عهبادى |
426 جار بینراوە |
14/7/2018 06:46 PM |
|
داوای دەستلەكاركێشانەوەی عەبادی دەكرێت
سنور ميديا
وتەبێژی هۆزە عەرەبەكان لە ناوچە جێناكۆكەكان داوای دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆك وەزیرانی عیراق دەكات و ڕایدەگەیەنێت، عەبادی شكستی هێناوە لە كارەكانی و دەبێت دەستبەرداری پۆستەكەی بێت.
مزاحم حویت، وتەبێژی هۆزە عەرەبەكانی ناوچە جێناكۆكەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بە (شەفەق نیوز)ی ڕاگەیاندووە، ئەوەی ئێستا لە پارێزگاكانی باشووری عیراق ڕوودەدات مافێكی ڕەوایە و دەبێت وەڵامی داخوازی خۆپیشاندەران بدرێتەوە.
ڕاشیگەیاندووە، عەبادی بەرپرسیارێكی كارە تێكدەرانەكان و سووتانی موڵكی دەوڵەتی دەكەوێتە ئەستۆ، كە لەلایەن بەشێكی خۆپیشاندەرانەوە ئەنجام دراوە بەهۆی وەڵام نەدانەوەی داواكارییەكانیان.
وتەبێژی هۆزە عەرەبەكان داوا لە حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عیراق دەكات، "دەست لە پۆستەكەی بكشێنێتەوە و دەڵێت: "عەبادی شكستی هێنا لە ئەركەكانی و كردەوەكانی بووە هۆی دروست بوونی شەڕی تائیفی و نەتەوەیی لەنێوان هاوڵاتیانی وڵاتدا بە تایبەت كاتێك هێرشی كردە سەر هەرێمی كوردستان و گەمارۆدانی هاوڵاتیانی باشوور".
ماوەی چەند ڕۆژێكە خۆپیشاندانی هاوڵاتیان لە شارەكانی باشوری عیراق بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەكانەوە توند بۆتەوە و دوێنێ هەینی بەندەری ئوم قەسر لە بەسرە كەوتە دەست خۆپیشاندەران و شەوی ڕابردوو خۆپیشاندەران چوونە ناو فڕۆكەخانەی نەجەف و ئەمڕۆ سەرەڕای سوتاندنی بارەگای 9 حزب، خۆپیشاندەران بەندەری (سەفوان)ی سنوری نێوان عیراق و كوەیت-یان كۆنتڕۆڵ كرد و بەهۆیەشەوە حەیدەر عەبادی هێزە ئەمنی و سەربازییەكانی خستۆتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.