گۆڕان و يه‌كێتى
541 جار بینراوە 9/8/2018 01:18 PM

خراپى نێوان گۆڕان و يه‌كێتى چ كاريگه‌ريه‌كى له‌سه‌ر هه‌ڵبژارن بووه‌ ؟



سنور ميديا

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن دوابخرێت ئه‌وان ده‌رفه‌تی به‌ستنی كۆنگره‌یان ده‌بێت، ده‌شڵێت: "به‌داخه‌وه‌ په‌یوه‌ندی ئێمه‌ و گۆڕان باش نیه‌ ته‌نانه‌ت زۆر خراپه‌، له‌و ئاسته‌دا نیه‌ بتوانین ئه‌جێندای هاوبه‌ش دابنێین بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان".

 

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای راگه‌یاند: "ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین هه‌ڵبژاردن له‌كاتی خۆیدا بكرێت لیستیشمان ئاماده‌یه‌، به‌ڵام ده‌نگۆیه‌ك هه‌یه‌ كه‌ده‌ڵێن دۆخكه‌ له‌بار نیه‌ بۆ هه‌ڵبژاردن بادوابخرێت، له‌هه‌موو حاڵه‌ته‌كاندا ئێمه‌ دژی ناوه‌ستینه‌وه‌ ئه‌گه‌ر بڕیاردرا هه‌ڵبژاردن بكرێپ ئێمه‌ ده‌چین بۆ هه‌ڵبژاردن به‌ڵام ئه‌گه‌ هاته‌ سه‌ر ده‌نگدان بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردن ئه‌وا ئێمه‌ دژی ناوه‌ستینه‌وه‌".

 

ئه‌و ئەندامه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان وتیشی: "به‌فه‌رمی زۆربه‌ی حزبه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن هه‌ڵبژاردن له‌كاتی خۆیدا بكرێت، به‌ڵام به‌نافه‌رمی ده‌نگێكی زۆر هه‌یه‌ كه‌هه‌ڵبژاردن دوابكه‌وێت، ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی نین ده‌ڵێن له‌كاتێكدا ئێمه‌ سه‌رقاڵی خۆ ئاماده‌كردن و بانگه‌ش بین بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ره‌نگه‌ پڕۆسه‌ی ده‌سپێكردنی وتووێژی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عیراق ده‌ست پێبكات ئه‌وه‌ش زۆر قورسه‌ كه‌له‌هه‌مانكاتدا شاند بنێرن بۆ به‌غدا و خۆشیان بۆ هه‌ڵبژاردن ئاماده‌بكه‌ن به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا لایه‌نێكی سایكۆلۆژی له‌م بابه‌ته‌ هه‌یه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو حزبه‌كان ترسیان له‌وه‌ هه‌یه‌ له‌شه‌قامدا هه‌ڵه‌ وه‌ربگیرێت كاتێك حزبێك ده‌ڵێت با هه‌ڵبژاردن دوابكه‌وێت ره‌نگه‌ وا شیكردنه‌وه‌ی بۆ بكرێت له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن بترسن له‌به‌ر ئه‌وه‌ دوو دڵن له‌باسكردنی هه‌ردوو بۆچونه‌كه‌یان".

 

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد نه‌یشارده‌وه‌ كه‌ ئه‌و ترسه‌ی خۆی به‌ (لایه‌نی سایكۆلۆژی ناوی برد) هه‌یه‌ وتی: "هه‌موو حزبه‌كان نیگه‌رانن به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ نیگه‌رانن به‌ڵام ئاسته‌كه‌ی وه‌ك یه‌ك نیه‌، كۆبونه‌وه‌ له‌نێوان حزبه‌كاندا زۆر زۆره‌ به‌شێكی له‌سه‌ر ته‌لەفزیۆن پیشان ده‌درێت به‌شێكیش پیشان نادرێت من ئاگادار نیم به‌ڵام ره‌نگه‌ باسی ئه‌و بابه‌ته‌شیان (دواخستنی هەڵبژاردن) كردبێت".

 

ئه‌سه‌سه‌رد ره‌تیكرده‌وه‌ كه‌ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان پێكه‌وه‌ هه‌وڵی دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی هه‌رێم بده‌ن و وتی: "زۆرم پێ ناخۆشه‌ ئه‌و قسه‌یه‌ ده‌كه‌م ئێمه‌ په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ گۆڕان باش نیه‌ له‌و ئاسته‌دا نیه‌ كه‌ ئێمه‌ بتوانین پێكه‌وه‌ دابنیشین و به‌رنامه‌ی گونجاومان هه‌بێت له‌كاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی رابردووه‌وه‌ تا ئێستا په‌یوه‌ندییه‌كانمان زۆر خراپه‌".

 

راشیگەیاند: "ئێمه‌ له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌داین كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانمان چاك بكه‌ینه‌وه‌، ئه‌وانیش هه‌مان هه‌وڵ ده‌ده‌ن كه‌په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی چاك بكه‌ن له‌م قۆناغه‌دا ناتوانین كۆببینه‌وه‌ بۆ به‌رنامه‌یه‌كی هاوبه‌ش چونكه‌ بۆچونی ته‌واو جیاوازمان هه‌یه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیشمان ئاسایی نیه‌ ئێمه‌ كار بۆ ئاسایی كردنه‌وه‌ ده‌كه‌ین وه‌ گۆڕانیش هه‌مان هه‌وڵ ده‌دات بۆیه‌ ئه‌و قسه‌یه‌ راست نیه‌ چونكه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌و ئاسته‌دا نیه، تا به‌رنامه‌ی هاوبه‌شمان هه‌بێت بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان".

 

سه‌باره‌ت به‌بۆچونی زۆرینه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كتی له‌باره‌ی دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد وتی: "ئێمه‌ له‌كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی باسی ئه‌وه‌مان نه‌كردووه‌ باسی ئه‌وه‌مان كردووه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن كرا ئێمه‌ ده‌بێت كۆنگره‌ دوابخه‌ین به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن دوابخرێت ئێمه‌ ده‌رفه‌تی به‌ستنی كۆنگره‌مان ده‌بێت هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ وتم ئه‌گه‌ر داوای دواخستنی هه‌ڵبژاردن كرا ئێمه‌ دژی ناوه‌ستنیه‌وه‌ به‌ڵام به‌هیچ جۆرێك باس له‌وه‌نه‌كراوه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن كرا یا نه‌كرا هه‌ڵوێستمان چی بێت؟ ئه‌مه‌ نه‌هاتوەته‌ ئاراوه‌ هێشتا".

 

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد هه‌واڵی هاتنی بریت مه‌كگۆرگ بۆ كوردستان و كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان پشتڕاستكرده‌وه‌ و وتی: "هه‌واڵی هاتنی بریت مه‌كگۆرگ بۆ كوردستان و كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان دروسته‌ كۆبونه‌وه‌شی له‌گه‌ڵ حزبه‌كان هه‌ردروسته‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌وه‌ی له‌گه‌ڵ حزبه‌كان چی باسكردووه‌؟ ئایا باسی هه‌ڵبژاردنی كردووه‌؟ من ئاگاداری ئه‌وه‌نیم چونكه‌ من له‌كۆبونه‌وه‌كان نه‌بوم".

 

له‌باره‌ی ده‌نگۆی هه‌وڵه‌كانی ئێران بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان، فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد وتی: "ئێران ئه‌گه‌ر هه‌وڵی دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان بدات ده‌بێت له‌ رێگای ناردنی شاندێكی خۆی یاخود نوێنه‌رێكی فه‌رمی بێت كه‌ بینێرێت له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان دابنیشێت، به‌ڵام تا ئێستا هیچ شاند یا نوێنه‌رێكی ئێران نه‌هاتووه‌ به‌فه‌رمی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان كۆبێته‌وه‌ و داوای دواخستنی هه‌ڵژاردنه‌كان بكات، ره‌نگه‌ ئێران پێی خۆش بێت هه‌ڵبژاردنه‌كان دوابكه‌وێت، ئه‌گه‌ر وابێت ئه‌وا هه‌وڵ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان ده‌دات به‌ڵام دواجار بڕیار بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان لای ئێڕان نیه‌ لای لایه‌نه‌كانه‌".

 

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی هه‌ندێك پێیان وایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كوردستان هه‌مان دۆخی دوای ریفراندۆمی توش نه‌بێت پێویسته‌ هه‌ڵبژاردن دوابخرێت، فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد وتی: "له‌شه‌قامدا ده‌ڵێن ئێمه‌ جارێك ده‌ستمان سوتا كه‌به‌قسه‌ی ده‌وڵه‌تانی ترمان نه‌كرد له‌بابه‌تی ریفراندۆم دواماننه‌خست، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ڕاست بێت كه‌ ئێران و ئه‌مریكا و وڵاتانی تر له‌گه‌ڵ دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كانن ئه‌وا ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین هه‌ڵبژاردن دوابخرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر درۆ بێت و ئه‌وان داوایان نه‌كردبێت ئه‌وا پێویست ناكات ئێمه‌ ترسی ئه‌وه‌مان هه‌بێت به‌ده‌ردی ریفراندۆم ده‌چینه‌وه‌".

 

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure