ڕێبوار تاڵەبانی
258 جار بینراوە 23/1/2019 09:55 AM

رێبوار تاڵەبانی: بەپێی بەركەوتەی هەڵبژاردن پۆستی پارێزگاری كەركوك بۆ پارتییە



سنور ميديا

سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك رایدەگەیەنێت، دەستلەكار ناكێشمەوە، چونكە ئەو بارودۆخەی كەركوك پەیوەندی بەكەسێكەوە نییە.

 

دوای 16ی ئۆكتۆبەر دۆخی كەركوك نائاساییە و تا ئێستاش لایەنە كوردییەكان لەنێوان یەكتردا رێكنەكەوتوون بۆ دیاریكردنی پارێزگارێكی كورد بۆ پارێزگاكە.

 

ڕێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە دەنگی ئەمریكای راگەیاند، دوای 16ی ئۆكتۆبەر بارودۆخێكی نایاسایی و نادەستوری سەپاوە بەسەر كەركوكدا، منیش وەك سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاكە بە ئامانج هەڵیان كوتایەسەر ماڵم، ئۆتۆمبێلم دزرا لەلایەن كۆمەڵێك لە هێزە سەربازییەكانی كەركوكەوە بووە هۆی ئەوەی نەتوانم بگەڕێمەوە شاری كەركوك لەگەڵ پانزە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا لەدەرەوەی شاری كەركوكم.

وتیشی"ساڵێكە كارەكانی ئەنجومەن ڕاگیراون و حكومەتی عێراقی ناتوانێت چارەسەری بكات و هێزە كوردستانیەكانیش لەبەر ناكۆكی ناوخۆیی نەگەیشتونەتە یەك بۆچوونی هاوبەش، بەڵام ئێستا هەموویان هاوڕان كەبارودۆخەكە ناتەندروستە، لەبەرئەوە هەوڵدرا لەلایەن چەند ئەندامێكی لیستی بەرەی توركمانی و لیستی عەرەبی و لیستی برایەتی، بەڵام لەبەرئەوەی بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ نەیاندەتوانی دانیشتنەكان ئەنجام بدەن هەوڵەكان سەركەوتوو نەبوون".


ئەوەشی روونكردەوە، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ، ئەنجومەنەكە بێ سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا ناتوانێت كۆببێتەوە و منیش دەستلەكارناكێشمەوە، چونكە ئەو بارودۆخەی كەركوك پەیوەندی بەكەسێكەوە نییە، چاوڕێی ئاساییكردنەوەی بارودۆخەكەم.

 

ئاشكراشیكرد، ئەو بارودۆخەی لەكەركوك هەیە نایاسایی و نادەستورییە بەپێی ماددە(٩)ی دەستور، چونكە حكومەتی عێراق بۆ یەكلایكردنەوەی كێشە سیاسییەكانی لەگەڵ هەرێم هێزی سەربازی بەكارهێنا، هەروەها كەركوك وەك سەربازگەیەكی گەورەی لێهاتووە ئازادییەكان نەماوە، چاوەڕێین لەچوارچێوەی پڕۆژەكەی عادل عەبدولمەهدی هەموو هێزەكان لەناو شارەكان بەكەركوكیشەوە بچنەدەر.

 

لە ئەگەری رێكەوتنی پارتی و یەكێتی لە شاری كەركوك تاڵەبانی راشیگەیاند، تاكو بارودۆخی ئەمنی مسۆگەر نەبێت بۆم و لایەنێك گرەنتی تەواو لەسەر پاراستنی ژیانم نەدات ناچمەوە كەركوك، بەڵام ئەگەر دانیشتنەكە لەدەرەوەی كەركوك كرا ئاساییە ئەو كۆبونەوەیە بەڕێوەدەبەم.

 

ئاشكراشیكرد، لیستی برایەتی لەچەند لایەنێكی شارەكە پێكهاتووە زۆرینەیان پارتین دواتر یەكێتی، پاشان لایەنەكانی دیكە، ئەگەر بەپێی بەركەوتەی هەڵبژاردن بێت پۆستی پارێزگار بۆ پارتییە، بەڵام ئەگەر بەپێی بەركەوتەی سیاسی بێت ئەوە شتێكی دیكەیە و دەكەوێتەوە سەر ڕێكەوتنی لایەنە سیاسییەكان.

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure