مه‌حمود سه‌نگاوی
9454 جار بینراوە 16/9/2018 06:58 PM

مەحمود سەنگاوی:بەرهەم ساڵح بە قسەی کردین و بەشداری هەڵبژاردنی نەکرد



سنور میدیا_تایبەت

لە شاری سلێمانی لە میانی ڕێوڕەسمێک بۆ پشتیوانی کاندیدانی یەکێتی مەحمود سەنگاوی وتی : ئیمە داوامان لە بەرهەم ساڵح کرد نەبێتە سەرۆکی لیست و بەشداری هەڵبژاردن نەکات بۆ ئەوەی لە دەنگەکانی قوباد کوڕی مام جەلال نەبات و قوباد و یەکێتی نەشکێن و بەرهەم ساڵحیش بە قسەی کردین .

 

مه‌حمود سه‌نگاوی وتی"ئێستا یەكێتی و سەركردایەتی یەكێتی لەهەر كاتێكی تر یەكگرتوترە و بەیەك تیم و یەك دەنگ كار دەكات، وتیشی هەوڵەكانی یەكێتی بۆ نزیكبونەوە لەگەڵ سەرجەم لایەنەكان بەردەوامە."

 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ یه‌كێتی له‌ماوه‌ی رابردودا ده‌ستپێشخه‌ر بوه‌ له‌پێناو كۆكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمداو بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش سه‌ردانی زۆرێكیانی كردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كده‌نگی و یه‌كڕیزی كورد له‌به‌غدا دروست بكه‌ن.

 

له‌باره‌ی ده‌نگۆی گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌رهه‌م ساڵح بۆ ناو یه‌كێتی، مه‌حمود سه‌نگاوی وتی"ده‌نگوباس زۆر ده‌بیستن كه‌ ئایا به‌رهه‌م ساڵح ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ناو یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان؟"

 

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌یدا، مه‌حمود سه‌نگاوی وتی"به‌ڵێ ئێمه‌ ده‌ستپێشخه‌ریمان كردوه‌...پێشتریش داوامان لێكرد نه‌بێته‌ سه‌رۆكی لیسته‌كه‌ی خۆی، له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌رهه‌م ساڵح پیاوێكی خۆشه‌ویسته‌و ره‌نگه‌ ده‌نگی ئێمه‌ بكوژێت و دژایه‌تیی كاك قوبادی بكردایه‌ كه‌ كوڕی رابه‌ری كۆچكردو مام جه‌لاله‌و ره‌نگه‌ دوژمنان و نه‌یاره‌كانی ئێمه‌ هه‌وڵبده‌ن یه‌كێتی ده‌نگی كه‌م بهێنێت بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كێتی بشكێت و قوباد تاڵه‌بانی بشكێت، به‌ڵام نابێت ئێمه‌ بهێڵێن یه‌كێتی و قوباد تاڵه‌بانی بشكێت."

 

وتیشی"به‌ڵێ كاك به‌رهه‌م به‌قسه‌ی كردین نه‌بوه‌ سه‌رۆكی لیسته‌كه‌ی خۆی بۆ په‌رله‌مانی كوردستان، دوایی ته‌كلیفمان لێكرد ره‌نگه‌ ئه‌گه‌ر تۆ لیستت هه‌بێت كاریگه‌ری له‌سه‌ر یه‌كێتی بكات، چونكه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی پێشو هاوپه‌یمانی 150 هه‌زار ده‌نگی به‌ده‌ستهێناوه‌، له‌وه‌شدا به‌ سوپاسه‌وه‌ به‌قسه‌ی كردین، سوپاسی ده‌كه‌ین."

 

مه‌حمود سه‌نگاوی ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌ كه‌ "ئێستا جارێكی تر خه‌ریكین داوای لێ بكه‌ین، داوا له‌ له‌لایه‌نگرانی خۆی بكات كه‌ ده‌نگه‌كانیان بۆ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بێت، ئومێد ده‌كه‌ین له‌وه‌شدا به‌قسه‌مان بكات."

 

ده‌شڵێت: "پێمانوایه‌ كاك به‌رهه‌م پیاوێكی خۆشه‌ویسته‌ و ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ جه‌نابی مام جه‌لال به‌ هه‌مومانی وت دوای من ده‌توانێت رابه‌رایه‌تی یه‌كێتی بكات، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ یه‌كێتی چوه‌ ده‌ره‌وه‌، ئێستاش ده‌مانه‌وێت به‌ هه‌مومان ئه‌و پیاوه‌ بهێنێنه‌وه‌ ریزه‌كانی یه‌كێتی، بۆئه‌وه‌ی ریزه‌كانی یه‌كێتی پێ ده‌وڵه‌مه‌ند بكه‌ین، ئومێد ده‌كه‌م له‌وه‌شدا به‌قسه‌مان بكات، ئومێد ده‌كه‌م سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیش به‌ یه‌كپارچه‌ و ده‌نگ داوا له‌ كاك به‌رهه‌م بكات بێته‌وه‌ ناو یه‌كێتی نیتشتمانی كوردستان."

 

 

 

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure