د.یوسف محه‌مه‌د
774 جار بینراوە 11/7/2018 06:48 PM

يوسف محه‌مه‌د هه‌ڵوێستى له‌سه‌ر ئه‌م یاسایه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ په‌رله‌مان په‌سه‌ندكرا ڕاگه‌ياند



سنور ميديا 

سه‌رۆكی‌ ده‌ستله‌كاركێشاوه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان رایگه‌یاند كه‌ وه‌ك بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان سورن له‌سه‌ر پره‌نسیپه‌ جێگیره‌كانیان و له‌ خولی ئاینده‌ی په‌رله‌مانی كوردستان هه‌ر كار بۆ هێنانه‌كایه‌ی سیستمێكی حوكمڕانیی خه‌ڵك سالار ده‌كه‌ن، ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ ئه‌م یاسایه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ په‌رله‌مان په‌سه‌ندكرا هه‌نگاوێكی گرنگه‌ بۆ وه‌ستاندنی هه‌ڵه‌یه‌كی دیكه‌ی رابردوو.

 

د.یوسف محه‌مه‌د سادق سه‌رۆكی‌ ده‌ستله‌كاركێشاوه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌ نووسینێكدا به‌ناوی‌ "یاسای هه‌ڵپه‌ساردنی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم"، نووسیویه‌تی‌: "هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای تێپه‌ڕاندنی یاسای سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم، ئه‌م دامه‌زراوه‌یه‌، وه‌ك سه‌فقه‌یه‌ك به‌رامبه‌ر به‌ سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری عیراق دروستكرا، نه‌ك پێویستیی هه‌رێمی كوردستان و سیستمی حوكمڕانییه‌كه‌ی به‌ بوونی دامه‌زراوه‌یه‌كی له‌م شێوه‌یه‌. هه‌ر ئه‌و كاتیش "كاك نه‌وشیروان" زنجیره‌یه‌ك وتاری سه‌باره‌ت به‌م پرسه‌ نوسی و، ره‌خنه‌ی جدیی له‌ یاساكه‌ گرت.!".

 

د.یوسف محه‌مه‌د ده‌ڵێت: "هه‌میشه‌ جه‌ختمان كردۆته‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ سیستمی په‌رله‌مانین هاوشێوه‌ی به‌غدا. به‌و مانایه‌ی سه‌رۆك له‌ ناو په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌ڵبژێردرێت، نه‌ك له‌ناو خه‌ڵك، ده‌سه‌ڵاته‌كانی شكڵی بن و له‌ ژێر چاودێریی په‌رله‌مان بێت".

 

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ "هه‌ر بۆیه‌ش نه‌ له‌ رابردو و نه‌ له‌ ئێستاش له‌ پێناو به‌ستنی سه‌فقه‌ بۆ وه‌رگرتنی هه‌ر پۆستێك چ له‌ به‌غدا و چ له‌ هه‌رێم نه‌مانویستوه‌ و نامانه‌وێ كاركردن به‌م یاسایه‌ درێژه‌ بكێشێت. ئه‌و كاته‌شی دژی درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم بوین و داوای هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تیمان كرد، په‌یوه‌ندیی به‌ كێشه‌ی شه‌خسی و دژایه‌تیكردنی هیچ كه‌سه‌یاتییه‌كه‌وه‌ نه‌بوو، به‌ڵكو له‌ روانگه‌ی بڕوابوونمانه‌وه‌ بوو بۆ گۆڕینی سیستمی حوكمڕانیی هه‌رێم. هه‌ر بۆیه‌ش له‌ ئێستا و داهاتوشدا له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم نین، به‌ پێی ئه‌م یاسایه‌ی ئێستای سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر كاندید بۆ ئه‌و پۆسته‌ گۆڕانیش بێت".

 

سه‌رۆكی‌ ده‌ستله‌كاركێشاوه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ئه‌وه‌شی‌ خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ "ئێستا كه‌ هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم به‌ هۆی ته‌واونه‌بونی نیسابی یاساییه‌وه‌ ته‌واو نه‌كرا، باشتره‌ تا كاتی گۆڕینی سیستمی حوكمڕانیی هه‌رێم بۆ په‌رله‌مانیی ته‌واو له‌ ڕێی هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم یان په‌سه‌ندكردنی پڕۆژه‌ی ده‌ستورێكی نوێ له‌ په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌، كاركردن به‌و یاسایه‌ی كێشه‌ی بۆ هێنانه‌كایه‌ی سیستمێكی په‌رله‌مانیی ته‌واو له‌ كوردستان دروستكردووه‌ رابگیرێت".


روونیشیكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ هه‌ڵبه‌ت لێره‌دا خستنه‌ڕووی دو تێبینی به‌ گرنگ ده‌زانم:

 

1-هه‌ر كات بویسترێ پێش په‌سه‌ندكردنی ده‌ستوری هه‌رێم، هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم ئه‌نجام بدرێ، ئه‌وا هه‌ر به‌ پێی ئه‌م یاسایه‌ی ئێستای سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كرێت كه‌ مافی خۆ كاندیدكردنی ته‌نها به‌ دو خول دیاریكردوه‌. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌، به‌ڵكو له‌و پڕۆژه‌یه‌ی ساڵی 2013 وه‌ك لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆن بۆ هه‌مواری پڕۆژه‌ی ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستان، ئاماده‌مانكردوه‌، ماده‌ی 63ی پڕۆژه‌كه‌مان ئاوا داڕشتۆته‌وه‌: "ماوه‌ی ویلایه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان چوار ساڵه‌، كه‌ له‌ ڕۆژی سوێندخواردنیه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات و، ده‌كرێ ته‌نها بۆ ویلایه‌تی دوه‌میش هه‌ڵبژێردرێته‌وه‌ به‌ پێی ئه‌م ده‌ستوره‌ و یاسا كارپێكراوه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان"، واته‌ هه‌ر كه‌سێك ته‌نها دو جار مافی خۆ كاندید كردنی هه‌یه‌ به‌پێی یاسای سه‌رۆكایه‌تی بێت یان ده‌ستور".

 

كه‌واته‌ ئه‌و ئیددیعایه‌ ڕاست نیه‌ كه‌ له‌ خولی داهاتوی په‌رله‌مان، به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پێشوی هه‌رێم بۆی ده‌بێ جارێكی تر خۆی بۆ ئه‌و پۆسته‌ كاندید بكاته‌وه‌.

 

2-یاسای ئاماده‌كردنی پڕۆژه‌ی ده‌ستوری هه‌رێم بۆ ڕاپرسی، زامنی هێنانه‌كایه‌ی سازانی كردوه‌ له‌سه‌ر پڕۆژه‌ی ده‌ستوره‌كه‌، چونكه‌ له‌ ماده‌ی پێنجه‌می یاساكه‌دا، ئه‌وه‌ چه‌سپاوه‌ كه‌ په‌سه‌ندكردنی پڕۆژه‌ی ده‌ستور پێویستی به‌ دو سێیه‌كی ده‌نگی په‌رله‌مانتاران هه‌یه‌".

 

د.یوسف محه‌مه‌د جه‌ختی‌ له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ "ئێمه‌ سورین له‌سه‌ر پره‌نسیپه‌ جێگیره‌كانمان و له‌ خولی ئاینده‌ی په‌رله‌مانی كوردستانیش هه‌ر كار بۆ هێنانه‌كایه‌ی سیستمێكی حوكمڕانیی خه‌ڵك سالار ئه‌كه‌ین".

 

راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ "ئه‌م یاسایه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ په‌رله‌مان په‌سه‌ندكرا هه‌نگاوێكی گرنگه‌ بۆ وه‌ستاندنی هه‌ڵه‌یه‌كی دیكه‌ی ڕابردو و، ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر سیستمی په‌رله‌مانیی ته‌واو له‌ خولی داهاتوی په‌رله‌مان".

 

له‌ دانیشتنی ئه‌مڕۆ چوارشه‌مه‌ 11ی ته‌مموزی 2018، پەرلەمانی کوردستان یاسای هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی پەسەندکرد.

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure