گرده‌گه‌
13943 جار بینراوە 12/10/2018 06:52 PM

گرده‌كه‌ خه‌ریكه‌ ده‌بێته‌ قه‌ڵاى پاستێل
هه‌ڵسوڕاوانى باڵاى گۆڕان: پاكتاوكردنى سیاسى گه‌یشتۆته‌ ئاستى مه‌ترسیدار



سنور ميديا _ تايبه‌ت

ژماره‌یه‌ك هه‌ڵسوڕاوى باڵاى گۆڕان له‌پاداشتێكیاندا بۆ جڤاتى نیشتیمانى ده‌ڵین پاكتاو كردنى سیاسى و سه‌ركوتكردنى ڕاى جیاواز گه‌یشتۆته‌ قۆناغێكى مه‌ترسیدار له‌نێو بزوتنه‌وه‌ى گۆڕاندا.


دواى ئاشكرا بونى ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كانى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان له‌مانگى سیپته‌مبه‌رى ئه‌م ساڵدا به‌ڕێوه‌چوو چاوه‌ڕوانده‌كرا جیاواز له‌حزبه‌كانى تر بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان سوپرایزێكى سیاسى گه‌وره‌ و سه‌رسوڕهێنه‌ر پێشكه‌شبكا و هیچ نه‌بێ ڕێكخه‌ره‌كه‌ى و زۆرینه‌ى ئه‌ندامانى هه‌ردو جڤاته‌كه‌ى بچنه‌ ماڵه‌وه‌ و تاپۆى گرده‌كه‌ ڕاده‌ستى بزوتنه‌وه‌كه‌ بكرێت و زۆر گۆڕانكارى ئومێدبه‌خشتر ڕوبده‌ن, نه‌ك ئه‌مانه‌ ڕوییاننه‌دا به‌ڵكو هه‌وڵى گۆڕین و پاكتاوكردنى نه‌یارانى سیاسى و ڕاجیاوازن گه‌یشتۆته‌ ئاستێكى كۆمێدى هه‌میش مه‌ترسیدار له‌گرده‌كه‌دا.

 

ژماره‌یه‌ك له‌هه‌ڵسوڕاوى دیارى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان كه‌چه‌ند په‌رله‌مانتارێكى تێدایه‌ له‌یاداشتیِكیاندا كه‌ ئاڕاستىه‌ى جڤاتى نیشتیمانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان كراوه‌ و كۆپیه‌كى ده‌ست سنور میدیا كه‌وتوه‌ ئاشكرایان كردوه‌, ڕۆژى 11 / 10 2018 به‌ته‌له‌فۆن عه‌بدوڵاى مه‌لا نورى ئاگادار كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌فه‌رمانى ڕێكخه‌رى گشتى ئیدى نابێت ناوبراو بچێته‌ ژوورى سكرتارییه‌تى جڤات و ده‌شبَى كلیلى ئه‌و ژووره‌ ڕاده‌ستبكات.


هه‌ر له‌یاداشته‌كه‌دا هاتووه‌, هه‌ر له‌هه‌مان ڕۆژدا كیلۆنى ده‌رگاى ژووره‌كه‌ گۆڕدراوه‌ ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ى مه‌لا نورى نه‌توانێ بچێته‌ ئه‌و ژووره‌وه‌.


هه‌ڵسوڕاوانى ناسراوى گۆڕان هه‌ڵوێسته‌كه‌یان توندتر ده‌كه‌ن و ده‌شلێن, بۆ به‌داواداچونى ئه‌و كێشه‌یه‌ ڕوویان كردۆته‌ ژووره‌كه‌ى عومه‌رى سه‌ید عه‌لى و گفتوگۆى ڕوداوه‌كه‌یان له‌گه‌ڵدا كردوه‌, ناوبراویش وتویه‌تى له‌ژووره‌دا هه‌ندێ كه‌س لۆبى بیروباوه‌ڕى جیاوازى خۆیان ده‌كه‌ن, ئیتر ناشبێ عه‌بدوڵاى مه‌لا نورى بچیته‌ ئه‌و ژووره‌ و له‌وێ دانیشێ و ده‌وام بكات.


هه‌ڵسوڕاوه‌ باڵاكانى گۆڕان هۆشدارى ده‌ده‌نه‌ جڤاتى نیشتیمانى حزبه‌كه‌یان و ڕایانگه‌یاندوه‌, ئه‌و هه‌نگاوانه‌ پاشه‌كشه‌ و سه‌ركوتكردنى ده‌نگى جیاواز وبه‌هه‌موو پێوه‌رێك پاكتاوكردنى سیاسیه‌ و داماڵینى گۆڕانه‌ له‌ پره‌نسیپى قه‌بوڵكردنى جیاوازى.


ماوه‌ى دو ساڵێكه‌ عه‌بدولاى مه‌لانورى له‌ژووره‌كه‌ى سكرتێرى جڤاتى نیشتیمانى گۆڕان داده‌نیشێ و هه‌ندى كاروبارى كارگیڕى جه‌مالى حاجى محه‌مه‌د سكرتێرى جڤات ڕاده‌په‌ڕێنیت, ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌كه‌ ناوبراو گه‌شتى ده‌ره‌وه‌ى وڵاتى كردوه‌ و عه‌بدوڵاى مه‌لا نورى له‌شوێنه‌كه‌ى داده‌نیشێت.


پاداشته‌كه‌ى ئه‌و هه‌ڵسوڕاوه‌ ناڕازیانه‌ى كه‌ دژى گۆڕینى كیلۆنى ده‌رگاكه‌ى عه‌بدوڵاى مه‌لانورى نوسیویانه‌, هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامى به‌كارهێنانى سزاى سیاسى و قۆرخكارى ڕێكخراوه‌یى و بێده‌نگبونى به‌شێكى زۆر له‌هه‌ڵسوڕاوان بۆ ماوه‌یه‌كى زۆره‌ له‌و پرۆسه‌یه‌.

 

به‌پێى ئه‌و زانیاریانه‌ى له‌به‌رده‌ستى سنورمیدیادایه‌ گۆڕینى كیلۆنى ده‌رگا و ته‌نگه‌ژه‌ دروست كردن بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ سه‌ر به‌باڵى ده‌ستڕۆیشتوى گرده‌كه‌ و كوڕانى نه‌وشیروان مسته‌فا نین, یان خاوه‌ن بیروڕاى جیاوازن و به‌هۆى چه‌ند هه‌ڵوێست و ڕه‌خنه‌ و پرۆژه‌یه‌كه‌وه‌ بۆ چاكسازى له‌نێو گۆڕاندا خستویانه‌ته‌ ڕوو ڕووبه‌ڕوى جۆره‌ها شێوازى هه‌راسانكارى تاڕاده‌ى پێشیلكارى بونه‌ته‌وه‌.

 

گۆڕینى كیلۆنى ده‌رگاش له‌نێو گرده‌كه‌ى گۆڕاندا له‌ ئێستادا باشترین كه‌ره‌سته‌ى پاكسازیی ساحێبى گرده‌گه‌یه‌ بۆ نه‌مانى ڕاى ئازا و ئازاد له‌حاڵه‌ته‌وه‌ بوه‌ به‌دیارده‌ و وه‌كو چه‌ند هه‌ڵسوڕاوێك ده‌لێن هاوشێوه‌ى تۆمه‌ت دروست كردن, گۆڕینى كیلۆنى ده‌رگاش بوه‌ به‌ئه‌ده‌بیاتى حزبێ كه‌ دروشمه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ى سیستمى وڵات ده‌گۆڕێ و حوكمى بنه‌ماڵه‌ى كۆتایى پێده‌هێنێ.

 

هه‌ر له‌ماوه‌ى ئه‌م ساڵدا كاتێك قادرى حاجى عه‌لى وه‌كو كارێزمایه‌كى جیاواز ده‌رده‌كه‌وت و زۆربه‌ى هه‌ڵسِوروانى گۆڕانیش ڕویان له‌ژووره‌كه‌ى ده‌كرد,چه‌ند جارێك كیلۆنى ده‌رگاكه‌ى ئه‌ویشیان گۆڕیوه‌ و كورسیه‌كانى به‌رده‌مى ژووره‌كه‌شى لابراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بێزارو هه‌راسانى بكه‌ن و میوان ڕوویتنه‌كا و كاردانه‌وه‌یه‌ك بنوێنێ.


له‌ پاكسازییه‌كانى نێو میدیاى گۆڕانیشدا كه‌ سه‌ره‌تاى مانگى شوباتى ئه‌م ساڵ ده‌ستپێكرد ئه‌و دیارده‌یه‌ به‌زه‌قى بینرا, كاتێك خاڵى چیاو نما كیلۆنى ده‌رگاى ژووره‌كه‌ى به‌رپرسى پێشووى سه‌رچاوه‌ مرۆییه‌كانى میدیاى گۆڕانى گۆڕى بۆ ئه‌وه‌ى ڕێگه‌ى پێنه‌دا بچێته‌ ژووره‌كه‌ى و دواتریش ده‌ریبكه‌ن, ناوبراویش له‌نامه‌یه‌كى ناڕه‌زایه‌تیدا بۆ عومه‌رى سه‌ید عه‌لى ده‌ڵیت ئه‌م كاره‌ سه‌ره‌تایه‌كى ترسناكه‌ بۆ پاكتاوكردنى ئه‌وانه‌ى بیروڕاى جیاواز و ئازاد و ڕه‌خنه‌یان له‌خراپه‌كارى و قۆرخكاریه‌كانى نێو گۆڕان هه‌یه‌, ئه‌وه‌ى له‌میدیاى گۆڕاندا له‌دژى ژماره‌یه‌ك میدیاكار گیراوه‌ته‌ به‌ر له‌ده‌زگاكانى پاراستن و گوڵانى پارتى و ده‌زگاى زانیارى یه‌كێتى و چه‌ند حزبێكى ترى فاشیى ئه‌نجامنادرێت, گه‌ر بێتو ڕێگه‌ى پێى نه‌گیرێت ئه‌وا گۆڕان به‌ره‌و ئاینده‌یه‌كى كاره‌ساتبار ده‌بات, نه‌ك گوێ له‌و ده‌نگه‌ ناڕازییانه‌ نه‌گیرا به‌ڵكو پاساویش بۆ ئه‌نجامده‌رانى ده‌هێنرایه‌وه‌ تا گه‌یشته‌ ئاستێكى ته‌واو جیاواز و شه‌رمه‌زاركه‌ر.

 

گرتنه‌به‌رى ئه‌م ڕێو شوینانه‌ زیاتر له‌دواى تاپۆ كردنى گرده‌كه‌ له‌سه‌ر كوڕانى نه‌وشیروان مسته‌فا په‌یدابوه‌,هه‌ر ئه‌وكاتیش ژماره‌یه‌ك له‌هه‌ڵسوڕاوانى گۆڕان پێانوابو ئه‌گه‌ر ئه‌و گرده‌كه‌ بكرێته‌ موڵكى شه‌خسى دوو كه‌س یان بنه‌ماڵه‌یه‌ك, ئه‌وا گۆڕانیش قۆرخده‌كرێت و هه‌مو ڕوداوێكى نه‌خوازرویش چاوه‌ڕوان ده‌كرێت, له‌به‌رامبه‌ریشدا ژماره‌یه‌ك هه‌ڵسوڕاوى نزیك له‌نما و چیا به‌نمونه‌ى عه‌لى حه‌مه‌ ساڵه‌ح و ساماڵ سه‌ردار ڕه‌تیانكرده‌وه‌ و ڕایانگه‌یاند ئێستا گرده‌كه‌ له‌ده‌ستێكى ئه‌میندایه‌, پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئیستا ئه‌و ده‌سته‌ ئه‌مینه‌ بوه‌ به‌مه‌ترسى بۆ سه‌ر كێ و كێ له‌مه‌ترسى ده‌پارێزیت؟ ئایا هه‌ر ئه‌و ده‌سته‌ ئه‌مینه‌ نیه‌ به‌ربوه‌ته‌ وێزه‌ى كه‌سانى دڵسۆز و ڕابردو پاك و به‌توانا و قوربانیده‌ر بۆ ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ و وه‌ده‌ریانده‌هینێ؟


دیمه‌نى ئێستاى گرده‌كه‌ به‌و ڕواداوانه‌وه‌ خه‌ریكه‌ هاوشێوه‌ى قه‌ڵاى پاستیلى لێدێت, ئه‌و قه‌ڵایه‌ى بوه‌ جێى جه‌ور و سته‌م و زۆردارى و داگیركردنى مافى خه‌ڵكى و بو بوه‌ شوێنى زیندانیانى نه‌یارانى ده‌وڵه‌ت تا له‌شۆڕشى فه‌ره‌نسیدا ڕق و توڕه‌ى شۆرشگیڕان كڵپه‌ى سه‌ند و چونه‌ نێو قه‌ڵاكه‌وه‌ و ڕوخاندیان, جیاوازى گرده‌كه‌ش له‌پاستَیل ئه‌وه‌یه‌ ئازادى بیروڕاو جیاوازى ئه‌گه‌ر تیا به‌ند نه‌كرێ و نه‌كپینرێ ئه‌وا به‌ كۆمه‌ڵیك تۆمه‌ت و په‌لاماره‌وه‌ گرد به‌ده‌ر ده‌كرێت.

 

 

15511512102018_666.jpg

 

به‌م مه‌شهه‌ده‌ى ئێستاییه‌وه‌ ده‌بێ گۆڕان چ گورزێكى كوشنده‌ى له‌ ئومیدى دروستبونى ئۆپۆزسێۆنێكى ڕاسته‌قسینه‌ى ده‌سه‌ڵاتى یه‌كێتى و پارتى دا بێ ..؟ چونكه‌ ساده‌ترین وه‌ڵام ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خه‌ڵك ده‌ڵیت هه‌ر ئۆپۆزسیۆنێك دروستبێ هه‌روه‌كو گۆڕانى لێ دێت.


كاروخ عومه‌ر, بنكۆڵكارى

 

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure