هێمن قادر
2507 جار بینراوە 13/12/2018 10:00 PM

چاوپێکەوتن:هێمن دوو کاری جیاواز ئاشت دەکاتەوە



سنورمیدیا-زانیار محەمەد

 

هێمن قادر(٣٦ ساڵ) گەنجێکی دانیشتووی شاری سلێمانییەوە و سەرباریی ئەوەیی کە کاریی سەرەکیی خۆیی سەربازییە، بەڵام لە هەوڵدانی بۆ گەشتنی بە خەونەکەیی نەوەستاوە و تاکوو ئێستا خاوەندی چەندین کتێبی وەرگێڕدراوە لە بوارە جیاوازەکاندا، هێمن لەم چاوپێکەوتنەیی سنورمیدیادا باس لە زاڵ بوونی بەسەر شکستەکان و بەرهەمەکانی دەکات جیاواز لەوەش جەخت لەوەدەکاتەوە کە مرۆڤ نابێت لە دنیادا بێ ئامانج بێت.


هێمن قادر کێیە، دەکرێ کەمێک خۆت بناسێنیت؟


ناوم هێمن قادر حسین ناسراو بە شاسواری کە لە ساڵی 1982دا و لە شارۆچكەى زەڕایەن لە دایك بووم و هاوکات لەگەڵ کاری وەرگێڕاندا دەرچوی زانكۆى سلێمانى/ خوێندنی ئیسلامیم و جیاواز لەوەش دەرچوى كۆلێژى سەربازی قەڵاچۆلانم، لە ئێستادا جیاواز لەوەی کە  ئەفسەرم لە هێزى پێشمەرگەى بەرگری فریاكەوتن، کاری وەرگێڕانیش ئەنجام دەدەم.


چۆن دەستت بە کاری وەرگێڕان کرد؟


بەهۆى ئەوەى دەرچوى خوێندنگاكانى سەر بە وەزارەتی ئەوقاف بووم، ئارەزوویەكی فێربوونی زمانی عەرەبیم لە دروست بوو، سەرەتای كار كردنم هاوكارى كردنى هاوڕێیانم بوو، بۆ وەرگێڕانى ڕاپۆرتء بلآو كراوە و داڕشتنى ڕۆژانەیان،پاشان لە زانكۆ هەرگیز هەوڵم نەداوە بە كوردی وەڵام بدەمەوە، زۆرجار وازم لە (لقێك) هێناوە لە پێناو ئەوەى بە زمانی عەرەبی نەم دەتوانی وەڵام بدەمەوە، سەرەتایی کارکردنم بە شێوازێکی جدی لە ساڵى (2010)وە بوو کە دەستم بە كارى وەرگێڕان كرد، بەرهەمە سەرەتاییەکانم لە بواری پەروەردەکردندا بوو دواتریش بابەتی یاسایی و گەشە پێدانى مرۆیی لە خۆ گرت و تاکوو ئێستا نزیكەى (25) بەرهەمی وەرگێڕانم هەیە، کە(18) بەرهەمیان بڵاوبونەتەوە و هەندێكیشیان لە ئامادە كاریدایە بۆ چاپ كردن.


ئایا کۆکردنەوە و ئەنجامدانی دووکاری جیاواز کە سەربازی و کاری وەرگێڕانە سەخت نەبووە؟


سەبارەت بە کۆکردنەوەی دوو کار لە ڕاستیدا كارەكە ڕێژەییە هەندێك جار شتێكى سەیرە و، جێگەى تێڕامانە لێی، بوارە سەربازییەكەم لەم كاتەدا دەرفەتێكی باشم پێ دەدات بۆ ئەو كارە، مرۆڤ ئەگەر بیەوێت هەموو كارێك دەكات، چونكە دكتۆرە ئەڵمانەكان دەڵێن: مرۆڤ خاوەنى وزەیەكى كارەباییە ئەگەر بكرێتە كارەباو بە یاسایی بەكارى بهێنیت بەشى كارەباى یەك حەفتەى میونخ دەكات، بۆیە پێم وابێت هیچ هێزێك ڕێگر و ئەستەم و دژوار نییە لەبەردەم ویست و تواناو لێ هاتویی مرۆڤدا، بە مەرجێك ئەرێنى بێت، ڕاستە سەرقاڵ بونء كارەكانت گران دەكەن، زۆرجاریش شتێكى زۆر نامۆیە تۆ كەسێكى سەربازیت و خۆشەویستیت بۆ نوسین و وەرگێڕان هەیە، لە كۆتاییدا سەربازەكانیش مرۆڤن و ئارەزوو و ویستی خۆیان هەیە.

 

من لە (2010) وە سەر مێزەكەم خاڵی نەبوەتەوە لە كار كردن و وەرگێڕان، پشتیوان بەخودا بەردەوامیش دەبین لەو كارە پیرۆزە، مرۆڤ نابێت لە دنیادا بێ ئامانج بێت، مرۆڤ هێندە پێویستى بەوەیە ژیانێکی پانى هەبێت هێندە پێویستى بەوە نییە ژیانێکی درێژى هەبێت، ئەگەر ئێمە دوێنێ و ئەمڕۆمان وەك یەك وابێت، ئەوە پێویست ناكات چیدی لەوە زیاتر بژین، زۆر گرنگە كە تۆ دیار نەبویت بزانرێت مرۆڤێك بەویادا تێپەڕیوە و، شوێن پەنجەت بدۆزرێتەوە.


ئەو ئاستەنگانە چین کە بۆت پێشهاتوون لە کاری وەرگێڕاندا؟


من ناوی نانێم ئاستەنگ، ناوی دەنێم گلان و هەڵدێر و شكست، چونكە من كەسێكى شكست خواردوو دۆڕاو بووم، سەرەتا لە قۆناغی دووى ناوەندی بۆ سێ ساڵ لە وانەى (بیركاری)دا كەوتم، هەرگیز بیریان لەوە نەدەكردەوە ڕەنگە من لە بوارێكى دیكەدا سەركەوتوبم، دواتر بەهۆى شكستەكەمەوە نەم توانی لەوێ درێژە بە خوێندن بدەم، ڕووم كردە خوێندنگا ئاینییەكانى سەر بەوەزارەتى ئەوقاف، بەڵام نەم هێشت لە كەوتندا بمێنمەوە، بۆیە بەو پەڕى توانامەوە كۆششم دەكرد، وەك نوكتەیەكی لێهاتبوو لەنێو هاوڕێكانمدا، هەر ساڵێك دەردەچووم هاوڕێكانم دەیان وت ئەو قوتابخانەیە هیچ بارگرانى و ناهەموارییەكى تیا نییە، چونكە (هێمن) لەوێ دەر دەچێت، ئەم شكستەم گەڕاندەوە بۆ ئەوەى كە ئێستا خودا پێى بەخشیوم.

 

12571813122018_hemn qadr.jpg

 

 

نوێترین کارە وەرگێڕدراوەکانت چییە؟


بەهۆى ئەوەى دەرچوى خوێندنگەى ئاینیم زۆربەى بابەتەكانم لە بوارەكانى ( پەرورەدەیی و، یاسایی و، ڕۆشنبیرى دینی)خۆیی بینیوەتەوە بەڵام تازەترین بەرهەمەكانم تایبەتە بە بوارەکانی (گەشە پێدانى مرۆیی و تواناى سەركەوتنی تاك).

 

پێت وایە وەرگێڕی کورد بەگشتی ئێستا لە چ ئاستێکدایە؟


لەم كاتەدا جێگەى دڵخۆشییە وەرگێڕێکی زۆر لە سەرجەم بوارەكاندا دەبینی  و، كاری ناوازەو بەنرخ ئەنجام دەدەن، خۆى لە خۆیدا وەرگێڕان هونەرێكى زۆر گرنگە، لە چاو ساڵانی پێشوو، دەستت دەبرد بۆ هەر سەرچاوەیەك پێویستت بە كەسێك دەبوو بۆ هاوكارى كردن و وەرگێران بۆ زمانى كوردی، بەڵام ئێستا لە هەر بوارێك دەبینین وەرگێڕانی بەشى خۆیی كراوە، بەلآم ئەمە ماناى ئەوە نییە پێویستمان بە وەرگێڕان نییە، بەڵكو پێویستە زیاتر كار بكەین بۆ زیاتر گەشە پێدان برەو دان بەو هونەرە و زیاتر ئاشنابوونی خوێنەری کورد بە نوسینی نوسەرە بەناوبانگە جیهانییەکان چ لە پێشوو یان ئێستادا.


لە کۆتاییدا چیت هەیە؟


زۆر سوپاستان دەكەم بەو هیوایەى توانی بێتم پەردەیەك لە ژیانمی خۆمتان بۆ ڕوون كردبێتنەوە، ئومێدم ئەوەیە ئەم چاو پێكەوتنە ببێتە دەرفەرتێك بۆ ئەوەى زیاتر پێداگرى بكەین لەسەر دیارى كردن و دانانی ئامانج لە ژیانماندا، مرۆڤ ناوازەترە لەوەى وێنامان كردووە.

 

 

 

43571813122018_hemn qadr 3.jpg

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure