.
1832 جار بینراوە 19/10/2018 04:15 PM

گەنجێکی کورد لەلایەن یوتیوبەوە خەڵات دەکرێت



سنورمیدیا-تایبەت

هەژار سەلام (19)ساڵ، گەنجێکی دانیشتووی قەزایی کۆیەیە و ماوەیی زیاتر لە ساڵێکە کەناڵێکی لە ماڵپەڕیی یوتوب دروست کردووە و بابەتی زانستی و زانیاری گشتی تێدا بڵاودەکاتەوە، ناوبراو بەهۆیی بەدەستهێنانی بەشداریەکی زۆر لەلایەن بینەرانەوە بۆ کەناڵەکەیی، یوتوب خەڵاتێکی پێ دەبەخشێت و وەک خۆیی دەڵێت ڤیدیۆکانی تاکوو ئێستا خاوەندی زیاتر لە 11 ملیۆن بینەرە.

 

هەژار سەلام خوێندکاری قۆناغی دووەمی کۆلێژی پزیشکییە لە زانکۆی هەولێر، لەهەمان کاتدا یوتیوبەرە و خاوەنی کەناڵی کوردنێتە کە یەکێکە لە گەورەترین کەناڵە کوردییەکانی یوتیوب،هەژار لەبارەیی دەستپێکردنیەوە بە سنورمیدیایی وت:"لە ١٤/٧ ی ۲٠۱۷ کەناڵەکەم دروست کردووە و دەستم بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکردووە تێیدا و بابەتەکانی کەناڵەکە جۆراو جۆرن، بەڵام هەمیشە هەوڵم داوە کوردنێت وەک کەناڵێکی زانستی بمینێتەوە، بەڵام لە پاڵ بابەتە زانستییەکانیش کۆمەڵێک بابەتی تەرفیهی و مێژوویی هەن و تا ئێستا زیاتر لە 200 ڤیدیۆم لە کەناڵەکە بڵاوکردووەتەوە".

 

38141319102018_هەژار سەللام.jpg

 


خاوەندی کەناڵی کورد نێت لەبارەیی ئامادەکردنی بابەتەکانیەوە باسی لەوەکرد:"کاتێکی زۆر بۆ ڕێکخستنەوەی بابەت و وەرگێڕانی تەرخان دەکەم بەهەمان شێوەش مۆنتاژکردنی ئەم زانیاریانە دوبارە کاتێکی زۆری دەوێت وبە گشتی بابەت ئامادەکردنەکان پلان بۆ داڕێژراون، واتا ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان پەیامیان لەگەڵدایە،بۆ دەست کەوتنی زانیاری سەبارەت بە شتێکی زانستی هەوڵ دەدەم لە وێبسایتە باوەڕپێکراوەکان زانیاری کۆبکەمەوە و بابەتەکە بە پوختی پێشکەش بکەم، بەڵام زانیارییە تەرفیهییەکان وردەکاری کەمتریان دەوێت و سەرچاوەی زۆر زیاتر هەن لەچاو بابەتە زانستیەکان".

 


جیاواز لە ناوی خاوەنەکەیی کەناڵەکەی هەژار، هەژار نیە و بینەرێکی زۆریی لە خۆیی کۆکردووەتەوە،سەبارەت بە ڕێژەیی بینەری کەناڵی یوتوبەکەی، هەژار بۆ سنورمیدیا وتی:" تاکوو ئێستا کۆیی بینەریی ڤیدیۆکانم 11 ملیۆن و 200هەزار بینەرە و سەبارەت بەپڕ بینەرترین ڤیدیۆیی کەناڵەکە 362 هەزار بینەری هەیە و زۆرترین جار کە لایک بۆ ڤیدیۆ هاتبێت 11 هەزار لایکە، وەلە ئێستادا 171 هەزار سەبسکڕایبم هەیە".

 

11271319102018_ناوزەند.jpg

 

دەربارەیی ئەو ڕێگریی و ئاستەنگیانەیی کە دێتە پێش بۆ یوتوبەرانی کورد هەژار سەلام ئاشکرایکرد:" بێگومان وەک هەموو کارێکی تر یوتیوب لە کوردستان کۆمەڵێک بەربەست و ئاستەنگت دەخاتە بەردەم، لە گرنگترینیان ئەوەیە کە ناتوانی لە هەموو شوێنێک ڤیدیۆی خۆت تۆمار بکەیت بە ئازادی ، هەروەها ناتوانی هەموو بابەتێک تەنانەت ئەگەر زۆر گرنگیش بێت بووروژێنیت، ئەمە جگە لەوەی کۆمپانیاکانی کوردستان پارەیەکی زۆر لە سپۆنسەرکردنی هەندێک بەرنامەو بابەت خەرج دەکەن کە یوتیوبەرەکان دەتوانن بە پارەیەکی کەمتر قازانجێکی زیاتریان پێ ببەخشن و بیگەیێنن بە بینەری زیاتریش، بەڵام ئەمە تا ئێستاش پرسیاری زۆرێک لە یوتیوبەرەکانە بۆچی کۆمپانیاکان ئامادە نین بەهۆی گەنجەکانەوە بەرهەمەکانیان بڵاو بکەنەوە لە کاتێکدا دەزانن ئەم گەنجانە کاریگەریشیان زیاترە؟".

 


هەژار سەلام لەبارەیی ئەو دیارییەی کە لەلایەن یوتوبەوە پێشکەشیکراوە ڕوونیکردەوە:"لە کاتی گەشتنی هەر کەناڵێکی یوتیوب بە 100هەزار سەبسکڕایبەرس،خەڵاتی زیوین دەبەخشرێ بە خاوەنی کەناڵەکە، منیش وەک سێیەم کورد لە یوتیوب خەڵاتی زیوینی یوتیوبم وەرگرتووە و هیوادارم یەکەم کوردیش بم بە گەشتنم بە ۱ ملیۆن سەبسکڕایبەرس خەڵاتی زێڕین وەرگرم".

 

 

15141319102018_Capture.PNG38241319102018_Capture١١.PNG

 

 

یوتیوب ماڵپەڕێکی تایبەتە بە پەخشکردن و دانانی ڤیدیۆ لەلایەن بەکارهێنەرانیەوە و لە ئێستادا گۆگڵ خاوەندارێتی دەکات و لە ڕیزی 10 لەو ماڵپەڕانەدایە کە زۆرترین سەردانیکەریان هەیە لە جیهاندا،چەند ساڵێکیشە هاوشێوەیی وڵاتانی دیکە گەنجان و هاوڵاتیان لە کوردستان ئاشنایەتیەکی زۆریان لەگەڵ یوتیوبدا پەیداکردووە و رۆژانە سەردانی ئەو ماڵپەڕە دەکەن و بەشێکیشیان گرتەڤیدیۆیی جیاوازی تێدا بڵاودەکەنەوە.

 

 

زۆرترین خوێندراوە

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure