركوك بچنە دەرەوە، وتی: "دەبێت دۆسییەی ئەمنی رادەستی پۆلیس‌و ئاسایشی ناوخۆی كەركوك بكرێت، بەشێوەیەك پێكهاتەی ئەم هێزانەش، لەسەرجەم پێكهاتەكانی تێدا بێت."

 

دەربارەی میكانیزم‌و چۆنییەتی گفتوگۆكردنی لیژنەكەیان لەگەڵ لایەنەكان، بەرپرسی پارتی دەڵێت: "وردەكارییەكان باس ناكەین، بەڵام لەگەڵ لایەنەكان یەكتربینین و كۆبوونەوەمان هەیە، بۆچوونمان وایە دەبێت سوپای عێراق و پێشمەرگەش لەدەرەوەی شاری كەركوك بن."

 

كەمال كەركوكی، روونیشیكردەوە گەر سوپا لەكەركوك چوونە دەرەوە، دەبێت بارەگاكانیان پێبدەنەوە، تا بەئاڵای كوردستانەوە بگەرێنەوە، وتی: "دواتر ئەنجوومەن كارا دەكرێتەوەو نەجمەدین كەریم گەر بیەوێت دەست بەكاردەبێتەوە، گەر نەشییەوێت لایەنەكان لەسەر كەسێك بۆ جێگەكەی رێكدەكەون."

 

سەبارەت بەبۆچوونی لایەنەكان لەسەر خواستەكانیان، كەمال كەركوكی وتی: "لەگەڵ زۆر لایەن گفتوگۆكراوە، رۆژانەش لە پەیوەندیداین لەگەڵ لایەن و پێكهاتەكان."

 

دەربارەی ئەو پرسیارەی، كە بۆچی یەكێتی و پارتی بەدوو لیژنەی جیا لەگەڵ لایەنەكاندا گفتوگۆ دەكەن، لەكاتێكدا لیژنەیەكی هاوبەشیان بۆ گفتوگۆكردن لەسەر دۆخی كەركوك پێكهێناوە، كەمال كەركوكی وتی "زۆر بابەت هەیە لەنێوان یەكێتی‌و پارتیدا، بۆچوونی جیاجیان لەسەرەو قابیلی گفتوگۆن، بەڵام لیژنەی ئێمە، كە لەلایەن بارزانییەوە راسپێردراوین، تەنیا بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوكە."

 

بەجیا گفتوگۆ كردنی یەكێتی و پارتی لەگەڵ لایەن و پێكهاتەكان لەسەر دۆخی كەركوك، لەكاتێكدایە ناكۆكی نێوان ئەو دوو لایەنە، رێگرە لەبەردەم كاراكردنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا و یەكتریش لەسەر مەسەلەی كەركوك تۆمەتباردەكەن.

 

زۆرترین خوێندراوە

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure