عومەر سەید عەلی
1677 جار بینراوە 4/11/2018 10:33 PM

گۆڕان له‌سه‌رده‌مى خه‌لافه‌تى عومه‌ردا..
سه‌ید عه‌لى په‌یكه‌رێك له‌سیاسه‌ت



سنور ميديا - بنكۆڵكارى تايبه‌ت

لێكچواندانى دو ڕوداوى مێژووى كه‌ستراكچه‌ره‌كانى بۆ ئاینى و سیاسى ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌, له‌ دو سه‌رده‌م و كاتى جیاوازدا سه‌رسوڕهێنه‌ر نیه‌, چونكه‌ به‌داماڵینى كه‌سایه‌تیه‌كان له‌پیرۆزى ئه‌وا زۆر لایه‌نى ئه‌و دو ڕوداوه‌ لێكده‌چن.


به‌پێى سه‌رچاوه‌ مێژوویییه‌ ڕه‌سه‌نه‌ ئیسلامیه‌كان, كاتێك پێغه‌مبه‌رى ئیسلام كۆچى دواى ده‌كات, چه‌ند گروپێكى جیاوازى موسڵمانان له‌سه‌ر ڕوفاته‌كه‌ى كۆده‌بنه‌وه‌, له‌وانه‌ گروپى ئیمامى عه‌لى و گروپى نزیك له‌ئه‌بوبه‌كرى سدیق, لایه‌نگرانى ئیمامى عه‌لى له‌خه‌مى به‌ڕێوه‌بردنى ڕێوڕه‌سمى به‌خاكسپاردنى موحممه‌دا ده‌بن وناتوانن مه‌رگى ئه‌و پێغه‌مبه‌ره‌ به‌ڕوداوێكى ئاسایى سه‌یر بكه‌ن, جگه‌ له‌وه‌ى ته‌مى خه‌م و ترس له‌ بۆشاییه‌كانى كۆتا پێغه‌مبه‌رى ئاسمانى ده‌روونى داگیركردبون, گروپى دووه‌میش كه‌ نزیكن له‌ ئه‌بوبه‌كرى سدیقه‌وه‌ له‌وانه‌ عائیشه‌ى خێزانى موحه‌مه‌د پێشوازى له‌ڕوداوه‌كه‌ ده‌كه‌ن و بۆ پڕكردنه‌وه‌ى شوێنى موحه‌مه‌د زیاتر ده‌یانه‌وێ جێنشینێك دیارى بكه‌ن, گروپى ئیمامى عه‌لى ڕێوه‌ڕه‌سمه‌كه‌ ئه‌نجامده‌ده‌ن و موحه‌مه‌د به‌خاك ده‌سپێرین, له‌و كات و ساتانه‌شدا گروپى ئه‌بوبه‌كرد كۆمه‌ڵیك خه‌ڵك كۆده‌كه‌نه‌وه‌ و خێرا به‌یعه‌ت به‌ ئه‌بوبه‌كر ده‌ده‌ن و ده‌یكه‌ن به‌یه‌كه‌م خه‌لیفه‌ى موسڵمانان له‌دواى موحه‌مه‌د, به‌گوێره‌ى مێژوونوسانى ئیسلام وه‌رچه‌رخانه‌ گه‌وره‌كان كه‌ به‌شێكیان به‌زیانى ئیسلام شكانه‌ونه‌ته‌وه‌ هۆكاره‌كه‌ى بۆ دانانى ئه‌بوبه‌كر به‌خه‌لیفه‌ى موسڵمانان به‌و شێوه‌یه‌ و بێ به‌ش كردنى ئیمامى عه‌لى له‌به‌یعه‌ته‌كه‌ داده‌گێِرنه‌وه‌, به‌تایبه‌تى به‌كارهێنانى به‌یتولمال و ڕێگه‌پێدانیان له‌لایه‌ن خه‌لیفه‌وه‌ بۆ چه‌ند مه‌به‌ستێك به‌ پلان و هه‌ڕه‌مه‌كى بێت به‌دژایه‌تى ئیمامى عه‌لى شكاوه‌ته‌وه‌ و زۆرجار خه‌لیفه‌ ناچار كراوه‌ كۆمه‌ڵیك بڕیار ده‌ربكات دوربون له‌خواستى خۆى.


مردنى نه‌وشێروان مسته‌فاش چه‌نده‌ له‌ده‌ستدانى كه‌سایه‌تیه‌كى سیاسى و حزبى بو, به‌هه‌مان شێوه‌ به‌پلانى خۆى و كاریگه‌رى ده‌وروبه‌ره‌كه‌ى واى كردبو به‌ڕابه‌رێكى ڕۆحى سه‌یر بكرێت, له‌گه‌ڵ مه‌رگى دا ئیتر وه‌رچه‌رخانه‌ مه‌زنه‌كان ده‌ستپێبه‌كه‌ن.


هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى عومه‌رى سه‌ید عه‌لی له‌جڤاتى نیشتیمانیه‌وه‌ هه‌ر له‌شێوه‌ى به‌یعه‌تیپێدانه‌كه‌ى خه‌لیفه‌ى موسڵمانان ده‌چێت, به‌ڵام به‌ده‌سه‌ڵاتى خه‌لیفه‌یه‌كه‌وه‌ نا بتوانێت وه‌رچه‌رخان دروست بكات هه‌ر له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م وێنه‌دا دیاره‌ ئه‌م خه‌لیفه‌یه‌ى گۆڕان ڕۆڵى وه‌سیه‌ جێ به‌جێ ده‌كات تا نه‌وه‌ى خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ گه‌وره‌ ده‌بن و ده‌چنه‌ شوێنى خه‌لیفه‌ یان ئه‌و كه‌سه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى بۆ به‌جێهیشتون ,جگه‌ له‌وه‌ش ده‌رۆیش و لایه‌نگر و ده‌نگده‌ر و هه‌ڵسوڕاوانى گۆڕانیش له‌ئاماده‌ سازییه‌كى ڕۆحى و ده‌رونیدا نه‌بون تابتوانن به‌ئاسانى پێشوازى له‌ كه‌سێك بكه‌ن كه‌ده‌چێته‌ شوێنه‌كه‌ى نه‌وشیروان مسته‌فاو هیچىیشى له‌و ناچێ, ڕه‌نگه‌ له‌ڕووى ڕێكخراوه‌یه‌وه‌ كارێكى باشبێت له‌دواى مردنى كه‌سێی یه‌كه‌مى حزبێك شوێنه‌كه‌ى پڕ بكرێته‌وه‌, به‌ڵام نه‌وشیروان مسته‌فا به‌ته‌نها كه‌سیى یه‌كه‌مى حزبێك نه‌بو.

 


له‌یادى دامه‌زراندنى گۆڕان له‌ 25 /7 /2017 و هه‌ڵبژاردنى سه‌ید عه‌لى به‌رێكخه‌رى گشتى بزوتنه‌وه‌كه‌ شۆك و سه‌رسوڕمانى له‌گه‌ڵ خۆى دا هێنا, چونكه‌ ئه‌وه‌ى سه‌ید عه‌لى له‌نزیكه‌وه‌ بناسێ و شاره‌زاى میژووه‌كه‌ى بێت, ئه‌وه‌ ده‌زانێت پێاوێكى تابڵیى ڕابردو پاك و به‌ڕێز و شۆڕگێڕه‌, هه‌ر وه‌كو زۆربه‌ى تاكى كوردى ئه‌وه‌ى به‌عسى و جاش و خیانه‌تكار نه‌بوبێت ئیتر هه‌موى ڕابردوى پاك و شۆڕشگیڕ و كه‌م ئه‌ندام یان قوربانیده‌رن له‌پێناو شۆڕش دا مه‌رجیش نیه‌ ئیتر هه‌مو ئه‌مانه‌ سیاسیه‌كى باش و حه‌كیم بن, هه‌ڵبژاردنى عومه‌رى سه‌ید عه‌لى هیچى كه‌متر نه‌بو له‌به‌یعه‌تپێدانى خه‌لیفه‌ى موسڵمانان, ئه‌وانه‌ى پلانى نه‌خشه‌كه‌یان داڕشتبو ده‌یانزانى بۆچى سه‌ید عه‌لى ده‌كه‌ن به‌ڕێكخه‌رو وه‌رچه‌رخانه‌ گه‌وره‌كانیش یه‌كسه‌ر دواى به‌یعه‌ته‌كه‌ى عومه‌ر ده‌ستى پێى كرد به‌هه‌مان شێوه‌ى پاره‌كانى به‌یتولمال له‌سه‌رده‌مى ئه‌بوبه‌كردا چۆن و بۆكێ خه‌رج ده‌كران, له‌سه‌رده‌مى عومه‌ره‌كه‌ى گۆڕانیش دا به‌یتولماله‌كه‌ى هه‌ڵسوڕاوان كه‌ گرده‌كه‌ بو ڕاسته‌وخۆ تاپۆى نه‌وه‌كانى نه‌وشیروان مسته‌فا كران, دوابه‌دواى ئه‌وه‌ش هه‌مو مه‌عالیمه‌كان ڕوشنبونه‌وه‌ و گۆڕان به‌ره‌و كوێ ده‌چێت.


نزیكه‌ى ساڵ و نێویكه‌ سه‌ید عه‌لى له‌شوێنه‌كه‌ى نه‌وشیروان مسته‌فا دانیشتوه‌, ئه‌وه‌ى به‌سه‌ر ئیسلام دا هات ,بگره‌ به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ زۆر زیاتر له‌وه‌ به‌سه‌ر گۆڕاندا له‌سه‌رده‌مى خه‌لافه‌تى عومه‌ردا به‌سه‌رى هاتووه‌ و له‌مه‌رگیش نزیكى كردۆته‌وه‌.ئیسلام په‌لهاوێشت و فتوحاتى ده‌ستپێكرد گۆڕان ته‌نها چوه‌ته‌ به‌ر ده‌رگاى گرده‌كه‌ و و سنوره‌كه‌ى له‌وه‌ زیاتر به‌رته‌سكبوه‌ته‌وه‌, هه‌روه‌كچۆن جه‌ماعه‌ت دواى شانزه‌ى ئۆكتۆبه‌ر نیوه‌ زیاترى خاكیى هه‌رێمیان له‌ده‌ستتدا ئه‌ویش له‌دواهه‌مین هه‌ڵبژاردندا نیوه‌ى كورسیه‌كانى فتكرد.

 

له‌ماوه‌ى خه‌لافه‌ته‌كه‌ى دا سه‌ید عه‌لى زیاتر ڕۆڵى په‌یكه‌رێكى سیاسى گیڕاوه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ى خاوه‌نى كه‌سایه‌تیه‌كى سیاسى به‌هێز و بڕیار به‌ده‌ست بێت و ڕۆڵى سه‌ره‌كى خۆى به‌پێى ده‌ستورى گۆڕان بگیڕیت, هه‌ر بۆیه‌ گۆڕان له‌نگه‌ر ناگرێ و سه‌رى لێتكیچوه‌ نازانێ چۆن سیاسه‌ت ده‌كات, له‌ هاوكێشه‌ ئیقلیمه‌كان دا لاوازتر بوه‌, ڕۆڵى له‌ ڕوداوه‌ سیاسیه‌كانى عێراق دا نه‌ماوه‌, ناتوانێت له‌به‌رده‌م ده‌ستێوه‌ردانه‌كانى ده‌زگا سیخۆڕییه‌كانى یه‌كێتى و پارتیدا خۆى ڕابگرێ و ئه‌و دو حزبه‌ ته‌راتێنیانه‌ له‌ نێو بڕیاره‌كانى گۆڕاندا, ئه‌مه‌ به‌پێچه‌وانه‌ى سه‌رده‌مى نه‌وشیروان مسته‌فاوه‌ كه‌ نه‌یده‌هێشت سیاسه‌تى حزبه‌كه‌ى به‌لاى وڵاتانى ئیقلیمدا دایشكێنیت و له‌ئاستى ناوخۆشدا ڕێگه‌ى نه‌ده‌دا یه‌كێتى و پارتى دیواربه‌ندیه‌ پته‌وه‌كه‌ى بشكێنن و به‌و ئاسانییه‌ى ئێستا بچنه‌ ژووره‌وه‌ى بڕیاره‌كانى گۆڕانه‌وه‌.


دواى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى مانگى ئایار و هه‌راى ته‌زویرات و ته‌قه‌كردن, چاودێرانى به‌ئاگا و ته‌نانه‌ت به‌شێكى زۆرى لایه‌نگرانى گۆڕانیش چاوه‌ڕوان بون گۆڕان جارێكى تر بومه‌له‌رزه‌ى سیاسى دروستبكات و نه‌خشه‌كه‌ بله‌رزێنێ و پرۆسه‌ى سیاسی ڕه‌تبكاته‌وه‌, به‌ڵام په‌لكێشانى بۆ ناو پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستانى به‌ مه‌هزه‌له‌ترین شێوه‌ و ڕه‌وایه‌تێپێدانى له‌لایه‌ن گۆڕانه‌وه‌ و جارێكى تریش په‌لكێش كردنى بۆ سه‌ر سفره‌ى حكومه‌ت, ده‌ركه‌وت ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ به‌رگه‌ى پژمه‌یه‌كى حزبه‌كانى ده‌سه‌ڵات ناگرێت و ته‌نها چاوه‌ڕوانه‌ بانگهێشتى بكه‌ن یان خۆی مه‌منونه‌ بچێته‌ حكومه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى چه‌ند پاروویه‌ك بپچڕێنیت.


گۆڕان له‌سه‌رده‌مى خه‌لافه‌تى( وه‌سیه‌) عومه‌ردا نه‌ك ته‌نها لاواز و مه‌ترسیی له‌ناوچون و پوكانه‌وه‌ى لێى ده‌كرێت به‌ڵكو ئومێدى دروستبونى ئۆپۆزسیۆنیشی له‌لاى خه‌ڵكى كوردستان كوشت, په‌یكه‌رو پێكهاته‌ى ده‌سه‌ڵات و بڕیار له‌نێو گۆڕاندا پێچه‌وانه‌ى ته‌واوى ده‌زگا فه‌رمیه‌كانیه‌تى, جڤاتى نیشتیمانى كه‌ به‌رزترین ده‌سه‌ڵاتى بڕیاردانى ئه‌و حزبه‌یه‌ كراوه‌ته‌ دواهه‌مین جێ به‌جێ كارى بڕیاره‌كان,ڕاسپارده‌ و هه‌یمه‌نه‌كان له‌لایه‌ن هه‌ردو نه‌وه‌كه‌ى نه‌وشیروان مسته‌فاوه‌ به‌زۆرى له‌ڕێگه‌ى عومه‌رى سه‌ید عه‌لى یان مسته‌فاى سه‌ید قادره‌وه‌ كه‌ ئێستا هیچ پله‌یه‌كى حزبى نیه‌ ده‌سه‌پینیرێت و ده‌بێته‌ بڕیار, مه‌رجه‌عى بڕیارو پاره‌و سه‌روه‌رى و میدیا ماڵى نه‌وشیروان مسته‌فایه‌, سیاسه‌تكردن له‌گۆڕاندا له‌خواره‌وه‌ى ئه‌وانیشه‌وه‌ به‌م شێوه‌یه‌ دابه‌شبوه‌:


گروپى عومه‌رى سه‌ید عه‌لى و حه‌مه‌تۆفیق ڕه‌حیم پێوه‌ندى باشیان له‌گه‌ڵ شاناز و هیرۆى ئیبراهیم ئه‌حمه‌ددا هه‌یه‌ و له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ یه‌كێتى چوه‌ته‌ ژوره‌وه‌ و له‌دڵى گۆڕانى داوه‌ و بڕیاره‌كانى گۆڕان به‌هه‌یمه‌نه‌ كراوه‌ , ته‌نانه‌ت هه‌ندێ هه‌ڵسوڕاوان حه‌مه‌ تۆفیق به‌باڵى شاناز له‌ناو گۆڕاندا وه‌سف ده‌كه‌ن, چیا و نما هاوسۆزن له‌گه‌ڵ پاڤڵ و قوباددا و باس له‌ڕێكه‌وتنى نهینى نێوانیان بۆ زه‌مانه‌تكردنى ئاینده‌ى سیاسى و ئابوریان له‌ناوچه‌كه‌دا ده‌كرێت, خه‌تى سێیه‌میشیان گه‌نجه‌كانه‌ و مسته‌فاى سه‌ید قادر ڕابه‌رایه‌تیان ده‌كات, ئه‌وانه‌ى ڕاسته‌وخۆ بۆ هه‌ر جوڵه‌یه‌كى سیاسى و بڕیارێك ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ نه‌وه‌كانى نه‌وشیروان مسته‌فا, ئه‌وانیش یوسف محه‌مه‌د و ساماڵ سه‌ردار وعه‌لى حه‌مه‌ ساڵه‌حن... ئه‌مانه‌ مه‌یالن به‌لاى پارتیدا و پێانوایه‌ بێ ڕێكه‌وتن له‌گه‌ڵ پارتیدا گۆڕان هیچى پێ ناكرێت, ئه‌مه‌ش دواى ئه‌وه‌ى به‌ خیتابه‌كانیان له‌سه‌ر شاشه‌كان نه‌یانتوانى هیچ سنۆرێك بۆ قه‌ڵه‌مڕه‌وێتى و كرده‌وه‌كانى پارتى دابنێن.


ئه‌وه‌ى له‌سه‌رده‌مى عومه‌ردا به‌سه‌ر گۆڕاندا هات كه‌ به‌شێكیى بۆ لاوازى ڕۆڵى ئه‌و و قۆرخكردنى شوێنه‌كه‌ى له‌لایه‌ن نه‌وه‌كانى نه‌وشیروان مسته‌فاوه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ هیچ كاتێك به‌سه‌رى نه‌هاتوه‌, به‌لاى گۆڕانخوازانه‌وه‌ هۆكارى سه‌ره‌كین بۆ گه‌یشتنى گۆڕان به‌م ڕۆژگاره‌, ته‌نانه‌ت به‌شێك له‌ هه‌ڵسوڕاوان ده‌ڵین سه‌ید عه‌لى ته‌نها ڕۆڵى وه‌سیه‌ى نه‌گیڕاوه‌ به‌ڵكو كوڕه‌كان و ئه‌وانه‌ى ده‌وروبه‌ریان هه‌ر كاتێك ویستبێتیان له‌دژى كه‌س و گروپێك بڕیارێك ده‌ربكه‌ن ده‌سه‌ڵاتى داوه‌ته‌ ڕێكخه‌ر, نه‌شیانویستبێ ڕۆڵى خۆى ببینێ وتویانه‌ ڕێكخه‌ر له‌ده‌ستورى گۆڕاندا ته‌شریفیاتیه‌.

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure