سنور ميديا
427 جار بینراوە 9/10/2018 10:43 PM

سه‌رۆك كۆمار.... له‌ نێوان ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌ستورى و ململانێى وويسته‌ سياسييه‌كاندا



سنور ميديا 

نووسينى : د. بشار الحطاب


له‌ پێگه‌ى ئه‌له‌كترۆنى : وكالة الصحافة المستقلة


كه‌ له‌م لينكه‌دا به‌رده‌سته‌ : https://www.mustaqila.com/


‌ ده‌ستورى عێراقى ساڵى 2005 به‌ گوێره‌ى سيسته‌مى په‌رله‌مانى له‌ قاڵبه‌ باوه‌كه‌ى خۆيدا ده‌سه‌ڵاته‌كانى سه‌رۆكى كۆمارى دياريكردووه‌ به‌وه‌ى خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتێكى ڕاسته‌قينه‌ نييه‌ كه‌ له‌سه‌ر ئاره‌زوو و وويستى كه‌سێتى خۆى به‌ند بێت ، به‌ڵام سه‌ربارى ئه‌وه‌ش ڕۆڵى ئه‌ده‌بى و كاريگه‌رى مه‌عنه‌وى مه‌زنى سوودبه‌خشى خۆى هه‌يه‌ و‌ هه‌ميشه‌ له‌و ڕێگه‌يه‌وه‌ ده‌توانێت كار بۆ ئه‌وه‌ بكات كه‌ هاوسه‌نگى له‌ نێوان ده‌سه‌ڵاته‌كاندا ڕاگرێت و هێزه‌‌ ئاراسته‌كه‌ره‌كه‌يان به‌ره‌و ئاراسته‌يه‌كى ته‌ندروست به‌رێت كه‌ خێروخۆشى ووڵاتى تێدا بێت.


ڕۆڵى سه‌ره‌كى سه‌رۆك كۆماريش به‌وه‌ شيكار ناكرێت كه‌ به‌ ڕه‌هاى بڵێين خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتێكى ئه‌رێنى يان نه‌رێنييه‌ ، به‌ڵكو به‌وه‌ ده‌بێت كه‌ په‌ى به‌ خودى سرووشتى سيسته‌مى په‌رله‌مانى به‌رين له‌ ڕووى ئه‌و پايانه‌ى كه‌ سيسته‌مه‌كه‌ى له‌سه‌رى بونياد نراوه‌ له‌گه‌ڵ چۆنييه‌تى دابه‌ش بوونى ده‌سه‌ڵاته‌كانى ، له‌مه‌شه‌وه‌ ڕۆڵى سه‌رۆك كۆمار به‌ به‌هاى ئه‌و خاڵانه‌ پێوانه‌ ده‌كرێت كه‌ له‌ ڕێگه‌يانه‌وه‌ ده‌توانێت كاريگه‌ر‌ى له‌سه‌ر گۆڕاوه‌كانى ئه‌و پڕۆسه‌ سياسييه‌ دروست بكات كه‌ خۆى تێيدا هه‌ڵده‌سوڕێت ، ئه‌مه‌ش نه‌ك هه‌ر له‌ ڕووى مه‌عنه‌وييه‌وه‌ ، به‌ڵكو له‌ ڕێگه‌ى پياده‌كردنى ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌يه‌وه‌ مه‌يسه‌ر ده‌بێت كه‌ ڕۆڵى ديار و به‌رچاويان هه‌يه‌ له‌ ته‌رازووى په‌يكه‌ربه‌ندى سياسه‌تى ده‌وڵه‌تدا.


هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك كۆماريش به‌ گوێره‌ى ده‌ستور و له‌ ڕێگه‌ى ده‌سته‌يه‌كى نوێنه‌رايه‌تييه‌وه‌ مه‌يسه‌ر بوو كه‌ سه‌ر به‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانه‌ ، ئه‌و جۆره‌ شێوازه‌ش له‌ ده‌سه‌ڵات دانه‌پاڵ سه‌رۆك كۆمار ڕه‌خنه‌ى ئه‌وه‌ى لێ ده‌گيرێت كه‌ پێگه‌ى سه‌رۆك له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى په‌رله‌ماندا لاواز ده‌كات ، هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك كۆماريش به‌ ڕێباز و شێوازى ديكه‌ ، ناته‌با نييه‌ له‌گه‌ڵ لۆژيكى سيسته‌مێكى په‌رله‌مانى تێروته‌واو.


ده‌ستور له‌ مادده‌ى (70 / يه‌كه‌م ) به‌ ده‌ق ده‌ڵێت: "ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران له‌ نێوان پاڵێوراواندا و به‌ زۆرينه‌ى دوو له‌سه‌ر سێ ئه‌ندامانى سه‌رۆكێك بۆ كۆمار هه‌ڵده‌بژێرێت" ، ئه‌مه‌ش واتاى ئه‌وه‌يه‌ كه‌ له‌ قۆناغى‌ يه‌كه‌مدا زياتر له‌ يه‌ك پاڵێوراو له‌ لايه‌ن په‌رله‌مانه‌وه ‌بۆ ئه‌و پۆسته‌ ده‌پاڵێورێت ، براوه‌ش ئه‌و كه‌سه‌يه‌ كه‌ زۆرينه‌ى دوو له‌سه‌ر سێى ده‌نگى ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران به‌ده‌ست دێنێت ، ئه‌م ڕێژه‌ گه‌وره‌يه‌ش پيويستى به‌ ڕێككه‌وتننامه‌ى سياسى نێوان فراكسيۆنه‌كانى په‌رله‌مانه‌ بۆ دياريكردنى پاڵێوراوێك بۆ سه‌رۆكايه‌تى.


پۆستى سه‌رۆك كۆمار له‌ ده‌ستورى عێراقدا ته‌شريفاتى نييه‌ و ته‌واويش كۆك و ته‌بايه‌ له‌گه‌ڵ ڕۆڵه‌ ڕاست و دروسته‌كه‌ى سه‌رۆكى ده‌وڵه‌ت له‌ سيسته‌مى په‌رله‌مانيدا ، چونكه‌ زۆر ده‌سه‌ڵات هه‌ن كه‌ ده‌ستور پێى به‌خشييوه‌ و سه‌ربه‌رخۆيانه‌ش پياده‌يان ده‌كات ، پسپۆڕى واش هه‌ن كه‌ سه‌رۆك كومار سه‌ربه‌خۆييانه‌ پياده‌يان ده‌كات و هى ديكه‌ش هه‌ن كه‌ سه‌رۆك به‌ هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ حكومه‌ت و په‌رله‌مان پياده‌يان ده‌كات ، لێڕه‌شدا گرنگترين ئه‌و پسپۆڕييانه‌ ده‌خه‌ينه‌ڕوو كه‌ خاڵى به‌هێزى سه‌رۆكن و تواناى ئه‌وه‌شى پێ ده‌ده‌ن ڕاسته‌وخۆ كاريگه‌رى له‌سه‌ر سيسته‌مى سياسى دروست بكات ، به‌مه‌ش پانه‌وپان خۆى له‌به‌رده‌م ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ڕاى گشتيدا ده‌بينێته‌وه‌ له‌ ئيداره‌دانى ئه‌و ته‌نگژانه‌ى كه‌ ده‌كرێت يه‌خه‌ى ووڵات بگرن به‌م شێوه‌يه‌ى خواره‌وه‌:


ده‌ستنيشانكردنى سه‌رۆكى ئه‌نجزمه‌نى وه‌زيران : سه‌رۆك كۆمار به‌ هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران و به‌ گوێره‌ى ڕێساكانى سيسته‌مى په‌رله‌مانى ، ئه‌ركى ده‌ستنيشانكردنى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زيران ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ ، به‌وه‌ى سه‌رۆك كۆمار پاڵێوراوى گه‌وره‌ترين فراكسيۆنى په‌رله‌مانى ڕاده‌سپێرێت بۆ‌ پێكهێنانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زيران ، له‌ ڕواڵه‌تيشدا وا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئه‌و ڕێوشوێنه‌ ڕوخسارى بێت ، به‌ڵام له‌ ناوه‌رۆكدا به‌رجه‌سته‌ى زنجيره‌يه‌ك ڕێككه‌وتنى سياسى ده‌كات كه‌ فراكسيۆنه‌ سياسييه‌كان له‌ چوراچێوه‌ى دياريكردنى پاڵێوراوى گه‌وره‌ترين فراكسيۆنى په‌رله‌مانى بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت پياده‌ى ده‌كه‌ن. پڕۆسه‌ى پێكهێنانى حكومه‌تيش مه‌يسه‌ر نابێت ، تا ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر دياريكردنى كه‌سێك بۆ سه‌رۆكايه‌تى وه‌زيران نه‌كرێت ، ئه‌وه‌ى له‌ خولى چواره‌مى په‌رله‌مانيشدا ڕوويدا باشترين به‌ڵگه‌يه‌ له‌سه‌ر ئه‌گه‌رى په‌كخستنى ماوه‌ ده‌ستوورييه‌كان له‌ كاتى بوونى ناكۆكى له‌سه‌ر كه‌سێتى سه‌رۆكى كۆمار كه‌ زۆر به‌ توندى په‌يوه‌نديداره‌ به‌ زانينى ناسنامه‌ى سه‌رۆكى وه‌زيرانه‌وه‌ و ده‌بێت هه‌ردوو پۆسته‌كه‌ له‌ يه‌ك سه‌ودا و مامه‌ڵه‌ى سياسيدا ڕێككه‌وتنيان له‌سه‌ر بكريت.


متمانه‌ سه‌ندنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زيران: مادده‌ى (61/هه‌شته‌م/ ب) ى ده‌ستورى عێراقى به‌ ده‌ق ئاماژه‌ى به‌و پرسه‌ كردووه‌ ، پياده‌كردنى ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ش وا پێويست ده‌كات ئه‌وه‌ى به‌دوادا بێت كه‌ موڵه‌تى ده‌ستورى به‌خشراو به‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران تێپه‌رێنيت له‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ى متمانه‌ له‌ سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران كه‌ پێويستى به‌ پياده‌كردنى ڕيوشوێنێكى روخسارى هه‌يه‌ بۆ خستنه‌ڕوو و ورژاندنى به‌رپرسياريه‌تى سياسى سه‌رۆكى وه‌زيران و متمانه‌ لێوه‌رگرتنه‌وه‌ى له‌دواى لێپرسينه‌وه‌ى. ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ به‌ مه‌ترسيدارترين كارته‌كانى فشار داده‌نرێت كه‌ ده‌كرێت كاريگه‌ر‌ بيت بۆ سه‌ر ڕێڕه‌ووى كارى حكومه‌ت و له‌ ماوه‌ ده‌ستورييه‌كه‌شى ( ويلايه‌تى ده‌ستورى ) كه‌م ده‌كاته‌وه.


ڕه‌زامه‌ندبوون له‌سه‌ر پێشنيارى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران: ده‌ستور ڕه‌زامه‌ندى سه‌رۆكى كۆمارى كردۆته‌ مه‌رج له‌سه‌ر ئه‌و داواكارييه‌ پێشنيارئامێزه‌ى كه‌ له‌ لايه‌ن سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زيرانه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران پێشكه‌ش ده‌كرێت ، ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ش به‌ ڕه‌زامه‌ندى زۆرينه‌ى ڕه‌هاى ئه‌ندامه‌كانى هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌. ده‌ستوريش په‌يڕه‌وێكى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى خوودى بۆ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران داناوه‌ كه‌ زيان به‌ مافى سه‌رۆك كۆمار ناگه‌يه‌نێت له‌ وه‌ستاندنى پياده‌كردنى ڕێوشوێنه‌كانى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى په‌رله‌مان‌ له‌ دۆخى ڕه‌زامه‌ندنه‌بوونى سه‌رۆك له‌سه‌ر داواكارى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌كه‌ ، به‌و پێيه‌ى سه‌رۆك كۆمار خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتێكى خه‌مڵێنه‌رى ( سلطة نقديرية) خۆيه‌تى و واش باوه‌ كه‌ له‌ پياده‌كردنيدا‌ گۆرانكارييه‌كانى دۆخى‌ سياسى و پله‌ى نزيكى نێوان پێكهاته‌ سياسييه‌ هاوپه‌يمانه‌كان له‌ پێكهێنانى حكومه‌تدا له‌به‌رچاو ده‌گرێت.

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure